سەردێر

‏لەسەر ھاوپەیمانی یەکێتی و گۆڕان

چێنەر شەرعی

‏یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ساڵانێکی زۆر بوو کۆنگرەی ئەنجام نەدابوو ھۆکارەکەشی نەخوێندنەوە و بەرژەوەندی تاك بوو، ئەو کۆنگرەیەی کە بووبوە دێوزمە بۆتان پێتان نەدەکرا، گەنجانی ھەڵکەوتوو توانیان وەچەرخانی گەورە بکەن و قۆناغێكی نوێ دەست پێ بکەن و بەرگێکی نوێ بکەنەوە بە بەری حزبی شەھیدان و تێکۆشەران ئەو حزبەی ھەڵقوڵاویی ناو کۆمەڵانی خەڵکی خۆڕاگری کوردستانە.

‏ھەموو ھاوپەیمانیەك بۆ بەرژەوەندی گشتی میللەتە و ئێمەش ھەڵبژاردنی عێراقمان لەبەردەمدایە کە ئەبێ بەڕاستی لەم عێراقە فیدرالەدا شەریکی ڕاستەقینە بین و خۆمان بچەسپێنین لە کۆی جومگەکانی دامەزراوەکانی حکومەت و ئەنجوومەنی نوێنەراندا، بۆ ئەوەی کورد یەك دەنگ و یەك ڕەنگ بەرەو عێراق ھەنگاو بنێت و جێگیر بێت.

‏ئەوە کێ بوو بەبێ پێوەر و لەسەر بنەمایی خزم خزمێنە کاندیدی دیاری ئەکرد؟ئەگەر گومان ھەیە ئێوە خاوەنین خۆ دەسەڵات لای خۆتان بووە ببڕە و بکوژ خۆتان بوون.

‏دروشمی حزب ئێوە نەتانھێشت نەك ھەر دروشمەکان بەڵکو ھەموو ڕابردوو و پیرۆزییە نیشتمانییەکانتان کردە قوربانی بەرژەوەندی و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتەکانتان خۆ گرتە ڤیدیۆیی و لێدوانەکانی ئێوە ھەر ماوە کە خۆت ئەڵێی ئەگەر بەڵێنەکانمان نەبردە سەر و کێشەکان چارەسەر نەبوو دەنگمان پێ مەدەن بەقسەشیان کردیت و ئەنجامەکەی دابەزینی ئاستی دەنگمان بوو،ئەوە ئێوەن لەسەر شاشەی کەناڵێکی ئاسمانی ڤیتۆی پارێزگاری ئێستای سلێمانی ئەکەن و دروشم و ئایدۆلۆژیایی یەکێتی ئەکەنە قوربانی ڕق و قینەکانتان کە دەڵێن یەکێتی خاوەن کورسیەکیش بێت دەسەڵات ڕادەست ناکەین ئەی کوا دیموکراسی کاکی پرۆلیتار؟!

‏ئەو کات بۆ قبووڵتان بوو کە دەسەڵات و بەرپرسیارێتی لای خۆتان بوو؟ گەر نەتان توانی بۆ بەردەوام بوون؟ بۆ وەك تێکۆشەرانی ڕابردوویی بە نموونەی ملازم عومەر دانەنیشتن و ببنە ڕەمز و کەسایەتی شۆڕشگێڕ و پڕ سەروەری بۆ میللەتەکەتان؟
‏کێ بوون ئەوانەی ھەموو کارتەکانیان لەسەر مێزەکانی کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دۆڕان و ئەشەوبیلایان بۆ ئەکرا؟

‏یەکێتی ئەمجارە بڕیاری یاوە دوایی کۆنگرەی چوارەم وەسێتەکەی خوالێخۆشبووان مام جەلال و نەوشیروان مستەفا بکاتە دەستپێك و خاڵی ھاوبەشی ئاشتەوایی نیشتمانی بۆ بەرژەوەندی میللەت لە سەری تا خواری بە جۆرێ نوێ بۆتەوە و نوێتریش ئەبێتەوە کە ھەموو میللەتی کورد شانازی پێوە بکات و ڕۆحی پاکی ھەمیشە زیندوویان شاد و ئارام بکات، کە ھەر ئێوە بوون لە ھەردوو لا بەرژەوەندی ببووە ئاستەنگی ئەو ھاوپەیمانی و ڕێکەوتن و دواتر یەکگرتنەوەیەش.
‏گۆڕان لە یەکێتی لەدایك بووە و ھاوپەیمانییەکەش تەندروست و خوێندنەوەی تاك و شەقامی بۆ کراوە و ھەر یەکێتیە دەستپێشخەر و داھێنەر و لەخۆبووردوو بووە لەپێناو مافی میللەتەکەی پێشەنگ بووە، بۆیە تاکە ھاوپەیمانی بووە کە ڕاگەیاندرا.
‏پارچە بوون و لێکترازان و یەکدی قبووڵ نەکردن ھەر لە مێژەوە تا ئێستا سوودی نەبووە و زیانی گەورەی گەیاندووە
‏ئیتر کاتی ئەوەیە کورد یەك دەنگ و یەك ھەڵوێست و یەك گوتار پێکەوە دەست لەناو دەست بە یەك تیم کار بکەن و خەبات بکەن وەك چۆن ئێستایی یەکێتی بە یەك تیم لەناو حزب کار دەکەن و ملکەچ ناکەن بۆ ھیچ ھێز و لایەنێك.
‏ئەمجارە سەرکەوتنی گەورە بەڕێوەیە یەکێتی ناکەینەوە بە یەکێتی جاران ئەوەی ئێوە تووشی نشووستیتان کرد بەڵکو یەکێتی ئەکەین بە حزبی یەکەم و پێشەنگ ھەروەك مام جەلال ئەیویست، ئەمجارە جیاواز لە ھەموو جارێك وەك حزبەکانی پێشکەوتوویی جیھان ھاوسەرۆکە گەنجە بەتواناکەی یەکێتی سەرۆکایەتی لیستەکە ئەکات و گۆڕانکاری لەھاوکێشەی سیاسی ئەکات کە ئێوە پێتان نەکراو نەتانوویست بیکەن!!