سەردێر

دۆڕان لە لوتکەدا

عەبدول محەمەد

* لوتکەی بەزین و دۆڕان ئەوەیە باسی ناحەقی و خیانەتم بۆ بکەیت و شەو ڕۆژ پەیمان تازە بکەیتەوە و وا دەرسم دابدەیت کە پێویستە ئەوەی لە نێوانماندایە لەبەرچاوی بگرم، بەڵام لە ناکاو تۆ هەموو شتێک لە دەست بدەیت.
* لوتکەی دۆڕان و بەزین ئەوەیە تۆ بەردەوام وانەی وەفاداریم پێ بڵێی، بەڵام خراپترین وانەی غەدرم پیشان بدەیت.
* لوتکەی دۆڕان ئەوەیە بەردەوام باسی غەدری خۆشەویستانم بۆ بکەیت، بەڵام تۆ یەکەم کەس بیت بچنە ناو تۆماری ئەو کەسانەی غەدریان لێکردووم.
* لوتکەی شکست و دۆڕان ئەوەیە، من هەمیشە زوڵم و زۆرداری نزیکەکانم لای تۆ باس بکەم، بەڵام لە ناکاو تۆ ببیتە سەروەریی زۆردارەکان، باشە ئیتر زوڵم و زۆرداری تۆ لای کێ باس بکەم؟
* لوتکەی دۆران ئەوەیە شەو بە دەم ئازاری پشتمەوە بەخەبەر بێم، بەڵام دەرکەوێت تۆ لە دواوە پێکاوتم و بریندارت کردووم.
* لوتکەی دۆران ئەوەی لە ناو چاوەکانتدا مرۆڤی زیندوو بمرێت، یان هەر بۆت بنووسم و بنووسم و وشەکانت بۆ بڕازێنمەوە، بەڵام لە کۆتاییدا وێنەکە کەسێکی دیکە بێت.
* ئەوەندەی سیاسی و کاسپکاری کورد، هاوڵاتی و هەوادار و شوێنکەوتوان و ئەندامان و مشتەری و کڕیاری خۆی تووشی شۆک دەکات، باوەر ناکەم لە هیچ نەتەوەیەکی دیکەدا بوونی هەبێت.
* بەشێک لە کەسایەتیە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد، دەمێ ساڵە بەوە ناسراوە کە حساب بۆ هەڵوێست و لێدوانەکانی دەکرێت، بەڵام لە ناکاو بێباکانە بە ٣٦٠ پلەی گۆشە میلی پەیوەندەکانی دەگۆڕێت و بەلاشییەوە ئاساییە و دەنگدەر و ئەندامەکانی بەشێوەیەک تووشی شۆک دەکات باوەڕ ناکەن.
* سیاسی و هاوڵاتی لە دنیادا بە گشتی بەرنامە و خزمەت و دەستکەوت بۆ خەڵک، وای لێ دەکات تێڕوانن و جیهانبینی بگۆڕێت و روو بکاتە شتێکی تر، بەڵام لە کوردستان شتەکە تەواو پێچەوانەیە، ئەوەندەی بەرژەوەندی شەخسییە هیچ پاڵنەرێکی تری لە پشتەوە نییە.
* چەندین ساڵە بەوە ناسراوە کە باشترین شەربەتی مێژوو یان باڵە مریشک یان خواردنێکی تایبەت پێشکەش بە موشتەرییەکانی دەکات و ناوبانگێکی گەورەی بۆخۆی پەیدا کردووە، بەڵام لە لوتکەدا لەبەر چاوچنۆکی و قازانجی زیاتر، خۆی تووشی پرۆتکین داڕزان دەکات.
* لە هیچ شوێنێکی دنیا جگە لە کوردستان، فرۆشیار هەزار و یەک سوێند و قورئان ناخوات، بۆ ئەوەی تۆ هەڵخەڵەتێنێت کە کاڵاکەی باشترینە و دەست دەخەیتە سەر هەر شتێک، ئەڵێت بۆخۆی بردووەتەوە یان کەسوکارەکەی هەموویان لەمەیان بردووە، شازە، بێ عەیبە.
* لە کوردستان نەبێت لە هیچ شوێنێکی دنیا هاوڵاتی ڕێگە نادات هەر وا بە ئاسانی بەسەریدا تیپەڕێت و وەزیر و پەرلەمانتار بۆ دوو خول خۆڵ بکاتە چاوی و هەڵیخەڵەتێنێت کە دەنگی پێ بدنەوە، هەزار و یەک شتیان بۆ دەستەبەر دەکات.
* بۆیە هیچ شتێک لەم دنیایەدا بە دڵنیایی نامێنێت، تەنانەت خودی دڵەکانیش، چونکە ڕۆژێک دێت لە لێدان دەکەون.