سەردێر

پاشەکشێ لە ڕاگەیاندنی کوردیدا

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

میللەتێک 123 ساڵ پێش ئێستا (22ی نیسانی 1898) ئەوەندە تامەزرۆی کاری میدیایی و ڕۆژنامەگەری بێت، نۆبەرەی میدیاکەی کە ڕۆژنامەیەکە لەغەریبیدا لەدایک بووبێت، دەبوو ئێستا خاوەن پلەیەکی باڵا بوایە لەکاری ڕاگەیاندن و ڕەنگدانەوەی ئەم مێژووە دوورو درێژە بەسەر کاری هەموو جۆرەکانی میدیای کوردییەوە دیاربوایە و میدیاکانمان نمونەی بەرزی میدیا بوونایە لەناوچەکەدا.

مەخابن میدیاکانی ئەمڕۆمان گەلێک لەمەبەستە گشتییەکەی کوردو نیشتمانەکەیەوە دوورن، ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەکەی یەکەم میدیای کوردی لەپێش 123 ساڵ، گەورەترە لەئامانجی هەموو میدیاکانی ئێستای کورد لەباشووری کوردستان، ئامانجی ڕۆژنامەگەری کوردی لە123 ساڵی ڕابردوودا بەتەواوی 123 پلە پاشەکشێیە لەئامانجی میدیاکانمان لەئێستادا، ئاسۆی کاری میدیاکانی باشووریش پێماندەڵێت کە بەردەوام میدیای کوردی لەباشووری کوردستان بەرەو خراپی کار و دوورکەوتنەوە لەئامانج و ناپرۆفیشناڵی و زۆروبۆری و قەیرانی زانیاری دەڕوات.

لەدوای 123 ساڵ لەدەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، ئەو جەنگەی ڕۆژنامەی “کوردستان” لەگەڵ میدیا و نەیارەکانی کورد دەیکرد و شانی خستبووەبەری، ئەمڕۆ میدیاکانی باشوور نایکەن و بەپێچەوانەوە لەنێوان خۆیاندا کەوتوونەتە ململانێیەکی ناتەندروستەوە.

بەواتایەکی دیکە ئەگەر سەرەتا ڕۆژنامەگەری کوردی ئاراستەی ئامانج و پەیام و مەرامەکانی ڕوو لەدەرەوە بووبێت ئەوا ئێستا کۆی گشتی میدیای کوردی لەباشوور ڕووی کارو ئامانج و ململانێکانی ڕوو لەناوخۆی کوردستانە و هیچ شتێکی نیە بینێرێتە دەرەوەی کوردستان.

یەکێک لەو کارەساتانەی دوای زیاتر لەسەدەیەک مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی یەخەی میدیای کوردی بەگشتی و میدیای بینراوی بەتایبەت گرتووە ئەوەیە کە، میدیا بینراوە کوردییەکان بینەری ناکوردیان لەدەرەوەی کوردستان بۆ خۆیان پەیدا نەکردووە، وەک چۆن میدیای عەرەبی و فارسی و تورکی و ئینگلیزی توانیویانە بینەری بیانی بۆ خۆیان پەیدا بکەن و بەردەوام بەرهەمەکانیان وەردەگێڕدرێت، ئەمەش نەک خراپە بەڵکو پاشەکشێیە لە تەواوی ڕاگەیاندنی کوردیدا و بۆشاییەکی گەورەیە و بەمجۆرە ئیشکردنەی ئەمڕۆی میدیای کوردی پڕ ناکرێتەوە. بچوککردنەوەی پەیامی میدیای کوردی لەئاستی دەرەوە بۆ ئاستی ناوخۆ، خاڵێکی نەرێنی بووە کە زۆرێکی ئەو ڕووداو و کارەساتانەی بەسەر کورددا هاتوون نەگەن بە ئاستی نێودەوڵەتی و دەرەوە و وەک شتێکی لۆکاڵی ببینرێن، ئەمەش بەتەواوی پێچەوانەی دەسپێکی کاری ڕۆژنامەگەری کوردی و هەوڵەکانی میقداد مەدحەت بەدرخانە لەخستنەڕێی ئەم کاروانەی ڕاگەیاندنی کوردیدا.

ئەگەر هەوڵەکەی میقداد مەدحەت بەدرخان بەیەکەم شۆڕشی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندنی کوردی ناوببەین، ئەوا ئەم شۆڕشە دەسپێکی باشتربوو بەبەراورد بەئەمڕۆی، ئەمڕۆ ئەم شۆڕشە لەسەر دەستی کارکەرانی ناو ڕەوتەکە بۆ دواوە پاشەکشێ دەکات، بەلۆژیکی سیاسی و سەربازیش هەرکاتێک شۆڕش و ڕاپەڕینەکان نەیانتوانی لەخاڵی دەسپێک دووربکەونەوە، ئەوا مانای شکست و پاشەکشێیە لەو بوارەدا.