سەردێر

یادیی ڕۆژنامەگەری کوردی و چەند سەرنجێک

سەردەشت محەمەد

١٢٣ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر دەرچونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بەناوی ڕۆژنامەی ” کوردستان” لەقاهیرە، کەلەلایەن “میقداد مەدحەت بەدرخان”ەوە بەزاراوەی کرمانجی ژورو دەرچوو، ئاشکرایە مەبەست لەدەرچونی ئەو ڕۆژنامەیەش گرنگیدان بوو، بەخوێندن و فێربونی زمانی کوردی و کێشەی نەتەوەی کورد لە دونیادا ، ئێستاو پاش تێپەڕبونی ١٢٣ ساڵ بەسەر دەرچونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیدا و دوایی دەرچونی سەدان ڕۆژنامەو گۆڤار و دامەزراندنی دەیان میدیای بینراو بیستراو لەباشووری کوردستان، کەچی ڕەخنەو گلەیی بینەران و بیسەران و خوێنەرانی کورد گەیشتۆتە ئاستێک کە داوایی داخستن و نەمانی بەشێک لەم دەزگایانە بکرێت و زۆرێک هۆکاری تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵگاو پچڕاندنی پەیوەندیەکۆمەڵایەتیەکان و تەنانەت زۆر بوونی گرفتە کۆمەڵایەتیەکانیش بۆ نابەرپرسیارێتی بەشێک لەم دەزگایانە دەگەڕێننەوە.

بەشێک لە نوسەران و ڕۆژنامەنوسانیش ڕەخنەی توند ئاراستەی زۆرێک لە میدیاکان لەباشووری کوردستان دەکەن و پێیان وایە نەک نەیان توانیەوە بواری ڕاگەیاندن لەکوردستاندا هەنگاوێک بەرەو پێش بەرن، بەڵکو بە هۆکاری ئەو پاشەکشێیانەیان دەزانن کە ساڵانێکە میدییا بەخۆیەوە بینوێتی.

لەتازەترین ناڕەزایەتیدا کەلەنێو شەقامی کوردیدا سەری هەڵداوە ناڕەزایەتی خەڵکە بەرامبەر گواستنەوەی هەواڵی کوشتن و خۆکوشتنی هاووڵاتیان و بەتایبەت لەم چەندڕۆژەدا کەدەتوانین بڵێین خوێناویترین ڕۆژبوو لەماوەی ئەم ساڵدا لەکوردستان، کە هاووڵاتیان پێیان وابوو میدیا لەباشوور زۆر نابەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ گواستنەوەی ئەوڕداوانەدا کردوە و هەندێکیش دەزگاکانی ڕاگەیاندنیان بەوە تۆمەتباردەکرد کە لەڕێگەی گواستنەوەی ئەو ڕوداوانەوە کارئاسانی بۆ هاووڵاتیان دەکەن کەچۆن خۆیان بکوژن یاخود هەوڵی کوشتنی کەسانی دیکە بدەن، ئەمەجگە لەوڕەخنانەی کە لەماوەی ڕابردودا ئاراستەی بەشێک لەدەزگاکانی ڕاگەیاندن کراو بەرزبونەوەی ئاستی ناڕەزایەتیەکان گەیشت بەو ڕادەیەیی کە وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێم بڕیاری ڕاگرتنی چەند بەرنامەیەک لەبەشێک لە کەناڵەکانەوە بدات.

نیگەرانییەکانی بەشێک لە نوسەران و ڕۆژنامەنوسان و هاووڵاتیان تەنها لەچوارچێوەی کێشەکۆمەڵاتیەکاندا نییە، بەڵکو وای بۆدەچن کە بەشێک لەم میدیایانە لەکوردستان هێندە بەئاراستەی خزمەتکردنی ئەجیندای داگیرکاری وڵاتانی دوژمن بەگەلی کورد کاردەکەن نیوهێندە بۆ خزمەتکردنی گەلی کورد و مافەڕەواکانی کورد لە چوارپارچەی کوردستان کاریان نەکردووە و نایکەن، بەڵکو ئەوان پێیان وایە دامەزراندنی بەشێک لەم دەزگا ڕاگەیاندنانە بەهاندانی ئەو وڵاتانە دامەزراون و ئەوان لەپشت دامەزراندیانەوەن، ئەمە جگە لەدامەزراندنی ئەو هەموو دەزگایانەی کەهەریەکەو بەئاشکرا سەر بەحیزب و لایەنێکن یاخود بەمیدیای سێبەر ناویاندەبرێت و ناڕاستەوخۆ خزمەت بە ئەجندایی هێزێکی سیاسیی دەکەن و بەشێکی زۆریان بوون بەبەشێک لە قوڵبوونەوەی ناکۆکییە نێوخۆیەکانی نێو ماڵی کورد و حیزب چۆنی بوێت بەو جۆرەئاراستەیان دەکات.

ئەم جۆرە لەڕەخنەو نیگەرانیەکانی خەڵک دەمانگەیەنن بەو بڕوایەیی کە بەداخەوە دوایی تێپەڕبوونی زیاتر لە سەدساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی و ئەو ئامانجەی کە لەپێناویدا دامەزرا لەبری ئەوەی میدیا بتوانێت کێشەکانی کۆمەڵگای کوردی تاڕادەیەکی باش بەدونیای دەرەوە بناسێنێت و ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنیاندا، کەچی بەپێجەوانە میدییا خۆی بووە بەبەشێک لەزیادبوونی ئەو گرفتانە و کێشەی میدیاش هاوشێوەی کێشەکانی دیکە پێویستی بەوەیە ڕێگاچارەیەکی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە.