سەردێر

كێبركێی پرچه‌ك كردنی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به‌ره‌و كوێ؟

عەبدولقادر ھەرکی

وه‌ك روون و ئاشك‌رایه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوو دوای هاتنه‌ سه‌ركاری ترامپ گۆرانكاری و پێشهاته‌ سه‌ربازیه‌كان له‌ جیهان و به‌تایبه‌ت له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست زیاد له‌ ئاستی كلاسیك رووی له‌ زیاد بوون كرد .

له‌ ناو هه‌موو ئه‌م پێشهاتانه‌ كێبركێی پرچه‌ك كردنی وڵاتانی ده‌وری كه‌نداو و ئیسرائیلن، كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی شیكاری هه‌ندێك شرۆڤه‌كار، كه‌ چاوه‌روانیان ده‌كرد له‌دوای هه‌نگاوی یه‌كه‌می رێكه‌وتنی سه‌ده‌ و ئاشتی ئیسرائیل و هه‌ندێك وڵاتانی عه‌ره‌بی و هاتنی بایدن رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به‌ره‌و ئارامیه‌كی رێژه‌یی بروات، كه‌چی قه‌باره‌ی كرینی چه‌كه‌ پێشكه‌وتووه‌كان له‌ وڵاتانی كه‌نداو و ئیسرائیل مژده‌ی له‌ ئاسۆیه‌كی گووماناوی ئه‌دات .

گریبه‌ستی زیاتر له‌ 38 ملیار دۆلار چه‌كی پێشكه‌تووی ئه‌مریكی كه‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌م شوێنی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل له‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌می هێزه‌ ئاسمانیه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست توندتر ده‌كات، پاشان گرێبه‌سته‌ سه‌دان ملیار دۆلاریه‌كه‌ی سعودیه‌ و ئێستاش گرێبه‌ستی ئیمارات .

ئه‌كرێ بلێین :

_ هێنانی كه‌شتی فرۆكه‌ هه‌ڵگر و فرۆكه‌ی ستراتیژی B52

_ گر گرتنی جه‌نگه‌ بریكاریه‌كان له‌ عراق و سووریا و یه‌مه‌ن

_ سست نه‌بوونی بایدن له‌ دانووساندنه‌كانی 5+1 له‌ گه‌ڵ ئێران و هه‌ڵنه‌گرتنی ئابلوقه‌كانی سه‌ر ئێران

_ زیاد كردنی رێژه‌ی پیتاندنی یورانیۆم له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه بۆ سه‌روو 60%

_ پێشهاته‌ سیاسیه‌كانی نێوخۆی ئێران و هه‌وڵدان بۆ هاتنه‌ سه‌ركاری توندره‌وه‌كان و سه‌ركرده‌كانی سوپای پاسداران له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ‌

_ مه‌ترسی هاتنی چین بۆ ناوچه‌كه‌ له‌ رێی رێكه‌وتنه‌ 25 ساڵیه‌كه‌ی له‌ گه‌ل ئێران

_ گرژی ئه‌م دواییه‌ی نێوان رووسیا و ئه‌مریكا چ له‌ ئۆكرانیا و چ له‌ سووریا ئه‌مانه‌ و هی تریش پاڵیان به‌ وڵاتان به‌ تایبه‌تی وڵاتانی كه‌نداو ناوە تا  روو بكه‌نه‌ گرێبه‌ستی زه‌به‌لاحی كرینی چه‌ك .

قه‌باره‌ی كرینی چه‌ك له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست له‌‌ ماوه‌ی نیوه‌ی ده‌یه‌ی رابردوو تا ئه‌م ساته‌ 61% زیادیكردووه‌ كه‌ زیاتر له‌ نیوه‌ی ئه‌م رێژه‌یه‌ بۆ سعودیه‌ و به‌شه‌كه‌ی تری بۆ ئیمارات بووه‌ .

ئه‌مه‌ له‌ دۆخێك دا‌ كه‌ ئێران به‌ نۆره‌ی خۆی له‌ په‌ره‌پێدانی سه‌ربازی له‌ رووی مووشه‌كی و هێزی ده‌ریایی و له‌م لاشه‌وه‌ ته‌كنۆلۆژیای درۆن ( فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وان ) دریغی نه‌كردووه‌ .

كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م قه‌باره‌ چه‌كه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی گه‌رمی فره‌ ره‌هه‌ندی سیاسی ئه‌گه‌رچی دروشمی هه‌ریه‌ك له‌ كریاره‌كان بۆ پارێزگاری بێت، به‌ڵام ئاماژه‌ به‌ جه‌نگێك ده‌دات كه‌ ئاگره‌كه‌ی ئه‌شێ به‌رۆكی هه‌موو ناوچه‌كه‌ بگرێته‌وه‌ .