سەردێر

 هەر بەجددی لەخەمی ژن کوشتن وکێشەی خەڵکن ؟

*محەمەد گۆمەشینی


٭ کاتێک ژیانی خەڵکتان کردە قوربانی ململانێ سیاسیەکان و بەرژەوەندی کورسی وپۆست وپارە ئەرێ بەڕاست لەخەمی خەڵک بوون ؟
٭ کاتێک دەرگاتان کردەوە بەلێشاو خەڵکتان هێنا ناو هەرێم بەناوی هونەرمەندو دیکۆرسازو شاجوان ومۆدیلیست ونیوەی کچ وگەنجیان بەلاڕێدا بردو خەڵکیان کردە فیلیم ئەرێ بەڕاست لەخەمی خەڵک بوون ؟
٭ کاتێک دەیان کەناڵتان کردەوەو ڕێگەتان دا هەرچی بەرنامەی بێ ڕەوشتی و دوورلەبەهاکان بڵاو بکرێتەوە و خەڵک ڕووت بکەنەوە ئەرێ بەڕاست لەخەمی خەڵک بوون ؟
٭ کاتێک شکۆی مرۆڤتان شکاندو خەڵکتان وەک دراما تورکیەکان فێرکرد باوک کوڕی بکوژی و کچ حەبی بخواو هەردووکیان خیانەت بکەن و خێزانتان لێک هەڵوەشاندەوەو خەڵکتان بێ نازکرد ئەرێ بەڕاست لەخەمی خەڵک بوون ؟
٭ کاتێک خەڵکتان برسی کردو موچەتان کردە نیوەو بە شەست ڕۆژ دابەشتانکرد و باوکتان خەجاڵەتی بەردەمی ژن و منداڵەکانی کرد و خەڵکتان ڕیسواکرد ئەرێ بەڕاست لەخەمی خەڵک بوون ؟
٭ کاتێک سڵتان نەکردەوە لە خاک فرۆشتن و وویژدان کڕین و دابەش کردنی دەرمانی ئێکسپایەرو ژەهرو قاجاغچێتی ودرۆو چەلەحانێ وشەڕی پۆست و شەریک بوون لە هەموو پڕۆژەکان ئەرێ بەڕاست لەخەمی خەڵک بوون ؟
٭ کاتێک زۆربێ شەرمانە کامیراکانتان دەکردەوەو خۆتان ڕووت دەکردەوەو پەلاماری ناموسی کچان وژنانتان دەداو خۆتان سوک دەکرد ناوتان لەخۆتان نابو بەرپرس وباوکی میللەت ئەرێ بەڕاست لەخەمی ژن و خەڵک بوون ؟
٭ کاتێک لەگزوو ڕەنج ڕۆڤەڕو خانوو دیاری گرانبەهاتان بۆ کچە مۆدیلیستەکان بەدیاری دەبەخشی و خەڵکی برسیش خۆی دەکوشت و هاواری دەکرد ئەرێ بەڕاست لەخەمی خەڵک بون ؟
٭ کاتێک دامەزراندن و ئەرز دابەشکردن و سەرەی ڤاکسین و پڕۆژەی وەبەرهێنان و هەموو شتەکانتان کردە واستەو کەرتی تایبەت و خۆمە خۆمەو ڤی ئای پی ئەرێ بەڕاست لەخەمی خەڵک بوون ؟
٭ کاتێک هیچ سنورێکتان نەهێشت بۆ پیرۆزیەکان ومێژووی پڕ جوانی و شکۆو بەها ئایینی و کەلتوریەکان و مرۆڤ دۆستی وهەموو شتتان ناشیرنکرد ئەرێ بەڕاست ئەوکاتیش لەخەمی خەڵک بوون ؟
٭ کاتێک ئافرەتێک سەردانی دەکردن بۆ کارێک و بۆ دامەزراندن و یان هەر بۆ پرسیارێک و یەکسەر داوای دەرچون و مەزرەعەو داوەت و مانەوەتان لێ دەکردن و دەتانکردە مەرج بۆ کارەکەی ئەرێ بەڕاست ئەوکاتیش لەخەمی ژن کوشنتن و خەڵک بوون ؟
٭ کاتێک لێشاوێک خەڵکی نەفس نزم و نەخوێندەوارو بێ معریفەتان دروست کردو دەناردە سەرکەناڵەکان و بێ باکانە قسەی لەسەر هەموو جوانیەکانی کۆمەڵگا دەکردو تۆی دووبەرەکی وفەسادی بڵاو دەکردەوە ببوە زوڕنا ژەن ئەرێ بەڕاست ئەوکاتیش لەخەمی خەڵک بوون؟
٭ کاتێک بەلێشاو خەڵکتان دروست کردو بەکرێ گرت لەپشت پەیج وماڵپەڕە ساختەکان و وتاری سوک وبێ مستەوایان دەنوسی و ژەهریان دەڕێشت لەناو کۆمەڵگا و دژی ژیان و جوانی بوون ئەرێ بەڕاست لەخەمی خەڵک بوون ؟
٭ کاتێک هەموومانتان کڕی و فرۆشت و کوشت و ژیانتان تاڵ کردین و پیرتان کردین و هەموومانتان نەخۆش کردو خۆتان بەگەنجی و زەنگینی و ژیانی شاهانە مانەوەو دەژین ئەرێ بەڕاست لەخەمی خەڵک بوون؟
ئەوجا ئێستا پێمان بڵێن هەر بەجددی لەخەمی خەڵکن و لەخەمی ژن کوشتن و خۆکوشتنی گەنج و هەر بەجددی لەخەمی برسی بونی خەڵک و گیرفان بەتاڵی باوک و بێ کاری گەنجان و هەڵوەشانەوەی خێزان و نیگەرانی زۆربونی کێشەو شەڕو تاوانەکانن ؟

*توێژەرو ڕاوێژکاری خێزانی