سەردێر

لێره‌ درۆن ، له‌وێ درۆن ، له‌ هه‌موو شوێنێك درۆن

عەبدولقادر هه‌ركی

له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی شایه‌تی زۆر چالاكی مه‌یدانین كه‌ به‌ درۆن ( فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وان ) ئه‌نجام ده‌درێت و تا راده‌یه‌كی زۆر ئامانجی ستراتیژی باشیشی پێكاوه، مێژووی ‌درۆن بۆ نزیكه‌ی سه‌د سال ده‌گه‌رێته‌وه.

به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان له‌ جه‌نگی ‌درۆن ئۆكتۆبه‌ر به‌كار هاتووه‌، بەڵام یه‌كه‌مین و گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنی درۆنه‌كان له‌ جه‌نگی ده‌شتی بیقاعی سووریا بوو كه‌ به‌ كه‌متر له‌ دوو كاتژمێر زیاتر لە 90 فرۆكه‌ی شه‌ركه‌ری سووری و دوو له‌ سه‌ر سێی بنكه‌ به‌رگری ئاسمانیه‌كانی سووریای تێكشكاند .

له‌ ماوه‌ی ده‌یه‌ی رابردوو بزاڤی درۆنه‌كان و به‌كارهێنانیان له‌ هێرشه‌ ئاسمانیه‌كان زیادیكردووه‌، سه‌ره‌تای به‌كارهێنانی جۆرە لۆكالیه‌كه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ هێرشه‌كانی داعش كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تاییانه‌ و به‌ربڵاو درۆنیان به‌كار هێنا .

له‌م رووه‌وه‌ وڵاتان له‌ نێوانیشیاندا توركیا و له‌ لایه‌ن ‌ داهێنه‌ر‌ی تورك (سه‌لجوق بایراقدار) به‌ پشتیوانی داراییه‌كی زۆر‌ په‌ره‌یه‌كی زۆریان به‌ پیشه‌سازی درۆن دا و ده‌سكه‌وتی ستراتیژی گرنگیشیان به‌ ده‌ست هێنا .

له‌ ماوه‌ی رابردوو و له‌ جه‌نگی نێوان ئازه‌ربایجان و ئه‌رمینیا هێزی ئاسمانی توركیا به‌ به‌كارهێنانی درۆن رۆڵی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌یان له‌ قه‌ره‌باخ بینی و هه‌روه‌ها درۆن خاڵی به‌هێزی تورك بوو له‌ رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی نێوان سوپای توركیا و هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل له‌ سه‌رتاسه‌ری سنووری شه‌ر له‌ شه‌رگه‌كان  .

له‌ یه‌مه‌ن حووسیه‌كان ئه‌وپه‌ری ده‌ستكه‌وته‌كانیان به‌ به‌كار هێنانی درۆن له‌ هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر پێگه‌ی سوپای یه‌مه‌ن و بنكه‌ سه‌ربازیه‌ سعوودییەکان و شارو شارۆچكه‌ و سه‌نته‌ر و بنكه‌ ئابووری و ستراتیژیەکان به‌ده‌ست هێناوه‌ .

له‌ عێراقیش گروپه‌ چه‌كداره‌كان كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی چه‌تری ده‌سه‌ڵاتی چه‌كداری حكوومه‌ت چالاكن ده‌ستیان كردووه‌ به‌ به‌ كارهێنانی درۆن بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر ئامانجه‌كانیان .