سەردێر

پێم خۆش بوو سەركردەكانی ئێمەش …..!!

عەبدولواحێد محەمەد

دوای ئەوەی مۆریتانیا سەربەخۆیی وەرگرێت، سەرۆكی وڵاتی زائیر سەردانیان دەكات ، لەلایەن (موختار ولدادە) سەرۆكی كۆمارەوە پێشوازی لێدەكرێت، لەو كاتەدا سەرۆكی میوان تێبینی ئەوە دەكات سەرۆك بە جل و بەرگێكی ئاسایی و بە شێوازێكی هەژارانە و سەرەتایی مەراسیمەكەی بۆ رێكدەخات، میوانەكە هەست دەكات ئەوە لەبەر نەزانین و كەمبایەخیەوە نیە بەلكو لەبەر هەژاری و نەداری وڵاتەكەیە، بۆیە كە دەڕوات چەكێكی (5)ملیۆن دۆلاری دەداتە دەست بەرپرسی نوسینگەكەی و پێی دەڵێت ئەم گوژمە پارەیە بۆ ئەوەیە سەرۆك جل و بەرگ و پێداویستیەكانی لە یەكێك لە بازاڕەكانی پاریس یان وڵاتە پێشكەوتوەكان بكڕێت.

دوای رێوڕەسمی ماڵئاوایی، بەرپرسی نوسینگەكە ، چەكی پارەكە دەداتە دەست سەرۆك و پێی دەڵێت ئەوە لە سەرۆكی زائیرەوە بۆ تۆیە تاوەكو خۆتانی پێ پۆشتە و پەرداخ بكەن، ئەویش دەڵێت زۆر باشە ئەو چەكە بۆ دروستكردنی پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایان خەرج بكەن، چونكە دەزانێت پەروەردە چەند كاریگەری لەسەر بنیاتنانی كۆمەڵگە هەیە.

مێژوو ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە كاتێك جەلادەكان لە ئینقلابی شومی هەشتی شوبات لە 1963دا عەبدولكەریم قاسمیان لە باڵەخانەی ئێزگەی عێراق لە ساڵحیە شەهید كرد، تەنها یەك دینار و یەك روبعی عێراقی لە گیرفاندا بوو، لەوساوە تا هەنوكە ئەو پیاوە یەك فایلی گەندەڵی و بەهەدەردانی لەسەر نەدۆزراوەتەوە، خوا خێری مامی خوالێخۆشبوومان بنوسێت، خانەنشینی بۆ بڕیەوە.

لەم چەند ساڵەی رابردووشدا گوێبیستی ناوی سەرۆكی ئۆرۆگوای (( خۆسێ مۆخیكا)) بووین كە بە سادەیی و هەژاریەوە ئیدارەی وڵاتەكەی دەدا، تەنانەت ئەو موچەی كە پێدراوی خۆی بوو دەیبەخشیەوە بە نەدار و كەم دەرامەتەكان، دواجار خانەنشین بوونەكەشی رەتكردەوە ،بۆ سەر كار و راپەڕاندنی ئەركەكانی تەنها ئۆتۆمبێلەكەی كە جۆری فۆگسڤاگۆنی مۆدێل 1987 بوو بەكار دەهێنا.

هەر لەبەرئەوەیە ئیستاش مۆریتانیەكان موختاریان خۆش دەوێت و بە رەمزی سەروەری خۆیان دایدەنێن، ئێراقیە رەسەنەكانیش هەنوكەش قاسمیان خۆش دەوێت و هەمیشە ناویان بە پاكی و بێگەردی هێناوە و لە هزریان بە زیندوویی هێشتویانەتەوە، خەڵكی ئۆرۆگواش سەرۆكە هەژارەكەی خۆیان هەر لە لا گەورەیە و بە بەرزیەوە تێی دەڕوانن ، پێم خۆش بوو سەركرەدانی ئێمەش ئەگەر لە هەموو شتێكیش نەبێ لە هەندێكی وەك ئەوانە بان ،چونكە زۆر دوور نیە و لە بیریان ماوە شەو و رۆژ و هاوین و زستان بە یەك دەستە جل و پێڵاوی چوپ لێس و تاكە تاكە ئەدیداس و بە نانە رەق ژیانیان دەبردەسەر، بۆ سەرخەوێكیش زەویان رادەخست و ئاسمانیان بە خۆدادا، بەو حاڵەوە خۆشەویستی كۆمەڵانی خەڵك و جوتیاران و كاسبكاران بوون، هەموو چاوەڕوان بوون هەر بەو خاكیەوە بژین، كەچی پێچەوانە دەرچوو.

ئێستا هەرچی گرد هەیە كراوەتە كۆشك و تەلار و باڵەخانە، هەرچی سەیارەی گران بەها هەیە لە هەر قوژبنێكی دونیا بێت بە پارەی میللەت كڕیویانە و لە ژێریانە ، هەرچی جل و بەرگی جوان و ئاڵ و واڵای ماركێتە گرانبەهاكانی لەندەن و پاریس و ئەوروپایە لەبەریانە، چی پارە و پول و خشڵ و زێڕ و زەبەن هەیە لە دەستی خۆیان و خانەوادەكانیانەوەیە، هەرچی حەشەم و خەدەم و پاسەوان هەیە لە دەوریانە، ئەگەر بە ئیزنی خۆیان نەبێت كەس بە كیلۆمەتریش ناتوانێت لێیان نزیك بێتەوە ، راستە هەموو شتێكیان هەیە بەڵام دەبێ بزانن خۆشەویستی خەڵك لەبەرامبەریان لە مەحكدایە.

یان دەبێت واز بێنن لەو هەموو ناز و نیعمەتە، بۆ ئەوەی وەكو سەردەمی شاخ و موختار و قاسم و مۆخیكا خۆشەویست بن و بە زیندوویی لە دڵ و دەرونی خەڵكی كوردستاندا بمێننەوە ، یان درێژە بەو پۆست فەنتازیەتە لە ژیان بدەن و رق جێی هەموو شتێك بگرێتەوە كە ونبوون بە یەكجاری لە زاكیرەی خەڵك رەشبنەوە .