سەردێر

ڕەهەندە یاساییەکانی تاوانی ئەنفال

رێبوار محمد صالح

تاوانی ئەنفال یەکێکە لە تاوانە کۆمەڵکوژییەکان کە بەرامبەر گەلی کورد ئەنجام درا لە ساڵی ١٩٨٨ ، کەبریتی بوو لە وێرانکردنی هەزاران گوندو راگواستنی زۆرە ملێی خەڵک و لیک جیاکردنەوەی دایک ومندال وچەندین تاوانی تر کە دواجار بە کوشتن و زیندەبەچاڵ کردنی زیاتر لە ١٨٢٠٠٠ مرۆڤی بێتاوانی کورد کۆتای هات.

سەرەتای دەستپێکردنی تاوانی ئەنفال بە دانانی ( علی حسن مجید) دەست پێدەکات بە بەرپرسی سەربازی لە کوردستان بە بریاری ژمارە (١٦٠) لە بەرواری (٢٩/٣/١٩٨٧)، دوابەدوای ئەوە ناوبراو بریاری ژمارە (٤٠٠٨) لە (٢٠/٦/١٩٨٧) دەرکرد کە دەکرێ بەبریاری جینۆسایدی گەلی کورد دابنریت.

ئەنفال وجینۆساید:

دەتوانین تاوانی ئەنفال بە جینۆسایدی کورد ناوببەین، چونکە هەروەک دەزانین جینۆساید لە رووی زمانەوانییەوە بە مانای لەناوبردنی رەگەزی گەل و نەتەوەیەک دێت، ئەم مانایەش لە تاوانی ئەنفال دا رەنگی داوەتەوە ، پاشان بە پێی چەندین دەق و بنەمای یاسایی نیودەوڵەتی ئەنفال تاوانی جینۆسایدە ، لەوانە مادەی (٢ و٣) لە (رێکەوتنامەی قەدەغەکردنی جینۆساید ١٩٤٨)، و مادەی (٣) لە (رێککەوتنامەی ژنێف ١٩٤٩) و مادەی (٦) لە دەستوری (داگای تاوانکاری نیودەوڵەتی ١٩٩٨)، ئەمە سەرەرای ئەوەی کە پێشێل کرانی روونی بەندەکانی جاڕی گەردوونی مافەکانی مرۆڤە کە لەاڵی ١٩٤٨ لە ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دەرچوێنراوە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی جەختیان  لە پابەندبوونی کردوەتەوە

سەرەرای بوونی ئەو بنەمایاساییانە بەڵام تا ئێستا کۆمەڵگای نێودوڵەتی لە ئاست بە جینۆسایدناساندنی ئەم تاوانەدا بیدەنگ بووە، ئەمەش مانای کەمتەرخەمی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانە بەرامبەر گەلی کورد لە ناساندنی ئەنفال وەک تاوانێکی جینۆساید، هەوەک چۆن لەکاتی ئەنجام دانی ئەم تاوانەدا بێدەنگ و بێهەڵوێست بوو، هۆکاری ئەمەش بە پلەی یەکەم ئەوەیە کە بە شێوازێکی زانستی کار لەسەر دۆسیەی ئەنفال نەکراوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەڵام جێگەی باسکردنە کە هەندێک دەوڵەت لە ئاستی پەرلەماندا دانیان ناوە بە جینۆسایدی گەلی کوردا وەکو سوید و نەرویج بریتانیا لەساڵی ٢٠١٣ .

لەسەر ئاستی نیوخۆی عیراق ئەنفال بە جینۆساید ناسینراوە ئەمەش بەپێی بریاری ژمارە (٢٦) ی پەرلەمانی عیراق لەبەرواری ١٤/٤/٢٠٠٨ دەریکردووە ، وەهەروەها دادگای باڵای تاوانەکان پشت بەست بە یاسای ژمارە ١٠ ی ساڵی ٢٠٠٥ و بە دەرکردنی بریاری ژمارە ١ ی سالی ٢٠٠٧ دانی ناوە بە تاوانی ئەنفال دا وەک تاوانێکی جینۆساید، وەهەروەها لەسەرئاستی کوردستان دیسان تاوانی ئەنفال بەجینۆساید ناسێنراوە بە پیی یاسای ژمارە ٩ ی سالی ٢٠٠٧ ی پەرلەمانی کوردستان .

کەیسی ئەنفال لە دادگا:

بەپیی یاسای ژمارە ١٠ ی ساڵی ٢٠٠٥ دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق پیک هات و دەسەڵاتی بینینی ئەوتاوانانەی پیدرا کە لە نیوان (١٧/٧/١٩٦٨ بۆ ١/٥/٢٠٠٣) ئەنجام دراوبوو، بەم پێیە تاوانی ئەنفال خرایە ژێردەسەڵاتی دادگای ناوبراو.

یەکەمین کەیس کە دادگا کاری لەسەرکرد کەیسی دوجێل بوو کە تیایدا سەدام حسین دادگای کرا لەسەر کوشتنی  ١٤٨ کەس لە خەلکی دوجێل کە هەموویان شیعەمەزهەب بوون، لە ئەنجامدا دادگای ناوبراو سزای لە سێدارەدانی بۆ ناوبراو دەرکرد و لە رۆژی جەژنی قورباندا لە سیدارە درا بەبێ ئەوەی بیرلەوەبکرێتەوە کە لەسەر تاوانەکانی گەلی کورد دادگایی بکرێت، لە کاتێکدا بەپێی بنەمایاساییەکان تۆمەتبار لەسەر سەرجەم تۆمەتەکانی دادگای دەکدرێت و دواتر قورسترین سزای بەسەردا جێبەجێ دەکرێت، ئەتوانین ئەمە بەخاڵێک دانێین لەوەی کە کەیسی ئەنفال وەک پێویست تائێستاش کاری لەسەر نەکراوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لەسەر ئاستی عێراقیش لە بابەتی قەرەبوودا کە دواتر باسی دەکەین.

سەبارەت بە کەیسی ئەنفال دادگای باڵای تاوانەکان لە دوای (٦١) دانیشتن لەئەنجامدا بە بریاری ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠٠٧) سزای لە سیدارەدانی بۆ چەند تاوانبارێک دەرکرد لەوانە ( علی حسن مجید، سڵتان هاشم و چەند تاوانبارێکی تر )، وەهەروەها بە بریاری ژمارە (١٠) لە بەرواری (٢٤/٦/٢٠٠٧) بریاری دەستگیرکردنی بۆ ٤٢٣ تۆمەتبار دەرکرد کە لەو ژمارەیە ٢٥٨ کەسیان کورد بوون .

بریاری دەستگیرکردنی تۆمەتباران نێردرا بۆ هەرێمی کوردستان بۆجێبەجێ کردن ، وەهەروەها ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان بە بریاری ژمارە (٩٤٣) لە (٥/٥/٢٠١١) فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەوتۆمەتبارانە دەرکرد کە لە بریاری دادگای باڵای تاوانەکاندا ناویان هاتبوو، بەهۆی ئەوەی کە تۆمەتباران دەستگیرنەکران بۆیە جارێکی تر ئەنجومەنی دادوەری بە بریاری ژمارە (٢٧٠) لە (٧/٥/٢٠١٥) بۆ جاری دووەم فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتباران دەرکرد، بەلام مایەی نیگەرانیە کە تا ئیستا داواکراوان دەستگیرنەکراون، ئەمەش خۆی بۆخۆی کاریگەری لەسەر بەجینۆساید ناساندی تاوانی ئەنفال هەیە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دا ،خۆئەگەر پاساوی دەستگیرنەکردنیان ئەوەبیت کە پیشتر فەرمانی لێبوردنیان بۆدەرکراوە ، ئەوە پاساوێکی ناڕەواو نایاساییە چونکە لە تاوانەکانی جینۆسایدا هیچ جهەتێک مافی لێبوردنی گشتی نیە لە تۆمەتباران پشت بەست بە رێکەوتنامەی قەدە‌‌غەکردنی جینۆساید ١٩٤٨ و رێکەوتنامەی مافە مەدەنی و سیاسیەکان ١٩٦٦ ، واتە دەرکرنی هەرجۆرە لێبوردنیک لەو تۆمەتبارانە لەرووی یاساییەوە هیچ هێزێکی یاسای نیە و پوچەڵە، هەربۆیە پێمانوایە ئەرکی پەرلەمانی کوردستانە بەدواداچوونی یاسایی وورد بۆ ئەم کەیسە بکات، بە سەرجدانمان بۆ  ووتەو و بۆچۆنی کەس و کاری سەربەزری ئەنفال کراوان کە لە رێگەی مقابەلە و توێژینەوەکانەوە دەریان بڕیوە دەتوانین بڵێین دەستگیرکردن و سزادانی داواکراوەکوردەکان خۆی بۆخۆی قەرەبوویەیەکی گەروی معنەوەییە و تارادەیەکی باش غەم و برینیان سارێژدەکات .

سەبارەت بە گەیاندنی کەیسی ئەنفال بۆ دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی ، دەتوانین بڵیین ئەم دادگایە دەسەلاتی بینینی تاوانی ئەنفالی نیە ، ئەمەش لەبەر دوو هۆکار: یەکەم لەبەرئەوەی عێراق ئەندامی رێکەتنامەی دروستبوونی دادگا نیە و لە کاتی دروستکردنی دادگای ناوبراودا بە نەخێر دانگی دا ،دووەم لەبەرئەوەی دادگای ناوبراو دەسەلاتی بینینی ئەو تاوانانەی هەیە کە لە ١/٧/٢٠٠٢ بەدواوە ئەنجام دراون .

قەرەبوی قوربانیانی ئەنفال :

بەشێوەیەکی گشتی هەموو تاوانێک دەرئەنجامێکی زیانبەخشی لێ دەکەویتەوە ، و کەسی زەرەرمەند مافی بەرزکردنەوەی داوای قەرەبووی هەیە لەسەر ئەوکەسەی تاوانەکەی ئەنجام داوە بەمەرجێ پایەکانی بەرپرسیارێتی بێتەدی کە بریتیە لە ( هەڵە و زەرەر و پەیوەندی هۆکاری نێوانیان) .

لە بنەرەتدا دوو جۆر قەرەبوو هەیە کە بریتین لە قەرەبووی مادی بۆ زیانە مادییەکان ، وە قەرەبووی ئەدەبی بۆئازارو زیانە ئەدەییەکان، لیرەدا مەبەستمانە بڵێین تاوانی ئەنفال زیانی مادی و ئەدەبی زۆری لێ کەوتوەتەوە ئەویش بە سوتاندنی ماڵ وموڵک و گوند و بەرووبومی کشت و کاڵی و مەڕوماڵات و گۆرینی دیمۆگرافی ناچەکان، و پاشان کوشتنی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار خەڵکی بێتاوان، دەکرێ بڵێین قەرەبووی ئەو زیانانە بە ملیارەها دۆلار مەزەندە دەکرێ .

 

لە تاوانە نیودوڵەتیەکاندا وەکو تاوانی ئەنفال دووجۆر بەرپرسیاریتی درووست دەبێت ئەویش بەرپرسیارێتی تاوانکاری نێودەوڵەتی و بەرپرسیارێتی مەدەنی نێودەوڵەتیە، یەکەمیان دەکەوێتە ئەستۆی کەسی تاوانکار وەکو سەدام وهاوکارەکانی ، دووەمیان ئەکەویتە ئەستۆی ئەودەوڵەتەی کە تاوانەکە لە سایەدا ئەنجام دراوە کە دەوڵەتی میراتگرە پشت بەست بە بنەمای ( مبدأ التوارث الدولة) ، کە لە تاوانی ئەنفالدا دەوڵەتی ئێستای عێراق دەگریتەوە بە پێی مادەی ٢٦ لە پرۆژەی بەرپرسیارێتی دەوڵەتان بەرامبەر کارە نارەواکانیان، بەڵام تا ئێستا دەوڵەتی عێراق بەم ئەرک و پابەندییەی خۆی هەڵنەستاوە،  ئەمە سەرەرای ئەوەی کە مادەی ١٣٢ ی دەستووری عێراق هاتووە ئاماژەیە بۆ بەرپرسبوونی دەوڵەتی عێراق بە قەرەبووکردنەوەی سەرجەم زەرەرو زیانەکانی  قوربانیانی ئەنفال.

جێگەی ئاماژەبۆکردنە کە دادگای باڵای تاوانەکان دەبوایە لە بریاری ژمارە ١ ی ساڵی ٢٠٠٧ دا لە خەزینەی گشتی عیراق قەرەبووی کەس وکاری قوربانیانی ئەنفالی جێگیربکردایە بەڵام لە بری ئەمە ، مافی داوە بە زیانلێکەوتوان کە بگەرێنەوە بۆ دادگای تایبەتمەند بۆ داوای قەرەبوو ئەمەش لەتاوانە ئاسایی و نێوخٶییەکان دا دروستە بەپێچەوانەی تاوانە نێودەوڵەتیەکانەوە، واتە دادگای باڵای تاوان لەبابەتی بڕیاردان لە قەرەبووی کەیسی ئەنفالدا وەک پێویست نەبووە و دادپەروەری بەدی نەهێناوە سەرەرای ئەوەی کە سکالآکاران لەبەردەم دادگادا داوای قەرەبوویان کردووە و وەکو لە ووتەی یەکێکیان دا هاتووە کە  ئەلێ (( هەموو سامانی دونیا قەرەبووی پەنجەیەکی باوکم ناکاتەوە، بەلام بەمافی یاسایی خۆمی دەزانم کە داوای قەرەبوو بکەم)) ، ئەمەش پێشیلکردنی مافی یاسایی کەس وکارو زیانلێکەتوانی تاوانی ئەنفالە لەلایەن دەڵەتی عێراقەوە و پێشلکردنی مادەکانی ٢١٩ و ٢٠٢ و ٢٠٣ و ٢٠٤ و ٢٠٥ لە یاسای شارستانی عێراقی، ئەمەجگەلەوەی کە لە خەزێنەی گشتی عێراق قەرەبووی زیانەکانی کەیسی دوجێل کرایەوە ، ئەمەش خۆی بۆخۆی جیاکاریەکی نایاسایی و نادەستوریە لە نێوان هاوڵاتیانی عێراق دا .

ئەوەی کە پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمەوە هەیە لەم کەیسەدا ئەوەیە کە دەتوانین بڵێین وەک پێویست و بەشێوەیەکی زانستی کاری لەسەر کەیسی ئەنفال نەکردووە ، هەرچەند کۆمەڵی هەووڵ دراوە لەوبارەیەوە بۆ نمونە لە ساڵی ٢٠١٣ وە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم کاری لەسەر پرۆژەیاساییەک کرد تایبەت بە ناچارکردنی حکومەتی عێراق بە پێدانی قەرەبووی تاوانەکانی ئەنفال ، بەلام ئەمەش دژایەتی زۆرکرا لەلایەن عیراقیەکانەوە بە تایبەت فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا ، هەرچەن ئێمە پێمان وایە بابەتی قەرەبووی قوربانیانی ئەننفال پێویستی بە یاسای نوێ نیە و ئەو دەق و بنەما یاساییانەی باس کرا بەڵگەی تەواون لەوبارەیەوە ، خۆ ئەگەر باسی ئەو پاداشتە مانگانەیەی بکەین کە حکومەتی هەرێم بە پێی یاسا دەیدات بە کەسوکاری سەربەرزی ئەنفال کراوان ئەوا دەڵێین ئەو پاداشتە بە قەرەبوو دانانرێت وچونکە قەرەبوو لەسەر ئەولایەنەیە کە هەڵە و تاوانەکی ئەنجام دوە کە دەوڵەتی عێراقە .

لە دۆخیکی وادا کە دەوڵەت بە ئەرکی یاسایی خۆی هەلناسێ بەرامبەر بە قوربانیان، ئەرکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیە بە بڕیارێکی تایبەت پابەندی دەوڵەتی عێراق بکات لە پیدانی قەرەبووی شایستەی زیانلێکەوتوان، وەکو چۆن بە بریاری ژمارە (٩٨٦/ ١٩٩٢) عێراقی پابەند کرد بە قەرەبووی زیانەکانی داگیرکردنی کویت ، کە تا ئەم ساڵانەی دوایی ساڵانە لە بوودجەی عیراق رێژەیەکی بۆ قەرەبووی کوێت تەرخان دەکرا، سەرەرای هەموو ئەو بنەمایاساییانەی کە باس کراوەک دەرچەیەکی یاسایی بۆ وەرگرتنی قەرەبوو لە خەزێنەی گشتی عێراق ، بەڵام وەک دەزانین لەم کاتانەدا جیهان بەگشتی و عێراق بەتایبەتی رووبەرووی قەرانی دارایی و کورت هێنانی ئابوری بووەتوە ئەمەش ئاستەنگ بۆ قەرەبووی مادی دروست دەکات، بەلام قەرەبووی ئەدەبی و معنوی ئەمە پارەی ناوێ و پێویستە لەسەر دەوڵەتی عێراق لە رٶژی ١٤/٤ دا بە فەرمی داوای لێبوردن لە گەلی کورد بەگشتی و کەس وکاری ئەنفالکراوان بە تایبەتی بکات ، ئەم جٶرە لە قەرەبوو کاریگەری هەیە لەسەر لایەنی دەروونی کەس وکاری ئەنفالکراوان و جگەلەوەش بۆ بریاردان لەسەر قەرەبووی مادی و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش  کاریگەری دەبێ.

ماوەتەوە بڵیین کە ئەو دووجۆرە بەرپرسیارێتیەی لە تاوانی ئەنفالدا دروست بووە بە تێپەربوونی کات بەسەرناچێ ، بە مانا یاساییەکەی تقادم ناکات، هەربۆیە دەکرێ لە دادگای بەرایی داوای قەرەبووی تاوانی ئەنفال بەرزبکرێتەوە و ئەو بەڵگانەش کە بەردەستن و بریاری دادگای باڵای تاوانیش پابەندی دادگا دەکات بە دەرکردنی حوکمی قەرەبوو و پابەند کردنی حکومەتی ناوەند بە بژاردنی زیانەکان و کەس وکاری قوربانیان لە بوودجەی گشتی عیراق بەڵام ئەمەش رێگەیەکی ئاسان نیە و پێویستی بە لێکتێگەیشتینی سیاسی و یەک گوتاری سیاسی کورد و کارکردنێکی زانستاینە هەیە لە کەیسی ئەنفالدا لە ئاستی نێوخۆی و نێودەوڵەتی دا .

 

*مامۆستای زانکۆ