سەردێر

دیوی دووەمی بودجە

یاسین مەحمود ڕەشید

دوای چەندین سەردان و دەیان کاژێر لە گفتوگۆ و دانوستاندن، دوا جار هەرێمی کوردستان و بەغدا رێککەوتن و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا جێگیر کرا کە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 زیاتر لە 164 تریلیۆن دینارە، بە کورتهێنانەکەیشیوە پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاساکەدا 13 ترلیۆن و 904 ملیار و 12 ملیۆن و 452 هەزار دینارە کە دەکاتە رێژەی 12،67٪ـی کۆی گشتیی بودجە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دەبێت هەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە نەوتەکەی بە نرخی سۆمۆ لەگەڵ نیوەی داهاتیدا رادەستی ناوەند بکات. بەو پێیەیش هەرێمی کوردستان پشکی مانگانەی لەم بودجە زەبلاحەدا لە چاو ساڵانی تردا زۆر کەم دەکات، بەڵام کاتێک سەیری
دیوی دووەمی بودجەکە دەکەین، هەرێمی کوردستان دەتوانێت دەرفەتی گەورە بۆ خوی دەستەبەر بکات کە رێخۆشکەرە بۆ ئەوەی لەدوای جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی یاسای بودجە، حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی تر چانسی باش بەدەستبهێنێت و قەرەبووی نەهامەتییەکانی حەوت ساڵی رابردووی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان بکاتەوە. ئەویش ئەگەر کۆرۆنا و وشکەساڵی بەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی بەر بدەن.
ئێستا کە نرخی نەوت بەرەو هەڵکشانە و ئەگەر بەو شێوازەی ئێستای لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوە بە خۆوە ببنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە رێگەیەوە پاڵپشت بەوەی دەستی دەکەوێت و ئەوەش کە لەدوای رێککەوتنی لەگەڵ بەغدا وەک بەشە بودجە دەگاتە دەستی، چاکسازییەکانی چڕتر بکاتەوە و چاوێک بە یاساکانی پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەکان و وەبەرهێنان و یاسای فلێزی و لافلێزی و کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا بخشێنێتەوە.
هەر لە سۆنگەی لێکەوتەکانی دوای جێگیرکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانەوە، گرنگە چاودێریی دۆخی بازاڕ و پرۆژەکان زیاتر بکات، بەتایبەتی کەرتەکانی پیشەسازی و گەشتوگوزار و کشتوکاڵ پلانی تۆکمەیان دەوێت کە گرنگە حکومەت لەم لایەنەوە رۆڵی زیاتر بە وەبەرهێنەری خۆماڵی بدات.
کارێکی تر کە هەرێمی کوردستان دەبووژێنێتەوە و دوای قەیران و نەهامەتییەکانی سەرپێی دەخات، هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانی تری، راکێشانی سەرمایەی دەرەکییە کە ئەمە دەبێت کاری لەپێشینەی ئەنجوومەنی باڵا و دەستەی وەبەرهێنان بێت. هەرورها وەبەرهێنانی سەرەکیمان لەو کەرتانە ببێت کە لە سەرەوە ئاماژەم پێداون، ئەم هەوڵەیش بە هەوڵی جیددیی حکومەت لە کەمکردنەوەی رۆتین و رایکردنی مامەڵەی وەبەرهێنەران و پێڕەوکردنی سیاسەتی یەکپەنجەرەدا بەتینتر دەبێت کە ئەم کابینەی حوکمەت زۆر بانگەشەی بۆ دەکات.
کاتێک بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەگات، پاڵپشت بە داهاتی ناوخۆ و ئەوەی کە لە فرۆشی نەوت دێتەوە خەزێنەکەی، گرنگە پرۆژە وەستاوەکان بەگەڕ بخرێنەوە و داهاتووبینی بۆ پرۆژەی ستراتیژییش بکرێت، مووچە لە کاتی خۆیدا بەبێ لێبڕین بدرێت. باشتر وایە کە سەرۆکایەتیی حکومەت دەسەڵاتی زیاتر بداتە پارێزگارەکان بۆ پرۆژەی هەر پارێزگایەک، بەڵام گەرەنتی بکرێت کە ئەو دەسەڵاتە بۆ بەرژەوەندیی تايبەتی بەکارنەهێنرێت.
ئێمە لە یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان کاتێک سەیری دیوی دووەمی پرۆژەیاسای بودجە دەکەین، لە هەموو کەس زیاتر هەست بە دەستکەوت و سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئەگەر ئەم خاڵانەیش لەبەرچاو بگرین، بە رەچاوکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی:
١- ئاسانکاری بۆ هاتنی گەشتیاری شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بكرێت
٢-ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانمان لەگەڵ ناوەند بۆ بەرژەوەندیی هەرێمەکەمان بێت تا بتوانین هەناردەمان زیاد بکەین و هاوردە کەم بکەینەوە، ئەوەیش لە رێگەی بایەخدان بە پيشەسازی و بەرهەمی کشتوکاڵیمان.
٣- زیاتر رێگە خۆش بکەین ئاسانکاری بکرێت بۆ هاووڵاتییانی شارەکانی تری عێراق تا بتوانن بە ئاسانی یەکەی نیشتەجێبوون لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بکڕن کە زیاتر لە ١٠٠ هەزار خانوو و شوقە لە پرۆژە نیشتەجێبوونەکاندا مۆڵەتیان وەرگرتووە و پێویستیان بە بازاڕکردنە.
٤- حوکمەت بە فەرمی سەرمایەدار و وەبەرهێنەرەکانی عێراق بەگشتی بانگهێشت بکات و  بۆ مەبەستی بەگەڕخستنی سەرمایەکانیان و جێبەجێکردنی پرۆژەی جۆراوجۆر هانیان بدات.
بەم شێوازە دەتوانین جووڵەی بازاڕ و پرۆژەکانمان زیاد بکەین و چەندین ملیاری تری بوجەی عێراق رابکێشینە هەرێمی کوردستان و سەتان هەلی کار بەدەستبهێنین.
بەڵام لە بیرمان نەچێت، ئەگەر بەرپرس و کۆمپانیا حیزبییەکان ئەم ماوەیە کەمێک رەحم بە بازاڕ نەکەن، بە تایبەتی دەبێت کەرتەکانی پیشەسازی و گەشتوگوزار و کشتوکاڵ هێڵی سوور بن بۆ دواکردنی پشک کە گرنگە حکومەت لەم لایەنەوە جیاوازی نەکات و
بە هاوسەنگی رۆڵ  بە هەمووان بدات، ئەگەر نا نەک ئەم چانسەیشمان لە دەست دەچێت، بەڵکو رێسەکەیشمان دەبێتەوە بە خوری.