سەردێر

شارەزوور، گەوهەرێک لەنێو لیتەی بێپلانی حکومەتدا

سەردەشت محەمەد

نکۆڵی لەو ڕاستیە ناکرێت کە دەشتی شارەزوور وەک یەکێک لە بەپیتترین دەشتەکانی دونیا ناسراوە، کە دەتوانرێت لەیەک کاتدا چەندین جۆری جیاواز لەبەروبومی کشتوکاڵی تێدا بەرهەم بهێنرێت، چونكە تایبەتمەندی دەشتی شارەزوور بەجۆرێكە کە دەتوانرێت بۆ كاری زۆربەی بەروبومە كشتوكاڵیەكان سودی لێ ببینرێت، ئەم ناوچەیە کە کەنزیکەی ٦٠٠ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی دەبێت ئەگەربێت و حکومەت بییەوێت گرنگی بەکەرتی کشتوکاڵ لەکوردستاندا بدات ئەوا گومان لەوەدا ناکرێت کە تەنها دەشتی شارەزوور بەسە بۆ ئەوەی لەپاڵ کەرتەکانی دیکەی وەک کەرتی پیشەسازی و سامانەسروشتیەکان و کەرتی بازرگانیدا بتوانرێت ڕۆڵ بگێڕێت لەدابینکردنی سەرچاوی داریی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش پێویستی بە پلانێکی تۆکمە و کەسی دڵسۆز و خەمخۆر بۆ ئێستا و ئایندەی کوردستان هەیە.

دیارە تاوەکو ئێستا حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ نەک هەر بیریان لەوەنەکردۆتەوە کە شانبەشانی کەرتی نەوت گرنگی بەکشتوکاڵ بدەن، بەڵکو بەپێجەوانەوە دژایەتییەکی ئاشکرای ئەوکەسانەش دەکەن کە لەوبوارەدا کاردەکەن بۆ ڕاستی ئەم بابەتەش لەڕێگەی میدییاو سۆشیال میدییاوە زۆر بەئاشکرا هەست بە بێزاری جوتیاران دەکەین و بەتایبەت لەوکاتەدا کە بەروبومی کشتوکاڵی لە کوردستاندا پێدەگات کەپێویست دەکات لەگەڵ پێگەیشتنی بەروبومی ناوخۆدا باج لەسەر بەروبومی هاوردە زیادبکرێت ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی گرنگی بۆ بەرووبوومی ناوخۆ بگەڕێتەوە.

بێباکی و پەراوێزخستنی کەرتی کشتوکاڵ لەلایەن حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە وادەکات ساڵانە بەشێک لەجوتیاران وەک ناڕەزایەتی دەربڕینێک دژی حکومەت بەروبومەکانیان فڕێدەدەن و نایانەوێت بخرێتە بازاڕەوە، ئەمە جگە لەوەی زۆرێک لەو جوتیارانەی کە نوێگەری لەبوارەکەدا دەکەن یاخود دەیانەوێت پرۆژەیەکی نوێی کشتوکاڵی بهێننە سنورەکەوە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە ئاسانکارییان بۆ ناکرێت ئەمەش وادەکات جوتیاران ساڵ لەدوای ساڵ لەبواری کشتوکاڵدا پاشەکشێبکەن و ئەم پاشەکشێیە وای کردووە ناوچەیەکی گرنگی کشتوکاڵی وەک شارەزوور هاوشێوەی گەوهەرێک وێنا بکرێت کە کەوتبێتە نێو لیتەی بێپلانی و بێباکی حکومەتەوە.

بۆیە دەتوانین بڵێین بۆ ڕزگار کردنی جوتیاران لەم دۆخە و گەڕانەوەی گرنگی بۆکەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و لە شارەزووردا بەتایبەتی پێویستیە گۆڕانکاری بنەڕەتی لەسیستمی بەڕێوەربردنی هەرێمدا بکرێت، کە ئەم گۆڕانکارییەش بەهێزێکی نوێ و جودا دەکرێت نەک بەم هێزانە کە زۆرینەیان بیرکردنەوەیان بەتەنها لای بازرگانی کردن و کەڵەکەکردنی سەروەت و سامانە.