سەردێر

بەسەرهاتی وەرگرتنی دۆزی یەكەمی ڤاكسینی ئەسترازینكا

كارزان جەرجیس

دەمێكە لەسەر ڤاكسینی كۆرۆنا دەخوێنمەوە و شارەزاییەكی باشیشم لەسەر ڤایرۆسەكە هەیە بەهۆی خوێندنەوە و بەدواداچوونەكانم.

ڕۆژی 6/4/2021 لەگەڵ هاوڕێی رۆژنامەنووسم ئارام شوان تاووتوێی وەرگرتنی دۆزی یەكەمی ڤاكسینی ئەسترازینكامان كرد و لە چەند شارەزایەكی بواری تەندروستی پزێشكێك پرسیاری وردمان كرد.

هەر ئەو ڕۆژە بڕیارماندا دۆزی یەكەم وەربگرین و پاش نیوەڕۆكەی چووینە تاقیگە و پشكنینی ڕیژەی بەرگری لەشمان كرد و ئەنجامەكەمان وەرگرتەوە، بۆ ڕۆژی دواتر بەیانی زوو چووینە تاقیگەی ناوەندی كۆیە و ناومان تۆماركرد و دوای چەند كاتژمێرێك نۆرەمان هات و ڤاكسینمان وەرگرت.

دوای دوو كاتژمێر لە وەرگرتنی من ئارەقێكی زۆرم كرد و (تا)م لێهات، بەڵام هەر لە دەرەوە ماینەوە و بەرگەم گرت، ئێوارەكەی چووینەوە ماڵەوە، نانێكی كەمم خوارد و حەبێكی ئەتاكاندی 80 ملم خوارد چونكە خۆم گوشاری خوێنم بەرزە و دەبێت بەكاریبهێنم و هێدی هێدی لەشم خاوبووەوە، دواتر خەوتم تا كاتژمێر 9ی شەو، هەر چۆنێك بێت تا كاتژمێر دوانزەی 12ی شەو بەرگەم گرت و كارم كرد، بەڵام كە چوومە سەرجێگا هەموو گیانم تێك شكابوو، تا بەیانی هەردوو ڕانم، هەردوو قۆڵ و باسكم و پشتم ئازاری هەبوو، لە هەمانكاتدا دەتوت تۆپێك لۆكەی ئاگرین لەناو گەدەمدایە..

ڕۆژی 8/4 بەیانییەكەی نزیكەی كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ لە جێگا هاتمە دەرەوە، تێلم بۆ ئەو هاوڕێیەم کرد کە پێکەوە ژەمە ڤاکسینمان وەرگرت و چووینە دەرەوە، لە دۆخی ئەوم پرسی وتی من لەرزم لێهاتووە، هەرچۆنێك بێت تا دوای عەسر لە دەرەوە ماینەوە، بەڵام هێواش هێواش هەستم بە بێتاقەتی دەكرد، چووینە ماڵەوە و حەبێكی تری ئەتاكاندی 80 ملمم خوارد و 2 دەنك حەبی پاراسیتامۆلی 500ملمم خوارد، دیسان لێی كەوتم و خۆم داپۆشی لە كاتێكدا تایەكی بە هێزم هەبوو.

نزیكەی كاتژمێر 8ی شەو بوو تەواو تەندروستیم تێكچوو و خۆم گەیاندە لای یاریدەدرێكی پزیشكی هاوڕێم و وتم خراپم، فشاری خوێنم گرت دابەزیبوو، بتڵێك پاراستیمۆڵی شلی بۆ هەڵواسیم و دەرزییەكی ئازاریشم وەرگرت.

دواتر چووم بۆ تاقیگە و پشكنینێكی (D-dimer)م كرد و ئەنجامەكەیم وەرگرتەوە كە (219.61)بوو،ئیتر ئازارم كەمتر بووەوە شەوەكەی باش خەوتم.

ڕۆژی 9-4-2021 لەبەیانییەوە هەموو گیانم ئازاری هەبوو، ژانە سەر هەراسانی كردم تایەكەم خەریك بوو لە پێستی خۆم دەرم بكات، دیسان 2 دەنك پاراسیتامۆڵم خوارد و تا ئێوارە لە ناو جێگا لێیكەوتم، دواجار لە كاتژمێر 7:30 خولەكی ئێوارە هەموو شتێك چووەوە جێگای خۆی و هەست دەكەم ئێستا ڤاكسینەكە لە جێگایەكی ئەمینە..

بۆ ئەم بێنەو بەردەیەی ورگرتنی ڤاکسین و کەین و بەینی ناساغیم سوپاسی هاوڕێیانی خۆشەویستم د. دەوەن حەوێزی و د.هاومەند و مامۆستا ئارام شوان دەكەم كە ئەو دوو ڕۆژە بەمنەوە ماندووبوون.

کۆتایی قسەم ئەوەیە؛ پێشنیار دەكەم، نەترسن و بە وتی وتی خەڵك باوەڕ نەكەن، بڕۆن ڤاكسین وەرگرن، چونكە ڕۆژێك دێت بە پارەش دەستناكەوێت .