سەردێر

کۆڕەو، چیرۆکی پڕ ئازاری میللەتی کورد

سابیری سەندیکا

 

لە ساڵی ١٩٩١ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یارمەتیدەربوو لە دامەزراندنی نەوای ئارام ئەویش لەرێی سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین لە سەرو هێڵی ٣٦ لە عێراق بۆ دڵنیاییدان لە سەلامەتی گەلی کورد. ویلایەتە یەکگرتووەکانیئەمریکا پابەندبوونی خۆی بە پاڵپشتیکردنی گەلی کورد دوپات دەکاتەوە و بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە هەرێمیکوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا.

سێ دەیە بەسەر کۆڕەوی کوردان لە کوردستانی عێراق و پەنابردنیان بۆ سەر سنورەکانی ئێران و تورکیا تێدەپەڕێت. کۆڕەوی کوردەکان لە ساڵی ١٩٩١ دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ ڕوویدا، دوای ئەوەی شاری کەرکووک ئازادکرا لە دەستی ڕژێمی بەعس  ڕژێم هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستپێکرد بۆ سەر کوردەکانی باشووری کوردستانی عێراق، بەعس لە دوای سەرکەوتنی راپەڕینی گەلی کورد لە کۆتایی مانگی ئادار و سەرەتای مانگی نیسان بە سوپایەکی بێشومارەوە هێرشی کردە سەر کوردستانی عێراق و لە رۆژی چواری مانگدا زیاتر لە دوو ملیون هاووڵاتی کورد ئاوارە و دەربەدەر بوون.

دیمەنی ئاوارەیی و کۆچی کوردان، دوای پڕۆسەی ئەنفال و کیمیابارانی شاری هەڵەبجە، دواجار سۆز و دەنگی وڵاتانی خۆرئاوای بۆ خۆی راکێشا و کەوتنە یارمەتیدانی کورد.

رۆژه سه ختەكان كۆره‌و په‌یامی یه‌ك ده‌نگی و یه‌كگرتوی خه‌ڵكی كوردستان بوو به‌رامبه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس، كۆره‌و خه‌ڵكی كوردستانی به‌جیهان ناساند، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو بریاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌رچوو به‌بوونی ناوچه‌یه‌كی ئارام و دیاریكردنی هێڵی پانی ٣٦ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌عسی له‌سه‌ر كوردستان قه‌ده‌غەكرد ئەم یارمەتیەش دواجار بە پاشەکشەی رژێمی بەعس شکایەوە و بووە هۆی دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

بەڵام  دوای سی ساڵ ئێستا دێگەڵە سنووری نێوان زۆنی زەردو سەوزە لە کوردستانی عێراق و گەنجانی کوردستان وڵات خاک و خۆشەویستی و سۆزی دایک و باوک جێدەهێڵن ئەم وڵاتە بە تاریکستان ناو دەبەن کە دەڵێن هیچ شتێک نیە ئێمە بەم وڵاتە ببەستێتەوە.

٣/٣١ لەسەر ١٩٩١/٤/١ ئەو ڕۆژە ڕەشە بوو کە زیاتر لە ملیۆن و نیوێک کورد لەسەر زێدی باب و باپیرانیان بە زەبری زرمەی تۆپ و گڕەی هەلیکۆپتەرو لکە لکی ڕەشاش و دۆشکە و زرێپۆش و خڕەی زنجیری تانک و دەبابە و هێرشی دڕندەترین هێزی سەربازی ڕژێمی عێڕاق بە سەرکردایەتی سەدامی دکتاتۆر ڕاوەدو نران و لەناو خاکی ڕەسەنی خۆیان ئاوارە کران و بێ یارمەتی و هیمداد بە ڕێگاکانەوە لە سەرماو سۆڵ و چیا پڕ لە بەفرەکان، بێ خواردن و خواردنەوە هێزی ئەژنۆیان دەشکاو کەس نەیدەتوانی لێیان ببێتە خاوەن و گیانیان لەدەست دەداو لاشەی بێ گیانیان لە کەندو دۆل و پیادە ڕێگاکانەوە بێ خاوەندەمایەوە.

ئەو ڕۆژە ڕەشە بوو کە سەدان دایک لە ترس و ئەژنۆ لەرزۆکی و بێهێزی و برسێتیدا منداڵە ساواو جگەر کۆشەکانیان بە ڕێگاوە لەڕەوکردن بۆ هەڵنەدەگیران و بەجێیان دەهێشتن.

ئەو ڕۆژە ڕەشە بوو کە سەدان منداڵی ساوا لە بێ شیری و برسێتی و تینوێتیدا گیانیان سپاردو لاشەکانیان لە توربەخانەی بێ ناونیشان و کفن  ژێرگل کران.

کۆڕەوی کوردان ئەو ڕۆژە  بوو کە زیاتر لە ملیۆن و نیوێک کورد، لەتاو گیان دەرباز کردن لەدەست دڕندایەتی ڕژێمی بەعس چیا و سنورە دەستکردەکانیان دەبڕی و خۆیان دەدایە دەست سەربازە مرۆڤ کوژەکانی داگیرکەرانی تورکیا و ئێران و لەوێش دەیانیان دەکەوتنە بەر ڕوحمی قوناخە تفەنگەکانیان و خوێن و فرمێسکی بێچارەیی لەلاشەیان دەتکایە سەر خاک و شەرمەزاریان بۆ مرۆڤایەتی جێدەهێشت.

بەڵام دواجار ویژدانی مرۆڤایەتی لەو تاوانە گەورەیە خۆی پێڕانەگیراو هاتە وەڵام بۆ دانانی هێڵی ٣٦ و پاراستنی گەلی ژێردەست گەلی کورد و خەڵکی سڤیل، بەڵام بەداخەوە، بەرهەمی ڕاپەڕین و کۆچڕەو و هێڵی پاراستن لەجیاتی پاراستنی گەلی کورد، بووە هۆی گەورە بوون و بەهێزبوونی دارو دەستەی ناوخۆ و لە داگیرکەر چووی و بێ ویژدان تر و بێ قیەمتر، لەجیاتی ساڕێژ کردن و لەبیر بردنەوەی ئەو برینە قوڵە، سەدان کوردی تریان کوشت و  بێسەرو شوێن و ئاوارە و دەربەدەر و ماڵوێران و کوتک ڕێژو لەتو پەت و تەپەسەرو چاوترسێن و ئەشکەنجەو بەند کردن.

لەجیاتی یاساو یەکسانی خوازی، ئەوانەی بە خوێنی کورد هاتنە سەر خوانی بە فرمێسک ڕەنگی هەژاران، لەجیاتی نوێنەرایەتی و گوێگرتن لە ئێش و ئازاری گەلی خۆیان، دەستیان کرد بە شەڕی ناوخۆ و ململانێ و تاڵانکردن و دزی و گەندەڵی و کاری مافیایی و لەبنهێنانی ژێر خان و برسیکردنی زۆرینەو گەمژە کردنی بەشێک و بەستنی زمانی ئازادو بە حیزبی کردنی کۆمەڵگاو هەڵواسینی وێنەکانیان لە جیاتی وێنەی دکتاتۆری پێشوو.