سەردێر

نوسینی هەواڵی، زانیاری هەواڵی بەرهەم دێنێ 

سەروەت تۆفیق

لە جیهانی ئێستامان و لە دوای ئەو گەشەکردنەی کە جیهانگیری(گڵۆباڵیزم) لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی ئەویش بچووکردنەوەی دنیا هێندەی نەک تەنها گوندێک، بەڵکو هێندەی مۆبیلەکەی دەستمان، دیارە ئەم دیاری و دیاردەیە ئاڕاستەی بیرکردنەوە و کۆکردنەوەی زانیاری وەرگرتنی زیاتر کردووە.
فۆرم و مۆدێلەکانی زانیاری وەرگرتنی لە پەیامنێرەکانەوە بۆ وەرگری گۆڕیوە، واتە زووتر و خێراتر و گەشەکردووتر زانیاری و مەعریفە دەگاتە وەرگر بە بەراورد بە سەردەمانی پێش عەولەمە،ئەمەش گۆڕانکاری لە گوتار و مەعریفە و زانست و زانیاری چ لە لای تاک، چ لە لای کۆمەڵگە کردووە.
سەردەمانی زووتری پێش جیهانگیری، ئاڕاستەی گوتار و فێربوون و دیالۆگ کردن لە نێو دنیای ئەدەبدا زۆرتر ڕەنگی دەدایەوە، واتە شاعیران ئەرکی وشەسازی و مۆدێلی نوێی گغتوگۆی ئاست بەرزیان دەخستە نێو کۆمەڵگەوە، هەم بە واتا و هەم بە دەربڕین، واتە هەوڵێکی زۆر دەدرا تا لە مانا حەقیقیەکانی مەبەستی گوتار بگەین، بۆ ئەوەی پەیامەکان شۆڕبێتەوە تا وەرگر بتوانێ دیالۆگی نوێی پێ بکات.
دواتر ڕۆمان بە دیوی دنیابینی فراوانتر و پڕ جوڵەتر و کارئەکتەری هەمەکار و ڕەنگتر. ڕۆڵی پەیامگەیاندی بەرزی دەدا و دەدات بە وەرگرەکانی تا لە ئەکتەر و سیناریۆکانی نێو بازنە فراوانەکەی نوسین و وێنە چیرۆکییەکان وەرگر فێری دیالۆگ و زانیاری نوێی سەردەم ببێ. دواتر چیرۆک کورتتر لە ڕۆمان ئەو ڕۆڵەی پرشنگدارترکرد، بۆ وەرگرەکان.
دواتر شانۆ بە قوتابخانەی گەلان ناوزەند دەکرا، واتە تا سەحنەی شانۆکان هەبێ و بینەر بە دیاریانەوە دابنیشێ، توانای وەرگرتنی پەیامەکان بە جوڵەکان زیاتر و شیکاری تر دەبێ، وەک لە گوێگرتن و خوێندنەوە، هەرچەندە ئەمەش ڕێژەییە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، بەڵام گەشەکردنی شەپۆلەکان لە ڕادیۆوە، تا داهێنانی جوڵەی وێنە و پەیدابوونی تەلەڤزیۆنەکان ڕۆڵی پەیامنێرەکان زیاتر بوو، وەرگریش زووتر بە جوڵە و دەنگەوە پەیامەکانی وەردەگرن، بەهۆی کەمی ژمارەی ئەو ئامێرە پەیامنێرە گشتییە و زۆری وەرگرەکانەوە ببووە درەوشاندنەوەی ئەوانەی کە زانیارییان بڵاودەکردەوە، بۆ وەرگرە جۆراو جۆرەکان، لە هەمانکاتدا کات بەسەر بردنێکی بێوێنە بوو لە سەردەمی خۆیدا، بە نموونە چەندان دەنگ خۆش و ئەکتەر زوو بە تەنها بەرهەمێک زووتر دەگەیشتنە لای وەرگرەکان، نموونە بۆ ئەمەش وەک بیرهێنانەوەیەک کەم خەڵکی سەردەمی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەقەکانی نێو (درامای خولە چەخماخە)ی لەبەر نەبووبێ، ئەوەش چەندە پەیوەندی بە ئاست بەرزی ڕۆڵ و دەقەکان و واقعی بوونی بابەتەکەوە هەبووە، ئەوەندە زیاتر پەیوەندی بە کەمی ژمارەی نێردەی پەیامەکانەوە هەبووە کە (تەلەڤزیۆن)ەکان بوون، کە خەڵکی بۆ کات بەسەربردن و زانیاری وەرگرتن بە دیار ئەو ژمارە کەمەی تەلەڤزیۆنەوە دادەنیشتن.
لە دوای گەشەکردنی کۆمەڵگاکان و هاتنەکایەی سینەما، پاشان سیستمی نوێی جیهانی بۆ بە دیجیتاڵ بوون و سەتەلایت و بڵاوبوونەوەی تۆڕەکانی ئینتەرنێت لە سەرانسەری جیهاندا، وەرگر ئەو مەودا فراوانەی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەیبوو جۆرەها و جۆری بۆ هاتە پێش، ئەمەش لە لایەک بە سود بوو بۆ گەشەکردنی زانیاریەکانی و پڕ چێژتر بوونی بۆ کات بەسەربردنەکانی، لە لایەکی ترەوە وەرگری ماندووکرد لە کوێوە پەیامی ڕاستەقینە وەربگرێ و سەرچاوەکانی بەردەستی کامەیان زۆرتر و زووتر بڕوا پێکراوترە، بەتایبەت دوای دروستبوونی سۆشال میدیا و سەرقاڵبوونی زۆرینەی دانیشتوانی زەوی پێوەی،کە زۆر کەس هێندە بەکاری دەهێنێ وەک جۆرێک لە ئالودەبوونی لێهاتووە.
لەم بەر ئەنجامەوە ئەوە بەدی دەکەین، کە ڕەخنە و گلەیی ئەوە هەیە کە چێژی وەرگر لە وەرگرتن کەم بۆتەوە، بەڵام دەکرێ ڕاستر ئەوەبێ کە وەرگر دەبێ لە ئێستادا خولیا و ویستی خۆی دیاری بکات، تا سوود و زانیاری و کات بەسەر بردنەکانی کەسی وەرگر پڕ بایەخترین بێ بۆ فێربوون، بەڵام ئەوەی لێرە جێی تێبینییە خەڵکی ڕانەهاتووی ئەم مۆدێلە ئەوەیە، سەرمایەگوزاری واتێکەڵ بەم تۆڕی گەیاندنانە کراوە ئەستەمە میدیای نیشتمانی و بازرگانی بوون جیابکرێتەوە، ئایا ئەمە ڕێگەیەکی نوێی بازرگانییە، یان ڕێگەیەکی نیشتمانییە بۆ وەرگرتنی زانیاری و پەیامە باڵاکانی پەروەردە و زانیاری گەیاندنی نیشتمانی و نەتەوەیی بوون، هەرچەندە دەتوانرێت بوترێت تاڕادەیەکی زۆر نەتەوەیی بوون و لۆکاڵیەتی بوونیش بەر شەپۆلی جیهانگیری کەوتووە و بگرە ئاڕاستەی ئەم ڕێگەیەش بە میدیا کراوە، لە پاڵ گەشەکردنی مەعریفە و زانیاری گەیاندنی کورت لە میدیاکانەوە بۆ وەرگرەکان.
لە بەرئەنجامی سەرقاڵبوونی تاک و زۆری پەیامنێرەکان ئەوە بە دیار دەکەوێ کە زۆرینەی وەرگر زانیارییەکانی هەواڵییە، چونکە هەندێک نووسەری نوێش هەواڵیانە بابەتەکانیان دەنووسن بەبێ ڕۆچوونە نێو ناوەڕۆکی قوڵی زانین و مەعریفی، ئەمەش بە گوتار و فکر و کردار و هەڵوێست وەرگرتنی زۆرینەوە دیار دەکەوێ. بۆیە ئەم تێنەگەیشتنە قوڵە و بەکارهێنانە دواجار قوربانی یەکەم وەرگرەکان دەبن، کاتێک کەمتر بخوێندرێتەوە و زۆرتر قسە بکرێت و بنوسرێت، ئێمەش لەبەر ئاسانی پەیام بڵاوکردنەوە، چونکە زۆرینە لەیەککاتدا (ڕۆژنامە، تەلەڤزیۆن، ڕادیۆ)ی هەیە ئەویش لە دیواری تۆڕە کۆمەڵایەتیە بەکارهاتووەکان، بەڵام گرنگە ئاستەکان و ئاڕاستەکان جیابکرێتەوە، لە لایەکی ترەوە سەرمایەداری و تەکنەلۆجیا زۆر پێوەری گۆڕیوە بۆ پەیامنێرەکان و وەرگرەکان، بە نموونە دیارەکانی سەرقاڵبوونی بەکارهێنەرانی بۆ پارە پەیداکردن (ڤیوو، لایک)ە ئەمەش بە مانای تا (لایک، ڤیوو) زۆرتربێ پارەی زۆرتر لە بەرهەمە جۆراو جۆرەکانەوە پەیدا دەکرێ، واتە خەمی گشتی بابەتێک نییە، بەڵکو خەمەکە خەمی بینینە.
جا دەکرێ ئەمە پێوانەبێ بۆ ئاڕاستەی میدیا و نوسەرەکان و هونەرمەندەکان کە چۆنیان دەوێ لە ئاڕاستەکردن و گەیاندنی پەیامێک کە توانای بیرکردنەوەکان و دەڕبڕینەکان ببەنە سەرەوە. گەر واش نەکەن ئەوا زەرەرمەندی یەکە وەرگرەکانە، لەویشەوە تەواوی کۆمەڵگە.
لەهەمانکاتدا ڕاستیەکی تر هەیە لە ئێستادا وەرگر پەیامی کورتی دەوێ، بەڵام ئەو پەیام کورتییە نابێ لە ئاستی دەربڕین و نوسین و تێگەیشتن بهێنێتە خوارەوە، بەڵکو دەکرێ پەیامە کورتەکان فکر بجوڵێنێ ئەوەندە مەعریفەیەکی گەورەی لە پشتەوەبێ.

دواجار ڕاستە سۆشیال میدیا خۆنواندنێکی گشتی دروستکردووە، بەڵام جیاکردنەوەی ئاستەکان و دنیابینیەکان پەیوەندی بە تێگەیشتن و پێگەیشتنی تاکەکانەوە هەیە .