سەردێر

ئیسلام چۆن جیهان دابەش دەکات؟

سیامەند خەلیل

تەقینەوەی ئیسلام بەڕابەرایەتی موحەمەدێکی هەژار (د. خ) لە کاتێکی کەم و لە نێوان هەردوو ئیمبراتۆریەتی زەبەلاحی رۆمانی و فارسیدا بە گەورەترین نهێنی سەدەی حەوتەم لای ئاکادیمستە پەیوەندیدارەکانی ئەوروپا هەژمار دەکرێت.
ئەو لێکۆڵەر و مێژونوسانەی ناخوازن بڕوا بە سیناریۆ ئیسلامیەکە بهێنن کە خودا فریشتەی شەڕکەری بۆ پشتیوانی موسوڵمانەکان ناردووە و بەچەندین شێوازی دەرئاسا سەریخستون، بەجۆرێکی تر و بە بەڵگەی ئەکادیمی وەڵامی ئەم نهێنیە گەورەیە دەدەنەوە کە چۆن هێزێکی سنورداری بچوک توانیویەتی لە نێوان دوو توندوتیژترین ئیمبراتۆریەتەکانی جیهاندا و لەچاوتروکانێکی مێژودا بەو فراوانیە بڵاوببێتەوە؟
کەواتە نهێنی پەرەسەندنی ئیسلام لەنێوان ئەم دوو ئیمبراتۆریەتە زەبەلاحەدا چیی بووە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە چەندین پسپۆڕی مێژویی رای خۆیان خستوەتەروو بەلام گرنگترینیان پەیوەندی هەیە بە پەیماننامەکەی مەدینە کە لە نێوان پێغەمبەر(د. خ) و هۆز و تیرەکانی مەدینە و دەوروبەریدا واژۆکراوە. کە وەک کۆنترین دۆکۆمێنتی سەرهەڵدانی ئیسلامی تەماشادەکرێت.
(دیارە ئەوان وەک بەڵگە لە چیرۆکە مێژویەکانی نێو قورئانی پیرۆز ناڕوانن لەبەرئەوە ئەو پەیماننامەیە بە یەکەمین بەڵگەی مێژویی لەوبارەیەوە تەماشادەکەن)
بۆچونەکەش ئەوەیە بەپێی ئەوپەیماننامە؛ ئەوەی کە لە مەدیینە دروستکرا دەولەتی ئیمانی بوو نەک دەوڵەتی ئیسلامی چونکە لەسەدەی حەوتەمدا زۆربەی ئەو ناوچانە شوێنکەوتەی ئایینە فرەخوداییەکان بوون وەک باوەڕبوون بە خودای جیاجیای بۆ باران و ئاسمان و شەڕ و هتد… کە بەشێوەیەکی گشتی کۆمەڵگاکانی شوێنکەوتەی ئەم ئایینانە توندوتیژبوون و لەگەڵ ئیسلامیشدا زۆر توندوتیژ بەریەک کەوتوون بەڵام ئایینەکانی زەردەشتی و موسایی و عیسایی بەشێک بوون لە کۆمەڵگەی ئیمانداران (جگە لەهەندێک خێڵی جوو نەبێت کە لەروانگەی ئیسلامەکانەوە بەپەیمان شکێنی سزادراون و زۆرینەشیان لەنێو کۆمەڵگەی ئیمانداراندا سزا نەدراون و لەچواچێوەی ئەرک و بەرپرسیاریەتیدا پارێزراوبوون)
بەم جۆرە پەرەسەندنی ئیسلام لەنێوانی دوو زەبەلاحی رۆمانی و فارسیدا و گەشەکردنی لە عیراقەوە تا ئیسپانیا و بەو توانا سەربازیە نابەرابەرەوە بەڕای هەندێک لە مێژوناسانی نوێی خۆرئاوایی هۆکارەکەی دروستکردنی کۆمەلگەی باوەڕدارانە (نەک کۆمەڵگەی ئیسلامی) و جیاکردنەوەیەتی لە کۆمەڵگەکانی هاوبەش پەیداکەران و بێ باوەڕەکان.
هەندێک لە سەرچاوە خۆرئاواییەکان ئاماژە بە بەڵگە دەکەن کە تەنانەت هەمان کڵێسا لەنێوان موسوڵمان و کریستیانەکانەوە دوو بەشی لێ جیاکراوەتەوە لەو دوو کاتی جیادا پەرستشیان تێدائەنجامداوە.
بەکارهێنانی زاراوەکانی (امیر الموئمنین) نەوەک (امیر المسلمین) تا چەندین ساڵ پاش کۆچی دوایی پێغەمبەریش یەکێکی ترە لە بەڵگەکانی ئەم بۆچونە.
بە زمانێکی ساکار بڵێین ئیسلام جیهانی بەسەر دوو کۆمەڵگەدا دابەش کردووە؛
کۆمەڵگەی باوەڕداران و یەکتاپەرستان
کۆمەڵگەی بێ باوەڕان و فرەخوداییەکان
کە ئەم دابەشکردنە بەشێکی گەورەیە لە نهێنی سەرکەوتن و فراوانبونی ئیسلام لەو سەردەمەدا
کۆمەڵگەی ئیسلامی چەمکێکی دواترە چونکە لەرووی ئایدیۆلۆجیەوە ئیسلام خۆی بە درێژکراوەی ئایینە ئیبراهیمیەکان دەزانێت.
لەم لێکدانەوەیەمدا تەنها پشتم بەستوە بە هەندێک وانەی مێژوناسەکان لە زانکۆ جیهانیەکان لەرێگەی کەناڵی یوتیوبەوە بەبێ رۆچوون لە سەرچاوە ئاینی و ئیسلامیەکاندا لەبەرئەوە بۆچونەکەم بەدەرنیە لە هەڵە و کەموکورتی بەو پێیەی کە خەڵکانی لەئێمە باشتر و تایبەتمەندتر زۆرن گەر بەدواداچونی بۆ بکرێت.