سەردێر

پەیامێكی سیاسی روون بۆ بارزانی و كازمی

 

رەحمان غەریب

لەهەر قۆناغێكی هەستیار نمایشی سەربازی دەكەن، داخوازیی و دروشمەكانیان بە لولەی چەك و ئۆتۆمبێلی سەربازی سوپای عێراق هەڵدەواسن، بێ گوێدانە ئەوەی ئەمریكا یان حكومەت چ جۆرە پەرچەكردارێكیان دەبێت، “گرتی حەج نەیگرت یاری” موشەكبارانی ناوچەی سەوز و سەفارەتی ئەمریكا دەكەن.

بە نمایشی سەربازی و موشەك هاوێشتن پەیامێكی سیاسی روون بۆ ناوەوە و دەرەوی وڵات دەنێرن كە دەسەڵات و هێز تەنها لە ناوچەی سەوزی بەغدا نییە، كاروانی سەربازی (رەبع ئەڵا) و جوڵە و چالاكی سیاسی و سەربازی هێزی لە كۆنترۆڵ دەرچووی ناو سوپای عێراق وامان پێدەڵێت.

نمایشی ئەمجارەی ئەو هێزە، فۆرمی دەوڵەتی قوڵی بە شێوەیەكی ترسناك بەرجەستە كرد، داخوزاییەكانیان دەربارەی كۆبونەوەی پەرلەمان لەسەر بریاردان لەسەر بودجە و هەروەها پشكی هەرێمی كوردستان لەناو بودجەكە و تەنەنات نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار، هەرەشەی گوێ برین، توانای هێزەكەیان و بێ توانایی حكومەتەكەی جەنابی كازمی زیاتر خستە روو .
هێزێك خاوەن پاڵپشتی دەوڵەتی ئیقلیمی، ئەوەنە كاریگەرییان لەسەر رووداوەكاندا هەبێت و دزەیان كردبێتە ناو دامەزراوەی ئەمنی و سەبازی تۆری بەرژەوەندی ئاڵۆزی مافیای سیاسی و ئابوری ناو پەرلەمان و حكومەت، زیرەكانە دامەزراوەی دینی بەكاربێنێت بۆ خواستەكانی، ئەركی نەك مفاوەزكاری هەرێم، بەڵكو ئەركی پەیوەندی ئاڵۆزی هەموو دامەزراوەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا ئاڵۆزتر و قورستر دەكات.

جا ئەوانەی تانەیان لە ئەدای وەفدی مفاوەزكاری بەغدا گرت، كە هەندێكیان دڵسۆزانەو واقعییە، با ئەو راستیەش بە رای گشتی بڵێن، كە گرتەی كاروانی ئۆتۆمبێلی سەربازی “رەبعوڵا” و هاوپەیمانەكانیان، چەندە كاریگەری لەسەر كۆی دیمەنی سیاسی و كەشی مفاوەزاتی بەغداو هەرێم هەیە.

ئەو نمایشەی ئەمرۆ چەندە بۆ راكێشانی سەرنجی، حكومەتەكەی جەنابی كازمی و هێزەكانی ئەمریكایە، ئەوەندەش بۆ ناردنی پەیامە بۆ حكومەتەكەی جەنابی بارزانی كە ناوەرۆكەكەی بە دێرێك كورتدەكرێتەوە “هەرەشەو سەرئێشەی بەردەوامین بۆ سەر سیستمی سیاسی و سیاسەتی ئابوری و ناوەندی بریاری سەربەخۆی عێراق”.

هەرچەندە ساڵی پار لە بەغدا گریان بەردایە بارەگای سەرەكی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەخەتی روون لەسەر دیواری بارەگای سوتێنراو دروشم و ناوی ئەم گروپە نوسراوە، بەڵام بۆ كوردستان دیمەنێكی راگوزەر بوو، تەنانەت كەوتە ناو بگرەو بەردەی ململانێی ناوخۆمان.

دەمێكە شارەزایانی سیاسی ووتویانە، ئەوانەی حوكمی عێراق دەكەن، تەنها لەناو زۆنی سەزودا نین، بەشە كاریگەكەیان لە دەرەوەی سنوورن، تۆڕی مافیا و گەندەڵكارانی ناو پەرلەمان و حكومەت، بەرگری لە بەهاكانیان دەكەن، ئینجا كورد پێویستی بە وەفدیكی مفاوەزكاریشە بۆ دەرەوەی سنور.