سەردێر

پارادۆکسی سیستمەکان لە جیهانی نوێ

سەروەت تۆفیق

سیستمە جیهانی و لۆکاڵییەکان، بۆ ڕێکخستنی ژیان شایستەیی مرۆڤەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا ناچونیەکی لە بانگەشەکردن و پراکتیزەکردنی سیستمەکاندا هەیە، بۆنموونە لە دنیا بینی سەرمایەداریدا ماددە هەموو شتێکە، هەر جوڵە و ڕەفتارێ تەنها لە دیوە ئابوورییەکەیەوە تەماشا دەکرێ، ئەو دیوەی کە قازانج بەتێکڕا لە ماددە دەبیندرێت، واتە سنووری کاڵاکان فراوانتر و بازاڕگەری هەمەجۆر هاتۆتە بوون کە جیاوازە لە زەمەنی پێشووتر، بۆیە بازاڕگەری و سیستەمەکان جیاناکرێتەوە کامە سەرمایەدارییە و کامە سۆسیالیستی و لیبڕاڵییە.

واتە هەندێکجار بانگەشە و وتار شتێکە و واقعی بوونیش شتێکی دیکەیە، بەتایبەت چۆن لە قازانجیان بێ لە ناوەوە و دەرەوە وڵاتان وا ڕەفتار دەکەن، بە نموونە دەوڵەتێکی وەک چین لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا سیستمی سۆسیالیستی عەیارە نایاب بانگەشە دەکات، کەچی لە دەرەوەی سنوورەکانی بازرگانێک و دەوڵەتێکی پیشەسازی گەورە، کە کێبڕکێی تەواوی دەوڵەتانی سەرمایەداری دەکات بە ئاڕاستەی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی بەرهەمهێنان و سەرمایەگوزاری جیهانی بۆ بە دەستهێنانی قازانجی زۆر و گەورەبوونی زیاتری لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کەچی ئەمەش لە بەرئەنجامی بەدەستهاتووی کۆڵ و ڕەنجی کرێکارە زەحمەتکێشەکانی زۆرینەی ناوخۆیی و کەمینەی دەرەوەیە، بۆ دەستبەسەردا گرتنی ئابووری جیهانی ئەویش نەک لە پێناو ئەوەی سۆسیالیزم پەرەپێ بدات، بەڵکو لە پێناو ئابووری پلەیەک، لەو ڕێگەیەوە کۆنتڕۆڵی سیاسەتی جیهان بکات.

کێشەی گەورەی ئەمریکا و چین لە ئێستادا بوونی کرانەوە و مافی مرۆڤ نییە، وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێ، چونکە چەندین ساڵە ئەو باسانە لەو وڵاتەدا هەیە، بەڵام تۆخ کردنەوەی کێبڕکێکان لە سەر سەرمایەی بەگەڕخستن و بە دەستهێنانی زۆرترین قازانجە.

بە واتایەکی تر کۆمپانیا چینەیەکانە لە تەواوی جیهان و هەندێک جار لەناو خودی ئەمریکادا کێبڕکێی کاڵاکانیان دەکەن، جیا لەو جۆرە پارە ئەلکترۆنیانەی چین کە خەریکە دەبێ بە دیفاکتۆ و مامەڵەکانی فراوانتر بکرێ و قازانجی زۆری لێوە دەستدەکەوێ، کە پارەی وڵاتانی دیکە دەتوانێ بباتە ناو وڵاتەکەیەوە و سەرمایەگوزاری و بەرهەمهێنانی پێبکات.

وەک دەبیندرێ لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و دروستبوونی چەند دەوڵەتێکی نوێ، دواتر سەرهەڵدانی جەنگی دووەمی جیهانی ڕێککەوتنی براوەکانی جەنگ بووە هۆی دروستبوونی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتی نوێ، دوای چەند دەیەیەک لەو ڕووداوانەی جەنگی سارد، دووبارە بووە هۆی دروستبوونی دەوڵەتی نوێ، بەڵام کێشەی نەتەوەیی و ئایینی و گرووپە جیاجیاکان هەر کەمی نەکرد، بەڵکو زۆر جەنگ و ڕووداوی خوێناویش ڕوویدا، ڕاستە زۆریان پەیوەندی بە سەرهەڵدانی گرووپە توندڕەوەکان و خراپی حکومڕانییەوە هەبووە، بەڵام سەرباری هەبوونی دەسەڵاتی چاودێری و پێویست بوونی نەتەوەیەکگرتووەکان، بەڵام ڕۆڵی بەرەو لاوازی چووە، بە تایبەت لە کێشەکانی پەیوەست بە مافی چارەی خۆنووسینەوە، هەرچەند ئەو مافە لە ئێستادا بۆ ئەو گەلانەی کە خۆیان بەڕێوە دەبەن و تاڕادەیەک مافی دەستووریان هەیە لە چوارچێوەی دەوڵەتەکەیاندا لەم مافە تا ڕادەیەک دەتوانرێ بوترێت بێ بەشکراون، وەک (هەرێمی کوردستان، هەرێمی باسک، …)، بەڵام ئەوەی جێگەی ڕەخنەیە ئەوەیە خۆبەڕێوەبەری بە هاوبەشی لەگەڵ دەوڵەتی ئیتحادییەک دەبێ، کە ڕێز لە بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و نوسراوەکانی نێو دەستوور بگرێ، نەک ئەوەی لەبەرژەوەندییەتی باس باسی دەستووربێ و ئەوەی کە لە بەرژەوەندی نەبێ کار بە دەستووری پەسەند گەلی سەروو دەسەڵات و یاساکان نەگرێ.

بۆیە پێچەوانەکەی باس ناکەم، چونکە هەمیشە مەرکەز بەهێزترە لە هەرێمەکان، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە پێویستە پێداچوونەوە و تێگەیشتنێکی نوێ لەو بوارانەی هێز بڕیاردەر نەبێ، بەڵکو هاوسەنگی هێز و لێکتێگەیشتن و دیموکراسی ئاڕاستەبێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەو ئاریشەکانی ئەو نەتەوانەی کە بە فعلی شایەنی خۆبەڕێوەبەرین وەک دەوڵەت.

– فەڕەنسای دڵی سیاسەت داڕێژەری ئەوروپا و لانکەی دیموکراسی جیهان، سەرباری لە خۆگرتنی دەیان هەزار موسڵمانان وەک پەنابەر، کەچی ناچوونیەکی لە بانگەشەکردنی ئازادی و دیموکراسی و کرانەوە و یەکتری قبوڵکردن و ڕاگرتن و پاراستنی کەرامەت و هەستی ئینسانەکان بێ جیاوازی ڕەنگ و ئاین و زمان و شێوەیان، بە بڵاوکردنەوەی وێنەکانی پەپامبەر و ڕێنیشاندەری موسڵمانان هەستی زۆرینەی زۆرینەی زۆری موسڵمانانی ئازاردا.

– ئەمریکای پلە باڵای گەشە و بانگەشەکاری دیموکراسی زۆری نەمابوو، جەنگی ناوخۆیی لەنێوان لایەنگرانی (ترامپ و بایدین) ڕوونەدا، هەموومان دیمەنەکانی (کۆنگرێس)مان بینی لەسەروبەندی کاتی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە ئەمریکا، کەچی کاتێک خۆپیشاندەرانی باشکردنی خزمەتگوزارییەکان و بژێوی بۆ ژیان و ژیان شایستەی وەک مرۆڤێکی باڵا لە وڵاتێکی دەوڵەمەند، بەڵام گەندەڵکار کاتێک چوونە نێو (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق) ئەندام پەرلەمانی وای تێدایە کە سەرەواوێکی دیموکراسیش نازانێ چییە و بڕواشی پێی نییە، ئەمەش لە هەردوو بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات بینیمان بیناکەیان چۆڵکرد بەبێ توندوتیژی.

ڕاستە بەراوردکردنی لە زۆر ڕووەوە دروست نییە، بەڵام ئەوەی بەسەر ئەمریکاش هات مانای وایە کاتێک دەسەڵات لە سیستمی سەرۆکایەتی بۆ کەسێکی پۆپۆلیست لە سیاسەت و بازاڕساز و هەمیشە قازانج ویستی مادیی، چەندە ئەگەری ڕووداو و زیانی گەورەی دەبێ لە سەر ئەوەی کە لە ڕابردووداش بوونیادی ناوە.

– دەوڵەتانی گەورەی دنیا خەریکی بازرگانی و پیشەسازیین، دەوڵەتە هەژارەکانیش بڵاوبوونەوەی جۆرەها نەخۆشی، کە هەندێک پێیانوایە وەک تاقیگە ئەو ناوچانە بەکاردەهێندرێن، لە کاتێکدا ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەرکی تەنها شەڕ ڕاگرتنی نێوان دەوڵەتان نییە، بەڵکو هاوسەنگی پاراستن و دابینکردنی ئاسایشی تەندروستی جیهانیشە.

_ لە زۆرینەی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی بڕوابوون بە دیموکراسی تەنها بۆ چۆنیەتی میکانیزمی پڕۆسەی هەڵبژاردنە  و پڕ کردنەوەی کورسییەکانە، ئەویش وەک جۆرێک لە شەرعیەت بوون، بەڵام دواتر ئایا لانیکەم دیموکراسی قبوڵە گەر باس لە دۆڕان و لاوازی بێ، وەک تورکیا، هەڵبژاردن وێنەی جوانی دیموکراسییە، بەڵام ئایا بەفعلی دیموکراسی وێنای خۆی دەکرێ .