سەردێر

بەراوردێکی تەقویمی کوردی و ڕۆمانی

هونەر تۆفیق

سەرەتای ساڵ لە کالندەر ( تەقویم) ی کورد و ئێرانیدا لەیەکەم ڕۆژی بەهارەوە دەستپێدەکات کە دەکاتە ٢١ ی ئازار – مارس .
مانگی یەکەم پێی دەگوترێت نەورۆز، مانگی نەورۆز لە کالەندەری رۆمانیدا دەکەوێتە ٢١ ی مارس تا ٢٠ ی نیسان – ئەپریل ، واتە نێوان مانگەکانی سێهەم و چوارەمی ڕۆمانی، بەڵام تا سەدەی چواردەهەم لەفەرەنسادا مانگەکانی سێهەم و چوارەم ، مانگی یەکەم و دووەمی ساڵبوون لە کالندەری ڕۆمانیدا .
ساڵی ١٥٦٤ شارڵی نۆهەمی پادشای فەرەنسا ، فەرماندەکات مانگی کانونی دووەم – جێنیوەری کە مانگی دەهەمی کالیندەری ڕۆمانی بوو بکرێتە مانگی یەکەمی ساڵ .
لەسەدەی هەژدەهەمیشدا پادشای بەریتانیا بڕیاردەدات وەک فەرەنسیەکان مانگی یەکەمی ساڵ لە مارس – ئازارەوە بگۆڕن بۆ جێنیوەری و مانگی مارس ببێتە سێهەم مانگی ساڵ، مانگی دووەمی ساڵیش کە لە کوردیدا گوڵانە و لە رۆمانیدا ئەپریلە ( دواتر بۆتە مانگی چوارەم ) هەمان مانا و واتایان هەبووە، ئەپریل لە وشەی Aprice ی یۆنانیەوە وەرگیراوە کە دەکاتە گەشانەوەی خونچە گوڵ و لە کوردیدا گوڵانە .
لەپاش ئەو گۆڕانکاریە لە ڕیزبەندی مانگەکانەوە درۆی یەکی نیسانیش پەیدابووە، درۆکە لەوێوە هاتووە کە دەبوو ئاهەنگی سەری ساڵی رۆمانی لەنێوان مارس و ئەپریلدا بایە ، بەڵام پاش گۆڕانکاریەکە شۆخیەکی باو لەناو گەلانی ئەوروپیدا دروستبووە کە سەری ساڵ درۆیە لە ئەپریلدانیە و کەوتۆتە جێنیوەریەوە .
بەپێی ڕیزبەندی مانگەکانی ساڵی ڕۆمانی هەتا ئێستا ژمارە بەدوا یەکەکانی مانگ بەناوەکانی خۆیانەوە ماونەتەوە ، بۆ نمونە :
مانگی جولای پێش گۆڕانکاریەکە پێنجەمین مانگی ساڵ بووە، ئێستا بۆتە حەوتەمین مانگ ( تەموز) Juille پێشتر ناوی کانتیلۆسی یۆنانی بووە کەدەکاتە مانای ژمارە پێنج .
مانگی هەشتەم ئۆگوست – ئاب ، پێشتر ناوی سێکستیلس بووە کە دەکاتە ناوی ژمارە شەش .
مانگی نۆهەم ئەیلول – سێپتەمبەر لە زمانی یۆنانیدا دەکاتە ژمارە حەوت.
مانگی دەیەم تشرینی یەکەم، ئۆکتۆبەر ، دەکاتە ژمارە هەشت .
مانگی یانزدەهەم تشرینی دووەم – نۆڤەمبەر ، ماناکەی ژمارە نۆیە .
مانگی دوانزەهەم کانونی یەکەم – دیسەمبەر ، ماناکەی دەکاتە دەیەم، نەک وەک لە کالێندەرەی ئێستادا بەمانگی ژمارە دوانزدە دێت.
لەپاش مانگی دەیەم ، یانزەهەم و دوانزەهەم (جێنیوەری و فێبریوەری )بوون ، ئینجاکە مارس دەبووە سەرەتای ساڵی نوێ و مانگی یەکەمی ساڵ وەک لە کالێندەرە کوردی و ئێرانیەکەی ئێستادا هەیە .