سەردێر

لەنەورۆزدا وەڵامی داخستنی HDP درایەوە

زۆربوون ئەوانەی ڕایان وابوو کە دوای شکستی پڕۆسەی ئاشتی، جارێکی دیکە HDP ناتوانێت گردبوونەوەیەکی ملیۆنی لەتورکیاو باکووری کوردستان ئەنجامبدات.

ئەو قەناعتەی ئەوان لەوە سەرچاوەی گرتبوو گوایە گردبوونەوە ملیۆنیەکانی نەورۆزی ئامەدو شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان، تەنها بەرهەمی پڕۆسەی ئاشتی بووە، هەروەها لێرەو لەوێش بەناڕەوا HDP بەهۆکاری لەدەستدانی ئەو دەرفەتی پڕۆسەی ئاشتی تۆمەتباردەکرا.

ساڵانێکە لەسەر ئاستی دەسەڵاتدارانی تورکیا، بەتایبەت لەنێو هاوپەیمانی حوکمڕانی ئەکەپەو مەهەپە، کار بۆ ئەوە دەکرێت کە جەماوه‌رو HDP لێکداببڕێن.

دوای سەرکەوتنەکانی HDP لەهەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی تورکیا کە لەحوزەیرانی 2015 ئەنجامدرا، هەروەها شکستی هاوپەیمانی ئەردۆغان – باخچەلی لەهەڵبژاردنی شارەوانیەکان لە2019، بەتایبەت بەلەدەستدانی هەریەک لەشاره‌وانی مەزنی (ئیستانبوڵ‌و ئەنكەرەو ئیزمیر)، دەسەڵاتدارانی تورکیا بەپلان‌و بەرنامە کاریانکردووە بۆ دژایەتی HDP، تا کار گەیشتە ئەوەی لەو چەند رۆژە لەڕێگای دادگاوە هەوڵبدرێت کە HDP وەک سێیەمین هێزی تورکیا دابخرێت، خەباتی سیاسی لەهەزاران سەرکردەو کادیری HDP قەدەغە بکرێت.

جێگای هەڵوەستەیە لەماوەی ئەو چەند ساڵەی دواییدا، جگە لەزیندانیکردنی هاوسەرۆکەکانی HDP، سەڵاحەدین دەمیرتاش‌و فیگەن یوکسەگداغ، چەندین پەرلەمانتاری HDP پارێزبەندیان لەسەر هەڵگیراو خرانە زیندانەکان، دەیان سەرۆک شارەوانی دەستگیرکران‌و قەیوم لەشوێنەکانیان سەپێندران، بەهەزاران کادیرو لایەنگیری HDP خرانە زیندان، بەشێوەیەک کە بەڕای زۆرێک لەچاودێران لەئێستادا تورکیا جگە لەزیندانێکی گەورە هیچی دیکە نییە، بەتایبەت بۆ کوردان‌و لەنێویشیاندان بۆ هەدەپەیەکان.

ئەگەر تورکیا بەرامبەر دۆزی میللەتێک ئەوە سیاسەتی بووبێت کە HDP نوێنەرایەتی دەکات کە ملیۆنان کەس لەهەڵبژاردنەکان دەنگیان پێداوە، ئەوا HDP ئەرکی بووە لەسەر چەندین ئاڕاستە شکست بەو سیاسەتەی ئەردۆغان‌و هاوپەیمانەکەی بهێنێت.

شایانی باسە زیندانیکردنی هاوسەرۆک‌و پەرلەمانتارەکان‌و سەرۆک شارەوانیەکان نەک پاشەکشەی بەخەباتی سیاسی‌و مەدەنیانەی ئەو پارتە نەهێناوە، بگرە گەورەترین شەرمەزاری بۆ تورکیا لێکەوتۆتەوە، بەتایبەت کاتێک لەئاستی دادگای مافی مرۆڤی ئەورپی چەندینجار داوا لەتورکیا کراوە کە دەمیرتاش ئازادبکات.

هەروەها هەڵوێستی ئەمدواییەی کۆشکی سپیش بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەچیتە چوارچێوەی ڕەوایەتی پرس‌و خەباتی HDPو شکستی پلانی نەیارانی.

لەئاستی ناوخۆی تورکیاو باکووری کوردستانیش، بەرخۆدانی بەردەوامی HDP بەڕووی فشارە نادیموکراسیانەی هاوپەیمانی فەرامانڕەوا وایکردووە کە ڕۆژ بەڕۆژ خەڵکی زیاتر بەدەوری ئەو پارتە کۆببێتەوە.

کۆکردنەوەی سەرجەم پارتە کوردی‌و کوردستانیەکان لەباکووری کوردستان لەژێر ناونیشانی ئیتفاقی نەتەوەیی کە هەدەپە وەک چەترێک کۆیکردوونەتەوە، وەڵامێک بوو بۆ ئەوانەی کە وەک تورکیا رەخنەیان لەبیرورباوەڕو سیاسەتی HDP دەگرت، پێیانوابوو هەدەپه‌ تاکڕەوانە لەباکووری کوردستان کاردەکات‌و نوێنەرایەتی دۆزی کورد ناکات.

دواجار HDPلەجەژنی نەورۆزدا پەیامی بۆ دۆست‌و نەیارانی نارد، دۆستەکانی شادکردو نەیارانی زیاتر نیگەران کرد.

جەژنی نەورۆز ئەمساڵ، باشترین پەیام بوو بۆ هەوڵەکانی (ئەردۆغان‌و باخچەلی) کە بەخەیاڵی خاوی خۆیان HDP دادەخەن‌و ئەو پیلانەیان بۆ دەچێتەسەر.

بەڵام بینرا کە نەورۆز بۆ HDP کرایە گەورەترین ڕاپرسی کە دەبێت ئەردۆغان لێی تێبگات کە HDP مادام ملیۆنان کەسی لەپشتە، بەتایبەت لەئەو خەڵکە ئازاو خۆڕاگرە، ترسی لەداخستن نییە، بۆیە لەزاری هاوسەرۆکەکان وتیان: HDP نا پارتێکی دیکە.