سەردێر

بەرگری لە سەڵاحەدین

کاتێک مێژووی سەربازی باسی سەرکردە ستراتیژیە مەزنەکان دەکات ، ئەلێکسەندەر و هانیبال و سەلاحەدین و ناپلیۆن وەک لێهاتووترین سەرکردەی سەربازی دەناسێنێت و چیرۆکی نەخشە و پلانەکانیان تا ئێستاش لە ئەکادیمیە سەربازیەکاندا بەبێ لێکدانەوەی ئایینی و مەزهەبی بەهەند وەردەگیرێت .
سەڵاحەدین کوڕی سەدەی دوانزەیە ( 1138-1193) کە سەدەی جەنگە جیهانگیرەکانی ئاسیا و ئەوروپایە . ئەو ژینگەیەی سەڵاحەدینی تیادا دروستبووە ژینگەی هێزە زەبەلاحەکانی وەک مەغۆل و خاچیەکان و حەشاشینەکان بووە . ژینگەی شەڕی ناوخۆ و پەرت و کەرت بوونی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی و لاوازبوونیەتی . ئەمیرە تورکەکان و سوڵتانە مەغۆلیەکان لە رۆژهەڵاتەوە جیهانی ئیسلامیان هەراسان کردووە . لەخۆرئاواشاوە ئەوروپیەکان ( خاچیەکان ) هەموو ناوچە ستراتیژیەکانی ئیسلامیان داگیرکردبوو . لەناوخۆشدا حەشاشینەکان زۆریان بۆ ئەمیر و والی و هەتا خەلیفەکان هێنابوو ، چەندجارێکیش هەوڵی کوشتنی سەڵاحەدینیان داوە .

عەسکەرێکی گەنجی وەک سەلاحەدین لەو ژینگەیەدا بەبێ ڕەچەڵەکی پێشینەی قەبیلە و نەسەبی ئەهل بەیتی سەر بە ماڵی پێغەمبەر و خزمایەتی لەگەڵ خەلیفەی عەباسی ( ناسرەدین الله ) دا نەبێت ، بتوانێت ببێتە دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەیوبی لە میسرەوە تا بەغدا . ئەمە لێهاتوویی ئەو عەسکەرە دەسەلمێنێت و شایەنی ستایشە .

یەکێک لە نمونەکانی سوارچاکی ئەو سەردەمە لێبووردەیی و دادپەروەریە . سەڵاحەدین وەک سەرکردەیەکی سوارچاک کاتێک هێرشی کردە سەر دەوڵەتی زەنکیەکان لە حەلەبەوە تا موسڵی لێسەندنەوە ، ئابڵۆقەی سنجاری دابوو . لەو کاتەدا کەدەبوو شەڕ دەستپێبکات ، پیرە ژنێکی سنجاری دەچێتە بەردەم سوپاکەی سەڵاحەدین و داوای لێدەکات هێرشەکەی ڕاگرێت .لەبەرئەوەی بوکەکەی ( ژنی کوڕەکەی ) دووگیانە و لە ساتی منداڵبووندایە . سەڵاحەدین هێرشەکەی ڕادەگرێت تا ئەو ژنە منداڵەکەی دەبێت . جوامێریەکانی ئەو سەرکردە سەربازیە لەبەرانبەر ئایینەکانی تردا کە دوژمنەکانیشی تا ئێستا ڕێزی لێبگرن و بە ستایشەوە ناوی دەهێنن ڕێزگرتن بووە لە دوژمنەکانیشی .

ئەو سەرکردەیە هەموو نەتەوە موسڵمانەکان ( تورک و عەرەب و فارس و ئازەری ) دەیانەوێت ڕەچەڵەکی بەرنەوە سەرخۆیان . کەچی کورد کە ڕەچەڵەکی خۆیەتی داوا دەکەن تفی تێبکرێت چونکە گوایە موغە زەردەشتیەکانی لە ئێران و هیند کوشتووە . لەکاتێکدا لەسەردەمی سەڵاحەدیندا ، هیند و ئێران لەژێر دەستەڵاتی مەغول و سەلجوقیەکاندا بوون . دەستەڵاتی سەڵاحەدین نەگەیشتووە بەو ناوچانە تا کوشتاریان لێبکات .