سەردێر

دەرکەوتنی زیاتری ئیسرائیل لە کەنداودا

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

وەزیری هەواڵگری ئیسرائیل (ئیلی کۆھین) ڕایگەیاند “عومان و سعودیە و قەتەر و نەیجیریا لە کیشوەری ئەفریقیا، و زۆرێکی دیکەی وڵاتانی کەنداو و کیشوەری ئەفریقیا بەنیازن لە داھاتوویەکی نزیکدا ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئیمزا بکەن، ئەم پەیامەی ئیسرائیل بۆ تەواوی وڵاتانی کەنداو بەڵگەی ئەوەیە ئیسرائیل هێشتا چاوی زیاتری لە کەنداوەو زیاتریشی دەوێت لە وڵاتانی کەنداو.

ئیسرائیل دوای پشوو درێژییەکی زۆر لە گۆشەگیری سیاسی و ئابووری و دپلۆماسی دوور مەودا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە، لە ئێستادا کەوتۆتەسەر شاڕێگای بەدەستهێنانی ئامانجە باڵاکانی کە لەساڵی 1948ەوە و لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە جولەکە ئیشی لەسەر دەکات، لەئێستادا پێناچێت چیتر هیچ ڕێگری و بەربەستێک بیوەستێنێت یان پاشەکشێ بەئیسرائیل بکات، چونکە ئەم دۆخە کراوەیەی ئیسرائیل پێیدا تێپەڕدەبێت وەک خەونێکی لەدەستچوو وابوو لەچرکەساتێکدا زیندوو بووەوە و گەڕایەوە خاڵی سەرەتا.

ئەوەی ئێستا ئیسرائیل لە کەنداو و بەتایبەتتر لە سعودیە دەستی کەوتووە، زۆرە و بێبەرامبەرە لەچاو ئەو پێشبینیانەدا کە جوولەکە بۆ کرانەوەیان لەگەڵ عەرەب هەیانبووە لەدوای جەنگی عەرەب ــ ئیسرائیلی 1967ەوە کە میسرو ئوردن لەجەنگەکەدا تێکشکان و ناکۆکی نێوان عەرەب و ئیسرائیل پێینایە قۆناغێکی خراپترەوە. کاتێک ئێستا بەرەی وڵاتانی کەنداو دەیانەوێت هەنگاوێک لە ئیسرائیل بچنە پێش ئەوا ئیسرائیل بەدوو هەنگاو، دوو مەبەستی ئابووری و ئەمنییەوە لێیان دەچێتە پێشێ.

تەنها شتێک ئیسرائیل لەئێستادا لێی ورد دەبێتەوە و وەک مەترسی لەبەردەم ئەم کرانەوەیەی خۆیدا دەبینێت، دانیشتنەوەی سەرلەنوێی ئەمریکا ــ ئێرانە کە ڕێگە بە ئێران بدات لەکەنداودا جوڵەی سیاسی و ئابووری …..هتد بکات و دەستی ئێران ئاوەڵا بکات لەخزمەتکردنەوەی هەموو ئەو هێزە سیاسییە شیعیانەی لەناوچەکەدا بەکوڕی شەرعی ئێران و شیعە ناوزەد دەکرێن و ئیسرائیل وەک بەربەست دەیانبینێت. ئیسرائیلیەکان پێیانوایە ئەگەر ئەمریکاو ئێران هەر جۆرە نزیکبوونەوەیەک لەنێوانیاندا بێتەگۆڕێ لەقازانجی ئەوان نییە و ئیدارەکەی جۆبایدن لەسەر هەمان ئەو خزمەتانە بەردەوام نابێت کە ئیدارەکەی دۆناڵد ترامپ بەئیسرائیلی کردووە.

هەنگاوە خێراکانی ئیسرائیل و دەرکەوتنی زیاتری لەکەنداودا، لەلایەک بۆ ئەوەیە بەزوویی دەستی بگاتە سەروەت و سامانە بێشوومارەکەی کەنداو و وڵاتانی دیکە، لەلایەکیتریشەوە دەیەوێت پێش ئەوەی هەر گۆڕانکارییەک لەنەخشەی بەرژەوەندی ئێرانی ــ ئەمریکی ــ سعودی دا ڕووبدات، ئیسرائیل جوڵەی پێویستی خۆیی کردبێت و هیچ گۆڕانکارییەک نەبێتە ڕێگر بۆ ئیسرائیل.

وەک لێپرسراوانی ئیسرائیل دەڵێن: گەلێک وڵاتی دیکەی ناوچەکە و کەنداو و ئەفریقیا دەیانەوێت ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل بکەن، ئەم ئاراستە گۆڕینەی عەرەب بەرەو ئیسرائیل هیچ پەیوەندی بەوەوە نیە کۆمەڵگا عەرەبییەکانی کەنداو و خۆرهەڵات سەرسام بن بەڕۆشنبیری و کەلەپوور و فەرهەنگی جوو، بەڵکو پەیوەندی بەو چەشەیەوە هەیە کە ئیسرائیل لەبەردەم سەرکردەکانی کەنداو و وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقیدا دایناوە و تامیانکردووە، چونکە ئیسرائیل لەپێناو کرانەوە زیاتر و داواکاری زیاتردا لەوڵاتانی عەرەبی، ئامادەیە خۆیشی زیاتر ببەخشێت.

ڕەنگە کتێبی “سوودەکانی شەڕ”ی پیاوە چالاکەکەی دەوڵەتی ئیسرائیل (ئاری بن مۆناشێ) باشترین نمونە بێت بۆ جوڵەکانی ئیسرائیل و مۆساد لەڕابردوودا کە ئەم خێرا کرانەوەیەی ئیسرائیل پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بەو زەمینەسازییە پێویستەوە کە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) لەماوەکان ڕابردوودا کاری لەسەر کردووە و گۆشە نهێنییەکانی پەی پێبردووەو لە زۆر خاڵی وەک سێکس و پارە و بەرژەوەندی تاکەکەسیدا زۆر سەرۆک و لایەن و کەسیان کۆنترۆڵ کردووە.