سەردێر

سەردانەکەی پاپا سیاسی یا مەزهەبی؟

لەیلا عەلی عەبدولعەزیز

ماوەیەکە میدیاجیهانی و ناوخۆییەکان بە گرنکی یەوە باس لە سەردانی ڕێبەری کاسۆلیکەکانی جیهان دەکەن بۆ عێراق،وەئەم سەردانە بە ڕوداوێکی مێژویی وەسف دەکەن، کە بڕیارە  رۆژی هەینی 5ی (مارس) بێتە عێراق و لەگه شتێکی سێ ڕۆژەدا چەند پەیامێک بگەیەنێت، پاپا دوای دابەزینی لە بەغدای پایتەخت سەردانی هەریەک لەشارەکانی نەجەف و ئور و موسڵ و هەولێر دەکات.

هەرچەندە بەهۆی دووبارە دەنگۆی بڵاوبونەوەی کورۆناو موشەکبارانەکانی ناوچەی سەوزو چەند ند ناوچەیەکی تر،هەندێک بۆچون هەبو لەسەر ئەگەری دواخستنی سەردانەکەی بەڵام لە نوێترین ڕاگەیەنراوی ڤاتیکاندا دڵنیایی درا بەوەی پاپا لە کات و وادەی خۆیدا ئەو سەفەرە مێژوییە ئەنجام دەدات.

یەکێک لە گرنگترین وێستگەی سەردانەکەی لەماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا کە میدیاکان بەگرنگی باسی لێوەدەکەن بەتایبەت میدیا شیعیەکان سەردانیکردنی نەجەف و دیداری پاپایە لەگەڵ سیستانی گەورە مەرجەعی شیعە بەووتەی ڕەحمان عامری باڵیۆزی عێراق لە ڤاتیکان لەو دیدارەدا پەیماننامەیەکی هاوکاری و ڕێککەوتنی ئایینە جیاوازەکان واژۆ دەکرێت، بەڵام میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە زمانی نوسینگەی سیستانی یەوە ڕایانگەیاند کە واژۆی هیچ ڕێککەوتن و بەڵێننامەیەک لە ئارادا نیەو قسەکانی سەفیری عێراق لە ڤاتیکانیان ڕەدکردەوە.

پەیڕەوانی شیعە سەردانی پاپا بۆلای سیستانی و چاوپێکەوتنی لە ماڵی تایبەتی خۆیدا بە گرنگ و ەسف دەکەن و دەڵێن تا ئێستا پاپاسەردانی هیچ ڕێبەرێکی مەزهەبی لە ماڵی تایبەتی خۆیدا نەکردوە و لە مێژودا ڕوی نەداوە.

ئەم سەردانەی پاپا لەسەر پێشنیاری ساکۆ ی ڕێبەری کەمینە کلدانیەکانی عێراق و جیهانە بوەو لەسەرپێشنیاری ئەو حکومەتی عێراق داوەتی ڕێبەری کاسۆلیکەکانی جیهان دەکات.

بێگومان سەردانی پاپای تەمەن 83ساڵ و بڕینی 1500کم بۆ عێراق و بونی مەترسی داعش کە نزیکەکانی پاپا بەگه شتێکی مەترسیدار باسی لێوەدەکەن، هەروا ناکرێ بێ ئامانج و وەک گەشتێکی مەعنەوی لێی بڕوانرێت، بەڵکو لەناو ئاخنیدا ئاماژەی زۆر هەڵدەگرێت، بیرمان نەچێ ڤاتیکان دەوڵەتەو لە پرسە سیاسیەکاندا سەنگی هەیە بۆیە ناکرێ تەنها بە سەردانێکی مەزهەبی تەماشاو شیکاربکرێت، گەورەتر لەوە دەکرێ ڕەهەندێکی سیاسی گرنگی هەبێت.

دەبێت ئەوەش بزانین ژمارەی مەسیحیەکان لەعێراقدا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردوە بەجۆرێک لەدوای 2003و جەنگی عێراقەوە ژمارەیان لە یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار کەسەوە بووەتە نزیکەی 400هەزار کە س، ئەم دابەزینە بەرچاوەش یەکێ لە مەغزاو هۆکارەکانی سەردانەکەی ڕێبەری کاسۆلیکەکانی جیهان بۆ عێراق ڕوونتر دەکاتەوە، بەتایبەت کاتێک لەدوا پەیامیدا پاپا فرانسیس دەڵێت: “خوشک و برا کریستیانە ئازیزەکان، ئەوانەی لەنێو جەرگەی نەھامەتییە ھەرە سەختەکاندا دەستبەرداری باوەڕتان نەبوون، بەوپەڕی پەرۆشییەوە جۆش و خرۆش دایگرتووم بۆ دیدارتان.” هەروەها رایدەگەیێنێت: “دەمەوێ باوەشی پڕ نەرمی کەنیسەکانتان بۆ بھێنم”.

بێگومان ئەمە ڕەهەندێکی سەردانەکەیەتی، لەدیوێکی ترەوە بەهۆی باڵادەستی شیعە لە حوکمڕانی عێراق و سەنگ و قورسایی ئێرانیش وەک ووڵاتێکی شیعە مەزهەب بەسەر عێڕاق و ناوچەکەوە دەکرێ سەردانیکردنی شاری نەجەف وەک پایتەخت و قیبلەگای شیعەکان گرنگی و کاریگەری خۆی هەبێت، بەڵام ئایا ئامادەسازی هەرێمی کوردستان بۆ پێشوازی گەرم لە پاپا هیچ لە مەسەلە سیاسی و ئابوری یەکانی دەگۆڕێت؟ یان تەنها دەستخۆشیەکە بەوەی لانکەی فرەئاینی و پێکەوەژیانە؟ یاپێشوازیێەکە پەیامی هەولێرو نیازپاکی دەسەڵاتی حوکمڕانە بەوەی کوردستان لانکەیەکی ئاڕام بوە بۆ مەسیحیەکان.

بەدیوێکی تردابڕوانین ، سەردانیکردنی شاری ئور وەک زادگای پێغەمبەر ئیبراهیم علیە السلام و گرێدانی بەگەشتەکەی 2019ی پاپا بۆ ئەبوزەبی و واژۆی بەڵگەنامەیی پێکەوەیی ئایینەکان لەگەڵ ئەحمەد تەیب، شێخی ئەزهەر و گرێدانی بە نوێژە بەکۆمەڵەکەی لەهەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ئایا پەیام و بەڵگە نیە بۆ دروستکردنی (بیت ابراهیمی) و کۆکردنەوەی مزگەوت و کەنیسەو کڵێساو ئاتەشگا تێیدا، کە ساڵانێکە پلان و بەرنامەی بۆ دانراوە؟ کەواتە ئەگەر بەکورتی کۆی کەینەوە

– موسڵ : وەک پاڵپشتی و بەهاناوە هاتنی مەسیحیەکانی عێراق

– نەجەف: دانپێدانان بەسەنگ و کاریگەری شیعە لەناوچەکە.

– ئور و هەرێمی کوردستان : هێنانی پەیامی دامەزراندنی بیت ابراهیمی و کۆکردنەوەی تەواوی ئایینەکان و تەماشاکردنی دینی پیرۆزی ئیسلامیش وەک ئەو ئایینە هەڵوەشاوانە کە ماوەیەکە لەچەند ووڵاتێکی عەربی و کوردستانیش زەمینەسازی بۆ دەکرێت.