سەردێر

شەڕی جیاوازییەکان

کاروان یاروەیس

ئەوەی ئێستا لەنێوان یەکێتی و پارتی روو دەدات، شەڕی بەرژەوەندی ئابوری و دابەشکردنی پشک و گرتنی ئەم گرد و ئەو دۆڵ نیە، بەڵکو بەریەککەوتنی جیاوازییەکان، یان روونتر شەڕی جیاوازییەکانە.

لەبارەی حوکمڕانی و ئازادی رادەربرین و پرسی دیموکراسی و مامەڵەکردن لەگەڵ خەباتی بەشەکانی تری کوردستان، یەکێتی و پارتی لە نزیکەی نیو سەدەیە ناکۆکی و جیاوازییان ھەیە.

ھۆکاری ھەڵکشانی گرژیی پەیوەندی یەکێتی و پارتی، چۆنێتی بەرێوەبردنی پرۆسەی حوکمڕانیە لەلایەن سەرۆکی کابینەی نۆیەمەوە، لەباتی سەربەخۆکردن و کاراکردنی دەزگای دادوەری دەستێوەردان تا ڕادەی زەلیلکردنی دادوەری ھەیە، لەباتی قوڵکردنەوەی ئازادی ڕادەربرین تادێ مەوداکانی دیموکراسی قەتیس دەکرێ تا ڕادەی خنکاندنی ھەیە.

یەکێتی کە رچەشکێن و دەستپێشخەر و پێشەنگی دیموکراسی و پاڵپشتی کردنی خەباتی رەوای بەشەکانی تری کوردستانە، ناکرێ دوای ٢٩ ساڵ حوکمڕانی ھاوبەشی کابینەیەک بێت، کە تازە بە تازە ئازادی رادەربرین ئەخکێنێ و دادگاکان زەلیل ئەکات.

پارتی کە پێکھێنەری حکومەتە، بەنایاسایی ٥٠٠٠ چەکدار بۆ ئەنەکەسە تەعین ئەکات، بارەگا و میدیا بۆ ھەندێ پارت و حزبی رۆژھەڵات ئەکاتەوە ئاساییە، کەچی شەش گەنج بە سیناریۆیەکی کرچ و کاڵ بەتاوانی پەیوەندییان بە پەکەکەوە سزای شەش ساڵ زیندانی دەکات.

دەبێ پارتی بزانێ حوکمرانی دائیرە و وەزارەتەکان و ھەندێ رۆتینات نیە، حوکمڕانی سەرکەوتوو ئەرکێتی ئۆقرەیی سیاسی و ئاشتی کۆمەڵایەتی بپارێزێ و دڵنایی بۆ کەسابەتو بازاڕ و ھەتا دەروونی خەڵکیش دەستەبەر بکات، ئەم کابینەیە نەک ئەوە ناکات، کەچی پێچەوانەکەی ئەکات و بەدەستی خۆی ئۆقرەیی و متمانە و دڵنیایی ئەکوژێ.

ئەوەی روو دەدات لە ئاستی ناوخۆ کوردستان بەرەو پشێوی و کێشەی قووڵتر دەبات، لە ئاستی دەرەوەش ناوبانگی حوکمڕانی کوردستان ناشیرین دەکات.

سعودیە پەرژەوەندی ملیارەھا دۆلاری بۆ ئەمریکا دروست کردوە، بەڵام ئەمریکا لەسەر کوشتنی خاشقچی خەریکە لەگەڵیدا تێکیدەدات، ئەمە بۆ کوردستان ئاسانترە.