سەردێر

ڕەغد، سعودیە و بایدن

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

چاوپێكەوتنەكەی رەغد سەدام حسێن لە كەناڵی «ئەلعەرەبیەی سعودی» زۆر قسەی لەسەر كراوەو شیكار و ئەگەری زۆر دەدرێتە پاڵ ئەم چاوپێكەوتنە و پرسیاری زۆر دەكرێت لەسەر ئەوەی بۆچی دیدارێكی لەم شێوەیە بە شەش زنجیرەی بەدوای یەكدا هاتوو پەخش كرا؟ ئەم چاوپێكەوتنەی رەغد لەگەڵ دوایین چاوپێكەوتنیدا كە لە ساڵی 2006 بوو نزیكەی پانزە ساڵێك دەكەوێتە نێوانیانەوە، پاشان ئەم چاوپێكەوتنە نوێیە لەكاتێكدایە هیچ رووداو و بۆنەیەكی ئاشكرا لە گۆڕێ نییە تا رەغد پەیامی پێشوەختە بنێرێت بۆ عیراقییەكان بە شیعە و سوننە و ئەمریكا و ئێرانیشەوە لە عیراقدا، بەڵام سەرەداوی كۆمەڵێك پرسی دیكە دەركەوتووە كە شرۆڤەکاران و شارەزایانی سیاسەتی جیهانی پێیانوایە پەیوەندیی راستەوخۆی بەم دیدارەوە هەیە:

محەمەد بن سەلمان و تیرۆری خاشقچی

ئەم دیدارەی رەغد لە میدیایەكی سعودی و هێرشەكانی رەغد بۆسەر ئەمریكا كە وەك داگیركار ناوی ئەمریكای هێناوە لە پرۆسەی ئازادیی عیراقی لە2003 دا، ئەمریكییەكانی توڕەكردووە و خودی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا «جۆ بایدن» هێرشێكی توند دەكاتە سەر شازادە محەمەد بن سەلمان و راستەوخۆ رایگەیاندووە، كە بن سەلمان هاوكار و رێنیشاندەری ئەو گروپە بوون كە دەستیان هەبووە لە كوشتنی رۆژنامەنووسی سعودی «جەمال خاشقچی»دا، ئەم هێرشەی بایدن بۆسەر سعودیە و خودی محەمەد بن سەلمان بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەچێتە خزمەت نەیارەكانی سعودیەوە بە تایبەت توركیا كە پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان لە چەندان لێدوان و دیداری تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندبوو كە ڤیدیۆی تیرۆركردنی «جەمال خاشقچی»یان داوەتە ئەمریكا، بەڵام ئەمریكا لە سەردەمی ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپدا هیچ گوێیان بە تێوەگلانی محەمەد بن سەلمان نەدا لە پێناو بازرگانی نێوان ئەمریكا و سعودیە.

سیگناڵ و ئاماژەكان ئەوەمان پێدەڵێن كە «جۆ بایدن» هەمان جوڵەكانی ترامپ لەگەڵ سعودیە ناكات و هەموو سیاسەتی ئەمریكا و دەرەوەی ئەمریكا لە چوارچێوەی مادە و پرۆتۆكۆڵی ئابووریدا كورت ناكاتەوە كە لە ویلایەتەكەی ترەمپدا هەموو جوڵەكانی ئەمریكا لەگەڵ سعودیە جوڵەی سیاسی نەبووە ئەوەندەی تەراتێنی بازرگانی بووە.

بایدن و سعودیە

لە ماوەی رابردوودا و لە دوو ویلایەتی باراك ئۆباما و دۆناڵد ترەمپ دا، ئەوەی لەگەڵ سعودیە بینراوە سیاسەتی گشتی ئەمریكا نەبووە بەڵكو تەنها مامەڵەی سەرۆكەكانی ئەمریكا بووە لەگەڵ سعودیە، بەڵام دەستپێكی پەیامەكانی جۆ بایدن ئەگەر تەنها لە چوارچێوەی گوتار و لێدوانیشدا بێت، جودایە لە پەیامی ئەو دوو سەرۆكەی پێش خۆی، جۆ بایدن دەیەوێت واپیشان بدات كە ئەمریكا چاوپۆشی لە هیچ هەڵەكی سعودیە ناكات و دەبێت سعودیە كرانەوەی زیاتر بكات لە هەموو ئەو كرانەوانەی لە پێشوودا محەمەد بن سەلمان دەستی دابوویە لە سعودیە وەك شەوە ئاهەنگەكان و مافی ژنان بۆ شۆڤێری و كردنەوەی (یانەشەوانە حەڵاڵەكان).

بایدن و پەیامی نوێ

جۆ بایدن دەست شكاندنەوەیەكی نوێ لەگەڵ سعودیە دەكات، ئەم دەست شكاندنەوەیە لە دوو تەوەری سیاسی تێپەڕ ناكات: یەكەم: ئەمریكا سیاسەتێكی نوێی دەرەوە لە ناوچەكە و بە تایبەت لەگەڵ سعودیە جێبەجێ دەكات و ئەگەر لە پێشوودا سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا پاشەكشێی كردبوو لەگەڵ سعودیە و ناوچەكەش، ئەوا لە سەردەمی «بایدن» دا ئەم سیاسەتە دەبێت هەڵبكشێتەوە و پەل بهاوێژێت بە ناوچەكەدا. دووەم: جۆ بایدن لە دوای دیدارەكەی رەغد سەدام دەیەوێت هەموو ئەو سەرچاوانە دابخات و دژیان بووەستێتەوە كە ئاسۆكانی دیكتاتۆری لە ناوچەكە و لە عیراقیش پیشان دەداتەوە.