سەردێر

کوردستان لەناو ڕووداوەکاندا: مووشەکەکان لەکوێوە دێن؟

بەهرۆز جەعفەر

بۆ تێگەیشتن لەباری ئێستای کوردستان و وێناکردنی لەناو ڕووداوەکاندا چەند کەرەستەیەک لەبەردەستن؛

یەکەم/ پێش ڕووخانی “شا” لە ئێرانی ساڵی ١٩٧٨ دا بەهێزترین پەیوەندیی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل دا هەبوو، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوپەیمانێتی سێ شمشێر لە نێوان تورکیا- ئێران- ئیسرائیل دا هەبوو، کاتێک “شا” لە ئێران ڕووخا هەموو هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست گۆڕا، ئیسرائیل لە لیستەکەی ئێراندا پلەی یەکەمی وەرگرت لە دوژمنکارییدا، بۆ تێگەیشتن لەنهێنی ململانێکانی ڕۆژهەڵات کتێبەکەی مایڵز گۆبڵاند گرنگە “ لعبة الأمم- The game of nations”. ئەگەر بە ووردی سەرنج بدەین هەر لە سەرەتاوە کێشەی ئیسرائیل لەگەڵ عەرەبە نەک ئێران، کێشەی ئێرانیش لەگەڵ عەرەبی سووننەیە لە یەمەن ( لە سەنعاوە بۆ عەدەن شەڕ ئەکەن)، لە پاکستان و ئەفگانستان و عێراق و سوریا هەمیشە ئێران خەریکی پەراوێزخستنی سووننەکان و گۆرینی ئیتنۆ- گرافیای ئەو ناوچانەیە.

سوپای قودس لە هەموو تەمەنیدا یەک گوللەی بۆ بەرگری لە قودس نەتەقاندوە هەر خەریکی زیادکردنی هەژموونی شیعە بووە لە ناوچەکەدا بەسەر سووننەدا، کورد لەم کاتانەدا کە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگۆڕا، خەریکی ململانێی نێو-خۆیی و “ قیادە موەقەتە” و بەرەی “ جود” و “ کۆمەڵە” و لێکترازان لەناو کۆمەڵەو… ئەم شتانە بوو.

دووەم/ لە مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کۆتایی هاتنی جەنگی سارد خاڵێکی گەورەی وەرچەرخانە بۆ ئەم سەر ڕووی زەوییە، کاتێک جەنگی سارد لە (١٩٩١) کۆتایی هات، یەکێتی سۆڤیەت هەڵوەشایەوەو (١٦) دەوڵەت لەو یەکێتیە جیابونەوەو دەوڵەتبونی خۆیان ڕاگەیاندو بەشێکیان بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپاو، دیواری بەرلین لەو سەروبەندانەدا ڕووخاو، جەنگی کەنداوی دووەم کۆتایی پێهات و، نیۆلیبراڵیزم وەک تیۆرێکی نوێ گەشەی کردو، دونیا کرانەوەی بەخۆیەوە بینی و، سەدان هەزار کۆمپانیاو ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بە ڕووی ئەم جیهانەدا بە ناوی جیاجیا تەقینەوەو هاتنە مەیدان و، سەدەها چەمکی نوێ پەیدابو، جیهانگیریی و لیبراڵیزم کەوتنە ئەوپەڕی ترۆپکی خۆیان و، بازاڕی ئابوریی ئازاد پەیدابوو، لەناو هەموو ئەم گۆڕانکارییانەدا و هاوکات هەرێمێکی بچکۆلانەو قەوارەیەکیش بۆ کورد دەستەبەر بوو، بۆ یەکەمجار پەرلەمان و حکومەتی کوردیی دروستبون، ناوچەی دژە فڕین لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ کورد چێ کرا، کەچی کورد لە بری سوود لەو گۆڕانکاریی و دەرفەتانە وەربگرێ و گەرەنتی نێودەوڵەتی دیکە زامن بکات و دەستورێک بۆ خۆی بنوسێتەوەو دەستەڵاتە شەرعیەکان لێک جیابکاتەوە، هاتن شەڕی نێوخۆییان کرد.

سێهەم/ ساڵی (٢٠٠٣) گەورەترین دیکتاتۆری سەردەمەکەو ڕژێمی بەعس لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانانەوە ڕووخا، کورد لەبری سوود لە دەرفەتەکە وەربگرێت و ستراتیژێکی کاریگەریان بۆ کەرکوک هەبێت، لەسەرئاستی کۆمەڵێک خەڵکی پۆخڵ و نەخوێنەوار و بێ ئەزموون چوونە ناو کەرکوکەوە، چواردەساڵ حوکمی کورد لەکەرکوک (٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٧) ناشیرینترین ڕۆڵ بوو کە لەمێژووی شارەکەدا وێنەی نییە.

چوارەم/ کە پرۆسەی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەست پێ ئەکات لە (٢٠٠٦) ەوە، دەستەڵاتدارانی کورد هیچ ئەزمونێکیان لەبواری تەکنیکی و گرێبەستدا نەبوو گرێبەستی درێژخایەن و نا-شەفافیان لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیا ئیمزاکرد، کۆمپانیاکانیش بە ئەنقەست هەڵەیان ئەکرد “ وەکو ئەوەی داناگاز کردی” بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان قەرزار بکەن لەدادگاکانی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی دا.

پێنجەم/ کە شەڕی داعش دەست پێ ئەکات لە ساڵی (٢٠١٤) کورد نە سوپایەکی یەکگرتوی هەیە نە هەواڵگرییەکی نیشتیمانیی، بەڵام ترافیکی دیبلۆماسیی و پاڵپشتی جیهان بۆ کورد ئەگاتە لوتکە، لە بری ئەوەی بە هەڵەکانی خۆیاندا بچنەوەو ئەمە بکەنە دەرفەت و خۆیان بخەنە ناو پلان و بەرنامەکانی ئەمریکاوە دێن ئیشەکەو یارییەکە لە ئەمریکا تێک ئەدەن و هەرکەسەو هەر حیزبە خەریکی بەرژەوەندی و کاری خۆیەتی.

مووشەکەکان لە کوێوە دێن؟

مووشەکەکانی جاروبار لە (٢٠٢٠) و (٢٠٢١) دا ئەگیرێنە هەولێر، هەولێر ئامانجەکە نییە، هەروەک کوشتنی خەڵکیش ئامانجەکە نییە، وەک وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا “ جون کیربی” دەڵێت ئێران بەرپرسیارە لەو مووشەکانەی گیراونەتە هەولێر.

بۆ؟.

لەڕاستیدا ئەو مووشەکانە پەیام بون بۆ واشنتۆن و جنێف نەک هەولێر، لەبەرئەوەی لە بارەی پرسی چەکە ئەتۆمییەکەی ئێران و سزاکانی سەر ئێرانەوە، ئێران پەلەیەتی وەڵام لە ئیدارەی بایدن ببیستێت و خۆی بکات بە ئەولەویەت لە کارەکانی بایدن دا، ئەم پەیامە گەیشت  ئێران چەند ڕۆژێک بەر لەوەی لە ڕێگەی میلیشیاکانییەوە لە عێراق لە ١٥ ی شوباتی ٢٠٢١ هێرش بکاتە سەر هەولێر لە یەمەن و لەڕێگەی حووسییەکانەوە لە “ مەئرەب” هەمان پشێوی دروستکرد. هەروەها دواتریش هێرشی مووشەکی کرایە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عيراق، وەکو نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەو مووشەکانەی لە هێرشەکەی سەر هەولێردا بەکارهێندران لە ئێران دروستکرابوون و لە لایەن ئێرانیشیەوە بۆ گرووپە هێرشکارەکە دابینکرابوو.

بە کورتی، ئێران ئەیەوێ لەسەر حیسابی خوێنی خەلکی کوردستان و لە خاکی کوردستانەوە نامە بۆ ئەمریکا بنێرێت، میدیای بیانی لە گەمەی ناوچەییدا کورد میدیاو میدیاکاری وەها ڕاهێنراوی نیشتیمانی نییە کە لەبارودۆخی وەهادا چۆن مامەڵە بکات، بۆیە تێکپژانی کۆمەڵایەتی و سیاسی دروست ئەبێت.

ئەوەی جێی سەرنجە چەند ساڵێکە کەناڵی “ جەزیرەی قەتەر” ی هاوپەیمانی تورکیایە، قەتەرو تورکیا هاوپەیمانن لەسەر بابەتەتی کوردستان و پەکەکە پەیام بۆ نەیارەکانیان ئەنێرن، ئیسرائیل و ئیماراتیش هاوپەیمانێتیەکیان دەست داوەتێ هەر لەسەر بابەتی کوردستان کارتەکانیان ئەجوڵێنن، بۆ نمونە ناوبەناو جەزیرە ئەو بابەتە گەرم ئەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان نەوتەکەی بە ئیسرائیل ئەفرۆشێت، ئیسرائیل لەناوخۆی خۆیدا ڕۆژانە “٥ هەزارو١٤٠ بەرمیل نەوت بەرهەم ئەهێنێت، بەڵام خۆی پێویستی بە نزیکەی ١٣٦ هەزارو ١٣٧ بەرمیلە لە ڕۆژێکدا” واتە (٩٢٪)ی لە دەرەوەی خۆی هاوردە ئەکات.

گومان لەوەدا نییە هەرێم نەوت ئەفرۆشێت بە کۆمپانیاکان و کۆمپانیاکانیش ئەیدەن بە ئیسرائیل، بەڵام ئایا ئەمە لەسەر چی بنەمایەکی تیۆریی هەرێم ئەیکاتە بابەتی سیاسیی؟.

دەرئەنجام و میکانیزمەکان

ئێران خاکی عێراق و کوردستان بۆ ململانێ هەرێمییەکانی خۆی بەکاردێنێت.

هەرێمی کوردستان لە ساڵی (٢٠١٧) نزیکەی (٥١٪) خاکەکەی لە دەستداوە، دواتریش ئێران بە هێڵێکی درێژ هەر لە خانەقینەوە تا دەڤەری چیخیدارەی برادۆست هاتۆتە ناوەوە.

هەرچی تورکیایە لە ساڵی (٢٠١٩ ەوە تا شوباتی ٢٠٢١) بەدیاریکراوی (٦) ئۆپەراسیۆنی جیاجیای لەناو خاکی هەرێم ئەنجام داوە، هەرجارێک کۆمەڵێ نێوچەی خستۆتە ژێردەستی خۆیەوە.

تورکیا (٩) بنکەی سەربازی لە چیا دێڵەوە لە باکوری ڕۆژئاوای سیدەکانەوە تا چیای زیلکۆک لە گوندی خەلیفان داناوە، ئینجا لە کۆتا ئۆپراسیۆندا (١٥) جێگەی تری لە دهۆک و زاخۆ و سنوری ناحیەی باتیڤیاو دەرکار خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆی، وەکو کۆڤی مەلایەحیا، گرێ نزێ، ئابلەهی، منین و ئاواگیزێ، سیارێ گەورکێ، کۆڤی مچۆلیا، دێرەشیش و ئیکا حالی.

بەم شێوەیە، عێراق و ئێران و تورکیا گەمارۆی هەرێمی کوردستانیان داوەو تەنگیان بە قەوارەی هەرێم هەڵچنیوە، لە قۆناخێکی تریاندا ئەیانەوێ هەرێم لە پرسی نەوت و گاز دوور بخەنەوە، دەنگی پێیان دێ ئەوەتا وەزارەتی نەوتی عێراق خێراو لەناکاو ڕەشنوسێکی بۆ یاسای نەوت و گاز لە ٢٥ ی شوباتی ٢٠٢١ ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کردوە، وەزیری نەوت لەماوەی کەمتر لە یەک ساڵی دەستبەکاربونیدا حەوت جار باسی خراپی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کردووە.

هەرێمی کوردستانیش بەسەر دوو زۆنی ئەمنی دا دابەشبووە، یەکێکیان داوای لامەرکەزی بۆ “ هەرێم” ئەکا ئەڵێن ئەوە نییە ئەمریکا و ئەڵمانیاش وایە!.

ڕێککارەکان ئەوەیە، لە هەرێمی کوردستان ژوورێکی هاوبەشی (بێدەنگ) پێک بهێنرێت، کە لەسەر سێ ئاستی نێودەوڵەتی (ئەمریکا) و بەغداو نێوخۆی هەرێمدا ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییەکان ببنەوە.

سێ لیژنە پێک بێت هەریەکەیان خەریکی موجامەلەی لایەک بێت، لەمەشیان گرنگتر ڕێگە نەدرێت کەسانی هەلپەرست و هاتوهاوارکەر بۆ موزایەدەو دەنگە دەنگ دۆخەکە بەکاربهێنێت بۆ خۆی.