سەردێر

چارەسەری ئەم هەموو رووداوە چی یە؟

هۆگر کەمال

رۆژانە رووداوی ناخۆشی کۆمەڵایەتی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم راماندەچڵەکێنێت و ناخمان دەهەژێنێت، هەر دوێنێ لە کفری باوک و کوڕێک و مامی کوڕەکە بە لەحزەیەک لەسەر کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی کوژران، هەشت کەس لە ئاهەنگێکدا لە شەقڵاوە بریندار بوون، هێرشکرایە سەر پەرلەمانتارێک.

هەموو ئەمانە بۆ نەبوونی هۆشیاریی گشتی و متمانە نەبوون بە یاسا و دادپەروەریی و بوونی چەک بەدەست هەموو کەسێکەوە دەگەڕێتەوە.

ئاخر ناکرێ دوو مرۆڤ لەسەر شەقام لەناو ئۆتۆمبێل سەیرێکی یەکتر بکەن لا ئیرادی، هێندە زوو هەڵچوون دروست بێت و چەک بەکاربهێنرێت کە رۆژانە ئەم حاڵەتانە هەیە.

مرۆڤی کورد بەهۆی ئەو دۆخە دەرونییەی لەروی سیاسی و ئابوریی و جۆری ژیانکردنەوە بۆی دروستبووە، بەردەوام رووی لە هەڵچوونە و ئەم هەڵچوونە خێرایەش کارەساتی لێدەکەوێتەوە، کاتێک کەسێک دەکوژرێت چەندین کێشەی دیکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لێکەوتەی گەورەی دەرونی خێزانی بەدواوەیە.

بەڕای من بۆ چارەسەری ئەم کێشانە پێویستمان بەگرتنەبەری چەند رێکارێکە:
١- دابینکردنی مووچەی تەواو و رەخساندنی هەلی کار و باشکردنی گوزەرانی هاوڵاتیان لەلایەن حزبە سیاسییەکانەوە کە ئەوانیش شۆڕی بکەنەوە بۆ حکومەت.
٢- جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدان.
٣- نەهێشتنی چەک بەدەست هاوڵاتیان و پێویستە ئەو کەسە ئەمنی و سەربازییانەی کە پێویستە چەک هەڵبگرن تەنها لە کاتی ئەرکەکانیان پێیان بێت و دواتر لە شوێنی کارەکانیان دایبنێن و نەبرێتەوە بۆ ناو ماڵ و شەقام.
٤- گەڕاندنەوەی متمانە بە یاسا لەلایەن حزبەکانەوە، تا ئەوان رێگە نەدەن دادگاکان سەربەخۆ بن و یاسا سەروەر نەبێت بەسەر هەموواندا هاوڵاتی وەک پێویست متمانەی بە دادگا نابێت، ئەگەر هاوڵاتی لەکاتی کێشەدا بزانێ یاسا مافی بۆ وەردەگرێت ئەوا چ پێویستی بە کوشتار و کاردانەوەی خراپ هەیە.
٥- پێویستە حکومەت سانسۆر بخاتەسەر دراماکان و رێگە بە پەخشکردنی هەموو جۆرە درامایەک نەدرێت لە کەناڵەکان.
٦- رێگری بکرێت لە فرۆشتنی چەک بە ئاشکرا بە هەر کەسێک کە بیەوێت و قاچاخچێتی چەک نەهێڵدرێت.
٧- رێگری بکرێت لە هێنانی دەمانچە و چەکی مناڵانە و فرۆشتن پێیان.
٨- لە قوتابخانەوە کار لەسەر تاکی کورد بکرێت بۆ ئارام گرتن و بەکارنەهێنانی چەک.
٩- رێگە بگیرێت لە هێنانی چەقۆ و قەمە و خەنجەربۆکسی تایبەت بەشەڕ و فرۆشتنی بە ئاشکرا لەسەر شەقام و دوکان و بازاڕ و مۆڵەکان.
١٠- ئەکرێت کەسایەتییە هونەریی و کۆمەڵایەتی و نووسەر و ئەدیب و ئاینییەکان رۆڵی گەورە ببینن لە هۆشیارکردنەوەی تاک.
١١- توێژەرانی دەرونی کۆمەڵایەتی دەتوانن تاک هۆشیار بکەنەوە و هاوکاری گەورەی دەرونی کۆمەڵایەتی پێشکەش بکەن.
١٢- ئەکرێت میدیاکان بەگشتی رۆڵی گەورە و بەرچاو بگێڕن لە هۆشیارکردنەوەی تاک.
١٣- رێگری لە مافیاگەریی و کەڵەگایی بەشێک لەو کەسانە بکرێت کە لەرێگەی حزب و عەشیرەتەوە دەسەڵاتیان پەیدا کردوە، کە ئەمەش پێویستی بە بڕیاری بوێری کەسی یەکەمی حزبەکانە بۆ ئەوەی لەناوخۆی حزبەکانی خۆیانەوە دەستپێبکەن.
١٤- دەسەڵاتی تەواو بدرێت بە بەڕێوبەرەکانی ئاسایش و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان بۆ ئەوەی رێگری لە مافیاگەری بکەن، بەڵام ئەو حزبانەشی ئەو کەسایەتیە ئەمنیانە دادەنێن رێگە نەدەن دەسەڵاتەکانیان بۆ کاری خراپ و شەخسی خۆیان بەکاربهێنن.
١٥- پێویستە هەر هاوڵاتییەک زوڵمی لێکرا بێ ترس و دودڵی میدیاکان ئاگادار بکات و دەنگی خۆی بە رای گشتی بگەیەنێت، بۆ ئەوەی رایەکی گشتی گەورە لەسەر ئەو زوڵمە دروست بێت کە لێی کراوە یان بڕیارە لێی بکرێت، چونکە میدیا هێزێکی گەورەیە و رۆڵێکی گەورەی لە کۆمەڵگە هەیە.
١٦- ئێستا هەر هاوڵاتییەک بۆ خۆی رۆژنامەنووسێکە و ئەکرێت پەڕە کەسییەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی هۆشیاریانە بەکاربهێنێت.

پێویستە حزبەکان کۆدەنگییەک لەسەر باشکردنی لایەنی ئەمنی شارەکان بکەن و هەوڵی جێبەجێکردنی بەشێک لەم خاڵانە بدەن ئەگەر بیانەوێ ئاسانە.