سەردێر

کورد و ڕووداوەکانی مێژوو: هەبووین یان نەبووین؟

بەهرۆز جەعفەر

زانستی مێژوو یا مێژوو (د. کەمال مەزهەر ئەڵێت، ناوی مێژوو بەتەنها خۆشتر دێتە گوێ وەک لەوەی بڵێین زانستی مێژوو یان فەلسەفەی مێژوو…). زانستی زانستەکانە، هیچ زانستێک بێ مێژوو نییە، مێژووی هونەر، مێژووی ئاسمانگەری، مێژووی سیاسەت، مێژووی هونەرو ئەدەب و هی تر. حوکمی مێژوو بە دەست کێیە؟. ڕەوڕەوەی مێژوو، ڕۆڵی سەرۆک و سەرکردەکان لە مێژوودا…ئینجا کوردو مێژوو…کورد چۆن خۆی ئەخاتە ناو مێژووەوە!؟.

ئەم ڕۆژانە لە سۆراخی “زانستی مێژوو” دام؟. بۆ ئەوەی بایی ئەوە بەڵگە هەڵبهێنجین کە لەناو پەڕاوەکانی کۆندا ئێمە هەبوین نە بووین!؟.. کریتۆر و مێژوونوسی بەریتانی ئەندریۆ کۆڵینز- Andrew Collins لە کتێبەکەی؛ From the Ashes of Angels: The Forbidden Legacy of a Fallen Race “ لە ناو خۆڵەمێشی فریشتەکانەوە؛ میراتێکی قەدەخەکراو لە نەژادێکی کەوتوو. لە دێدیکەشندا ئاوهای نووسیوە؛ “ئەم کتێبە پێشکەشە بە خەڵکی کوردستان، پارێزەرانی لانکەی شارستانیەت، بەو هیوایەی بگەن بە ئاشتی و سەربەخۆیی، ئێوە زۆر شایستەی ڕزگاربونن”.

ئەندریۆ شوێنەوارناسە، مێژوونوس و گەڕیدەیە، فلیمکارو بێژەرە، پڕۆفیسۆرە، لە نەیشناڵ جوگرافیک یش زۆر ڤیدیۆ و کاری هەیە. لە پێش دا، وێنەکە وا ئەهاتە بەرچاو کورد لە مێژوودا نییە!. یان بوونی کورد لە مێژوودا بوونێکی لاوازبووە. دواتر پێگەی کوردستان لەناو ڕووداو و شەرەکانی ڕۆژهەڵاتداو گلانە یەکلەدوای یەکەکانی کورد لەناوچەکە خۆی بۆ خۆی خۆی ئەبێتە بەهێزترین گریمانەیەک کە باسکردنی ڕووداوەکانی مێژووی ڕۆژهەڵات بە بێ کورد پڕ ئەبێت لە کەموکوڕی.

ئیبن ئەسیر کورد بوەو (٨٦١) ساڵ پێش ئێستا لە جەزیرە لەساڵی (١١٦٠) لەدایکبوەو لە موسل نێژرراوە. خاوەنی کتێبی (کامل فی التاریخ) کە زۆربەی مێژوونوسانی ئەم دونیایە وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ مێژووی ئادەمیزاد ئەیبینن.

ئیبن مستەوفی و ئیبن خەلەکان کورد بونەو لە هەولێر لەدایکبون و مێژوونووس بوونە.

شەرەفخانی بەدلیسی خوێنەر وا ئەزانێ هەر « شەرەفنامە»ی نوسیوە لەسەدەی شانزەدا، بەڵام شەرەفخان لەناو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی دا دەستڕۆیشتو بوە لە سوپادا، لە ڕقی پاشادا ئەداتە پاڵ سەفەوییەکانەوەو، بوەتە بەرپرسی هەموو کاروباری کوردستان و لوڕستان ، ئینجا جارێکی تر چۆتەوە ناو دەوڵەتە عوسمانییەکەوەو، لە نزیکەوە ئاگەداری هەموو ڕووداوەکان بوە ئینجا شەرەفنامەی نوسیوە.

باس لە ڕووداوێک ئەکات کە من جگە لەوەی لە زنجیرە فیلمی (حریم السلطان) دا بینیومە، لەمێژووی پەیوەندییەکانی تورک و جولەکەشدا لەبەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە پێشەکی ماستەرنامەکەمدا ساڵی (٢٠١٦) هاتومەسەری، ئەو کاتەی سوڵتان سلێمانی قانونی (١٤٩٤- ١٥٦٦) لە تەختی پاشایەتی دا ئەبێت، بۆ یەکەمجار سنورو فراوانخوازیی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئەگەیەنێتە ترۆپک کە لە سێ کیشوەری ئاسیاو ئەوروپا و ئەفریکادا حوکم ئەکات.

ڕۆکسلانە کچێکی تا ئەوپەڕی جوانی جولەکەی ئۆکرانییە و پاشا وەک کەنیزەک ئەیکاتە ژنی خۆی، ئەم ژنە جوانەش سوود لەوە ئەبینێت کە چۆتە ناو کۆشکی پاشایەتیەوە پلانێک دائەنێت کە «مستەفا» ی کوڕی پاشا بکوژێت بۆ ئەوەی «سەلیم» ی کوڕی خۆی ببێتە پاشا دوای مردنی سوڵتان سولەیمان.

لێرەدا ئەڵێت کورد دەستی لەم کارەدا هەبوە ئەویش بە ڕۆڵی سەید محەمەدی میری هەکاری لە ڕێکخستنی پلانەکەدا، کە پلانێکە لەناو گەورەترین کۆشکی ڕۆژگاردا. بە ووردبونەوە لە تۆمارەکانی مێژوو و بەراوردکردنیان بە ڕەوتی ڕووداوەکان، ئەوە ئەبینیت کە نوسینەوەو گەڕان و تۆمارکردنی ڕۆڵی کورد لە سەدەکانی کۆن و ناوەڕاستەوە ناوەناوە هەرهەبووە تا ئەگاتە سەدەی نۆزدە کە زۆرترین شاعیرو ئەدیبی کورد تیا ژیاون، زۆرترین ئەمارەت و هەڵسانەوەو ئاڵەنگاری هەبوە لەو سەدەیەدا.

بە بڕوای من هەر بۆ خۆی سەدەی نۆزدە سەدەیەکە پڕە لە جوانی و داهێنان و تایبەتمەندی بە بەراورد بە هەموو سەدەو چرکەساتەکانی تری مێژووی ئادەمیزاد لەسەر زەوی، سەدەی نۆزدە سەدەی لە دایکبون و ژیانی مارکس و ئینگلس و هیگڵە، سەدەی پرسیارکردنە لەسەر سەرچاوەکانی (بوون). سەدەی دەقگرتنی پیشەسازیی و بازدانە لە ئوتوی هەڵمەوە بۆ کارگەو کارخانەی گەورە، سەدەی جەنگە ناپلیۆنییەکان و ڕۆتشێڵدییەکانە، لە دایکبون و ژیانی ئەلبێرت ئەنیشتاین و فلادیمێر لینین و مەکسیم گۆرکێ و… تادواییە. سەدەی تریشقاندن و دەرکەوتنی جیهانگیرییە. لە ناو کورددا، سەدەی نۆزدە سەدەو سەرەتای دامەزراندنی ڕۆژنامەگەریی کورددییە (ڕۆژنامەی کوردستان- ١٨٩٨)، سەدەی لە دایکبون و ژیانی نالی و مەولەوی تاوەگۆزی و حاجی قادری کۆیی یە.

ئەگەر زانایان و داهێنەران و سەرکردایەتیەکانی سەدەی نۆزدە نەبونایە نە تەکنەلۆژیا ئەبو، نە ڕۆشنگەریی پاشخانێکی ئەبو، نە مێژوو پێی ئەنایە ئەم قۆناخە هاوچەرخەوە. کەوابێت، کورد ئامادەگی هەبوە نەک لەناو ئەو قەوارە بەرتەسکەی خۆیدا بەڵکو لە ناوچەکانی تریشدا، بە ئەقڵی کێوە ئەچێت کورد نۆسەت ساڵە بە بەردەوامی خاوەنی نوسەرو تۆمارو مێژوونوسی گەورە بوبێت، بەڵام زمان و مێژوو و بەشداری نەبوبێت؟.

ئەمین زەکی بەگ لە قەوقاز ڕابەری سەربازیی بوە، چۆتە بەغداو ڕووسیاو ئەوروپا لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانی دا، لە ساڵی (١٩٢٥ ەوە تا ١٩٤٢) یانزە جار بوەتە وەزیر لە حکومەتی عێراقی دا، ئینجا «خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان» ی نوسیوە – بەشی یەکەم ساڵی ١٩٣١ و بەشی دووەم ساڵی ١٩٣٧ (وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبیش) هەروەها «محاسەبەی نیابات – ١٩٢٨ (کە تێیدا پەراوی کردەوەکانی لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا بۆ خوێنەر کۆکردۆتەوە). خۆی ئەمین زەکی بەگ ئەڵێت، ئەوکاتە مێژووی کورد سەرنجی ڕاکێشام کە دەنگوباوی تۆرانی جێگای عوسمانی گرتەوەو نەتەوە نا- تورکەکانی ناو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی ووریابونەوە (واتە بەر لە یەکەمین شەڕی جیهانی بە ماوەیەک..).

بە ماوەیەک پێش ئەوەی مامۆستا ئەمین زەکی بەگ کۆچی دوایی بکات و لە گردی سەیوانی شاری سولەیمانی بنێژرێت، وەسیەت ئەکات ئەم بەیتە لەسەر گۆڕەکەی بنوسن؛ ئەگەر مردم و نەمدی قەومەکەم سەربەرزو ئازاد بزانن دەناڵێ ڕۆحەکەم تا ڕۆژی میعاد ئەبێ لاوانی کورد تێ بکۆشن گەر ویستتان ڕۆحی من ببێ شاد لە کۆتاییدا و بە کورتی؛ کەس نییە ئەو ڕاستییە ئاشکرایە نەبینێت کە کورد لەو هەموو قۆناخە مێژووییەدا خاوەنی دەیان مێژوونوس و کاراکتەری گەورە بوە چۆن ئەبێت مێژووی نەبوبێ و لە مێژوودا نەبێت؟. کەواتە کورد هەبوەو بونێکی سەلمێنەریش…

کورد لەوساوە تا ئێستا پێویستی بە مۆنۆلۆگە (مۆنۆلۆگ: گفتوگۆ لەگەڵ خۆی) ئینجا دیالۆگ لەگەڵ ئەوانی تر (دیالۆگ گفتۆگۆیە لەگەڵ ئەویتردا).