سەردێر

لەنێوان خەونی گەنجانە و خەمی گەنجانەدا

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

هەرچی كۆمەڵگای كوردییە هەم رێژەی گەنجانی لە چالاكییە سیاسی و رۆشنبیری و ئابووری و بزنسەكەیدا كەمە و هەم رێژەیەكی روون و پوختیش نەدراوەتە دەست كە ئایا دەتوانرێت كۆمەڵگەی كوردی لەكام ئاست و مەرتەبەدا دابنرێت؟ ئایا دەكرێت بگوترێت كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی گەنجە یاخود بە پێچەوانەوە؟ بارودۆخی سیاسی و ئابووری لە باشووری كوردستان هێندە گەنجانی كوردی ماندوو كردووە، یاخود هێندە هەڵبەز و دابەز لە ژیانی گشتی تاكی كوردستاندا هەیە، ئەستەمە بتوانرێت خەونی گەنجانەی تاكی كورد تەرجومەی ناو واقیع و ژیانی سیاسیانە و رۆشنبیرانە و حیزبیانەی كوردستان بكرێت. ئەگەر بە روخسار لەم كۆمەڵگە كوردییە ورد ببینەوە، دەروازەكانی دەركەوتن و هەڵهاتنی خۆری گەنجان تێیدا، جێگای هیوا و ئومێد لەسەر هەڵچنینی زۆر نییە و ئەمەش دوو سەرە و دوو لایەنەیە، لە لایەك رۆحی سیاسی تەواوی كونج و كەلەبەرەكانی كۆمەڵگای داگیركردووە و گەنجانیش كەمترین مەجالیان بۆ هێڵراوەتەوە لەم كایەیەدا، لەلایەكی دیكەشەوە گەنجان خۆیان كەمترین جوڵەی سیاسی و چالاكیان هەیە بۆ گەشتن بە هەر پێگە و كایەیەك بیانەوێت كاری تێدا بكەن.

لە ئاستی كرانەوەی كۆمەڵگا و پێشكەوتنە سەردەمییەكاندا، گەنجانی باشووری كوردستان كەمترین هێزی نوێبوونەوە و رۆحی كرانەوە و پێشكەوتنیان لە كایە جیاوازەكاندا پێشكەش كردووە، ئەمە جگە لەوەی گەنجانی ئێمە وەك گەنجانی هەر كۆمەڵگایەكی جیهانی بەشدار نین لە جەنگی نێوان هەردوو ئاراستەكەی كۆمەڵگادا كە “ئاراستەی پێشكەوتن” و “ئاراستەی گەڕانەوە و پاراستنی پیرۆزییەكان”ە.

لە هەموو كۆمەڵگا جیهانیەكاندا گەنجان وەك هێزی بزوێنەر و داینەمۆی گۆڕانكاری ناودەبرێت، ئەمەش پەیامی گشتی جیهانییە كە نابێت هێز و وزەی گەنجان لە دەست بدرێت و پشتیان پێنەبەسترێت، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار و لیژنەكانی گەنجان و لاوانی پەرلەمانیش چی دیكە نەهێڵن ئەم سەرمایە مرۆییە هەروا بەئاسانی بخرێنە دەرەوەی گۆڕانكاری و كارو چالاكییەكانی حكومەتەوە. كرانەوەی كۆمەڵگا و بازدانی مێژوویی لە هەر وڵات و كۆمەڵگەیەكدا روونادات ئەگەر رۆحی نوێبوونەوە و رۆحی گەنجانە نەكرێت بەبەر تەواوی جومگە و گۆشە جیاوازەكانی ئەو كۆمەڵگەیەدا، هەموو ئەو گۆڕانكاریانەی لە ئەوروپا و وڵاتانی ناو سەدە تاریكەكاندا روویاندا ئەگەر هێزێكی گەورەی گەنجانە و نوێبوونەوەیان لە پشت نەبوایە و دژی پاپا و كڵێسە و دادگاكانی پشكنین نەوەستانایەتەوە، هەروا بە ئاسانی ئەو ئەوروپایەی ئەمڕۆ دروست نەدەبوو كە ئەمڕۆ ترۆپكی ژیان و پێشكەوتن و كرانەوەیە.

بۆ ئەوەی هەوڵەكانی گۆڕانكاری ئەنجامێكیان هەبێت و لە ئەرزی واقیعدا ببینرێت، ئەوا پێش هەر شتێك دەبێت ئەم هەوڵانە یان لەسەر ویست و توانا و خەونی گەنجان بوەستێت و بناغەی بۆ دابنرێت، یاخود دەبێت لە دیدی گەنجانەوە بڕوانرێتە كۆمەڵگە و بە دیدی گەنجانە گۆڕانكارییەكان و نوێبوونەوەكان ئەنجام بدرێن، ئەگینا گۆڕانكارییەك لەگەڵ خەون و خولیای گەنجاندا یەكنەگرێتەوە، بێگومان دەبێتە خەمی گەنجان و ئەوا لەم بارەدا ئەو جۆرە گۆڕانكاریانە نەگۆڕانكارییەكی گەنجانەیە و نەگەنجانیش سوود لە گۆڕانكارییەكی لەو شێوەیە دەبینن.

ئەوەی بە رواڵەت لە چوارچێوەی گۆڕانكار و پرۆژە دروستكراوەكانی حكومەت و حیزبدا هەیە لە كوردستان، خەونی گەنجانی كوردستانی لە خۆنەگرتووە ئەوەندەی شكستەكانی حكومەت لە بوارە جیاوازەكان و نەبوونی پرۆژەدا بۆ گەنجان بووەتە خەمی گەنجان و گەنجانی كوردستان ناچارن رێگایەكی پڕ مەرگ و هەڵە بگرنەبەرو رووبكەنە كوردستان.

رەنگە پرسیارە گرنگ و جەوهەرییەكە ئەوەبێت ئەگەر هەڵەی حكومەتی هەرێم نەبێت، بۆچی وڵاتانی ئەوروپا توانیویانە بەباشی سوود لەتواناو هێزی جەستەیی گەنجانی كورد وەربگرێت بەڵام تاكو ئێستا لە كوردستان حكومەت نەیتوانیووە سوود لە توانای گەنجان وەربگرێت و وەك هێزی پشتەوەی گۆڕانكارییەكان و كرانەوەی كۆمەڵگا ببینرێن و ببنە پێشەوای ئەم گەل و كۆمەڵگەیەو بەرەو ئایندەیەكی رووناك ئاراستەیان بكەن.