سەردێر

گەندەڵی و پێشێلی مافی هاونیشتیمانیان و سەركوتكردنیان تا كەی؟

محەمەد فاتیح

ئەو قەیران و بارودۆخە ناهەموار و سەختەی ئەمڕۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بە دەستیانەوە دەناڵێنن، هۆكارە سەرەكیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم، كەهەمیشە هەوڵیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و حزبەكانیان داوە و بەرژەوەندی میللەتیان وەلاناوە و تەنانەت یاساشیان خستوەتە خزمەتی خۆیانەوە.
حزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان، پەرلەمان و حكومەت و تەنانەت داگاشیان بۆ خۆیان قۆرخ كردوە، ئەوەتا کار گەیشتە ئەو رادەیەی پێنچ رۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنی لەلایەن دادگاكانی هەولێرەوە بە شەش ساڵ زیندانی سزادران بەچەند تاوانێكی هەڵبەستراو، كەلەڕاستیدا تاكە تاوانیان دەربِینی بیروڕای ئازادە!
سەرەڕای دەوڵەمەندبونی بێهەژماری سەرانی  دەسەڵاتدار لە هەرێمی كوردستان، كەچی مافی هاووڵاتیان پێشێل و زەوتەكرێت و دەچەوسێنرێنەوە و خۆیشیان هەر خەریكی بردنی سامانی وڵات و گەندەڵین و گیرفانیشیان هەر پڕنابێت !
بەپێی زانیاریەكان، دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لە ١٤ی ١٠ی ٢٠١٣ەوە دەستیان بە فرۆشتنی نەوت كردوە بەشێوەیەكی سەربەخۆ و تاوەكو ١ی ٩ی ٢٠١٨ ، ٧٤١ ملیۆن و ٢٧٣ هەزار و ٥٩٢ بەرمیل نەوتیان فرۆشتووە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ حكومەتی هەرێمی كوردستان ٢٩٣ ملیۆن و ٥٥٤ هەزار و ٥٤٨ بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و كۆی داهاتەكەشی بۆ هەردوو ساڵەكە دەكاتە ١٤ ملیار و ٣٥٢ ملیۆن دۆلار، واتا لە ساڵی ٢٠١٣ەوە تا ساڵی ٢٠١٩ حكومەتی هەرێم ٣٦ ملیار و ٥٩٠ ملیۆن و ٢٠٧ هەزار و ٧٦٠ دۆلار داهاتی نەوتی فرۆشراوی دەستكەوتووە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی ساڵی ٢٠١٥ی ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز-ی ئەمریكی، لە مانگی ٥ی ٢٠١٤ەوە نەوتی هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی كەناڵە فەرمییەكان و لەلایەن تۆڕێكی بازرگانی نادیارەوە سەدان ملیۆن بەرمیل نەوت بەشێوەی قاچاخ فرۆشراوە.
عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق ئاشكرای كردوە، هەرێمی كوردستان شوێنێكە بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی زیادە و قاچاخچێتیكردن بە نەوتەوە ولە هەندێ كێڵگەی نەوت دزەپێكردنی نەوت هەیە، كە بە تانكەر بۆ هەندێ شوێن دەبرێت.
دكتۆر سابیر عیزەت شارەزای ئابوری و سەرۆكی پێشوی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان شیكاركردنێكی بۆ راپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت ی جیهانی كرد و لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، لەساڵی 2019 دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان رۆژانە نزیكەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەناردەكردوە و داهاتەكەشی 8 ملیار و نیو دۆلار بوە و 4.5 ملیار دۆلاریشی لەبەغداوە بۆ هاتوە ، و دوو ملیار دۆلاریش داهاتی نانەوتیبوە و كۆی ئەو پارەیەی دەست دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان كەوتوە 15 ملیار دۆلار بوە .
ئەمە سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانتاران و هاونیشتیمانیان ناو بەناوە باس لەوە دەكەن كە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان قاچاخچێتی بەهەمو شتیەكەوە دەكەن و زۆربەی بوارەكانی بازرگانیان بۆ خۆیان قۆرخ كردوە.

لەكاتێكدا باری دارایی و ئابوری خەڵكی هەرێم لەو پەڕی خراپیدایە و بەنەهامەتی بەشێك لە بژێوی ژیان خۆیان دابین دەكەن.
بۆ هەموان رون و ئاشكرایە، دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لەگەندەڵیەوە تێوەگلاون و داهات و خێر و بێری ئەم نیشتیمانەیان بۆ خۆیان قۆرخكردوە و دەستیان بەسەر هەموو سێكتەرەكانی كوردستاندا گرتوە و هاونیشتیمانیانیش تەنانەت لەموچەكانیان بێبەشكراون كە سەرەتاترین مافی رەوای خۆیانە و دواتر لە بەیاننامە و سەر شاشەكان دەڵێن: ئێمە لەگەڵ مافی رەوای گەلی كوردین و دژی گەندەڵین، لەكاتێكدا خۆیان سەرچاوەی گەندەڵین و تەنانەت تۆمەتباریشن بە سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكانی كوردستان و كوشتنی خۆپیشاندەرانی سڤیل!