سەردێر

میدیای رووداوه‌کان

 

لەتیف حسێن

ڕۆژنامه‌نووسی وای لێهاتبێت مایکه‌که‌ی ته‌نها له‌ پرسه‌کان و شوێن پێ هه‌ڵگرتنی رووداوه‌کان هه‌ڵبگرێت و خوێن و جل و به‌رگی کوژراوو خۆکوژه‌کان نیشان بدات، رێگه‌ خۆش بکات بۆ چۆنێتی خۆکوشتنی مرۆڤه‌کان، ئیتر چۆن کۆمه‌ڵگه‌ لێوان لێو نابێت له‌م هه‌موو رووداوه‌ ناخ هه‌ژێنه‌ی له‌م وڵاته‌دا رووده‌ده‌ن..
به‌داخه‌وه‌ رووداوی خۆخستنه‌خواره‌وه‌ی کچه‌ خوێندکارێک، وه‌ک ئه‌وه‌ی میدیاکان هه‌نگوینیان له‌کلۆره‌ داردا دۆزیبێته‌وه‌، ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ له‌ مایک به‌ده‌سته‌کان جمه‌ی ده‌هات، جا میدیاکاری وای تێدایه‌ له‌کاتی ئه‌م رووداوه‌ ناخۆشه‌دا، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ مابوو خۆشی له‌ په‌نجه‌ره‌که‌وه‌ هه‌ڵ بدات، له‌ هێنانی ره‌حله‌ی پۆله‌که‌وه‌ تا ده‌گاته‌ خوێن و جلو به‌رگه‌کانی سات به‌دوای سات ده‌یان گواسته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی یه‌کێکیان په‌ی به‌وه‌ ببنه‌ن که‌ ده‌بێت چ بارودۆخێک ئه‌م هه‌موو رووداوه‌ ناخهه‌ژێنه‌ ده‌خوڵقێنێت، هێشتا که‌س جگه‌ له‌ شیکردنه‌وه‌ی چۆنێتی رووداوه‌که‌ هیچی به‌ر گوێ و چاو نه‌که‌وت..
به‌داخه‌وه‌ میدیای کوردی ئێستا ته‌نها رووداوه‌کان و تاوانه‌کان نیشان ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌نده‌ی خولیای روودانی رووداوێکن، نیو هێنده‌ خولیای پێشگرتنیان له‌ رووداوه‌کان نییه‌، ئێستا میدیای ناو پرسه‌کان و لێدوان وه‌رگرتن له‌ دایک و باوکێکی جه‌رگ سوتاو نه‌یانتوانیوه‌ هه‌نگاوێک بچنه‌ پێش بۆ ئه‌وه‌ی شیکارییه‌کانی ئه‌م دۆخه‌ ناهه‌مواره‌و کاریگه‌رییه‌کانی له‌سه‌ر خه‌ڵک بخه‌نه‌ڕوو، ئێستا له‌بری ئه‌وه‌ی میدیا هۆکاری رووداوه‌کان بخه‌نه‌ڕوو، رێ له‌ خۆکوشتن و تاوان و تاوانکاری بگرن، که‌چی رێگاکانی ئه‌م تاوانانه‌ زیاتر بۆ خه‌ڵکی ئاشکرا ده‌که‌ن…
به‌نده‌ وه‌ک میدیاکارێک که‌ ته‌مه‌نێکمان له‌م بواره‌دا به‌سه‌ر بردووه‌، زۆرجار شه‌رمم کردووه‌ له‌هه‌ندێ کاری میدیایی ئێستا، که‌ به‌جۆرێکه‌ جگه‌ له‌ میدیای رووداوه‌کان شتێکی تری نییه‌، ئه‌م میدیایه‌ی ئێستا ته‌نانه‌ت پێویستی به‌ خوێنده‌واریش نییه‌، پێویستی به‌وه‌ نییه‌ ئاگادارو به‌ئاگا بیت له‌ زانیارییه‌کانی چوار ده‌ورت، ته‌نها پێویستت به‌وه‌ هه‌یه‌ مایکێکت به‌ده‌سته‌وه‌ بێت چاوه‌ڕێ بکه‌ی رووداوێک روو بدات تۆش له‌جه‌رگه‌ی روداوه‌که‌وه‌ راسته‌وخۆ بکه‌یت، هه‌واڵ و به‌رنامه‌کانت هێنده که‌م ئاست بکه‌یته‌وه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌واڵی کۆمیدی و به‌کارهێنانی رسته‌و زاراوه‌یه‌ک بیت تا خه‌ڵکی پێت بڵێن زۆر موهیم و زیره‌که‌و داهێنان ده‌کات، له‌کاتێکدا هه‌ر وشه‌یه‌ک میدیا ده‌یخاته‌ڕوو کاریگه‌ریی خۆی دروست ده‌کات.
بۆیه‌ هه‌موو کات به‌ درێژایی ته‌مه‌نی کارکردنم له‌ میدیا چه‌ندین قۆناغم تێپه‌ڕاندووه‌و باوه‌ڕی نه‌گۆڕم له‌سه‌ر پیشه‌و کاری میدیایی وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ پێموایه‌ میدیا به‌رپرسیارێتییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌ی هه‌یه‌و هه‌موو که‌س ده‌رقه‌تی نایه‌ت، میدیا ئه‌وه‌نیه‌ له‌ شاشه‌ی کوالێتی به‌رزه‌وه‌ ده‌ربکه‌ویت و ته‌کنیکت به‌رز بێت، به‌ڵکو ئه‌وه‌ گرنگه‌ که‌ بزانی کوالێتی کاریگه‌ریی په‌یامه‌ میدیاییه‌که‌ت چۆن ده‌گاته‌ وه‌رگره‌کانت، ئه‌گه‌رچی ده‌شزانم ئه‌م مۆدێله‌ی ئێستای ئێمه‌مانان بازاڕی نییه‌و ئه‌وان بازاڕیان گه‌رمه‌، به‌ڵام دڵنیام ئه‌م گه‌رمییه‌ی بازاڕیان ڕۆژێک دێت ده‌یان پێچێته‌وه‌و ته‌نها له‌ سوچێکی مێژوودا ده‌مێننه‌وه‌، چونکه‌ پیشه‌ی میدیایی به‌ گرتنه‌ده‌ستی مایکێک که‌س ناکاته‌ ڕۆژنامه‌نووس.