نزیك بە سی ساڵە ئێمە حكومەتمان هەیە، حزبەكان لە شاخ هاتونەتە خوارەوە، بەشێكیش لە شار دروست بون.. كایەی نوێ دروست بونو كایە كۆنەكانیش بە بەرگی نوێ خۆیان نمایش دەكەن.
یەكێك لەو چەكانەی لە شاخ زۆر كاریگەرو پایەیەكی سەركەوتنی شۆڕشو راپەرین بوو، راگەیاندن بوو، بەڵام كە لە شاخ هاتە خوارەوە، ئەو چەكە نەگۆڕاو هەر بە دەنگەكەی شاخ درێژەی بە كاری خۆیدا.
بە مانایەكی دیكە: حزبەكانی شاخ نەیانتوانی لە شار ئاكاری خۆیان بگۆڕن و لە راگەیاندنیش هەمان فۆرمی نەڕە نەڕو هات و هاواریان دوبارە كردەوە، حزبەكانی شاریش نەیانتوانی فۆرمو ئەخلاقێكی جیاواز لە شاخی یە شارنشینەكان بهێننە كایەوەو شوێن ئەو عەوامگەلە هاتو هاواركەرە كەوتنو خۆیشیان كەڕ كردو خەڵكیش.
سی ساڵە راگەیاندنی شارمان هەیە، سی ساڵە حكومەتمان هەیە، سی ساڵە هەڵبژاردن دەكەین، سی ساڵە بەرنامەی هەڵبژاردنی حزبو بەرنامەی كاری حكومەت دەبینینو سی ساڵیشە پارلەمان هەیە.
توێژینەوەیەكی زانستی بكەین دەبینین:
لە سی ساڵ هەڵبژاردنو دە بۆ بیست حزب، یەك حزبیان لە بەرنامەی هەڵبژاردن باسی چۆنێتی رێكسختنەوەی كاری راگەیاندنیان نەكردوە
لە سی ساڵ حوكمڕانی، كارنامەی یەك كابینە بە گەردێكیش باسی راگەیاندنو كاریگەری راگەیاندنو چارەسەری دۆخی راگەیاندنی تیا نەكراوە.
پێویست ناكات بڵێیت بۆچی: چونكە میدیا مناڵێكی باستاردی حزبو دەسەڵاتەو ئەوەی ئەو باستاردە بۆی دەكات بە لەشكرو فەوجو عەسكەر ناكرێت
ئەمەش دەمانگەیەنێتە یەك راستی كە:
میدیا بە گشتی جەلادێكی نهێنیو شاراوەی حزبەكانە، بۆ چەواشە كردنی خەڵكو ئەگەر نەكرا بۆ شكاندنی شكۆی نەیارەكان.
خۆ ئەگەر برواشت نیە بە وردی سەیری بانگەشەی هەڵبژاردنەكانو میدیاو میدیاكارانی سەردەمی شەڕی ناوخۆو سەردەمی ناكۆكیەكان بكە، بزانە چۆن میدیا دەرونی خەڵكو ئێسكی نەیارەكانی هاڕیوە.
هیچ كەناڵێكیش لەم هاوكێشەیە بدەر نیەو هەموویان پێكەوە بونەتە جەلاد بۆ كۆمەڵ.. بەتایبەت ئەو كەناڵانەی ئێستا بەناوی كات بەسەر بردنو كەناڵی رۆشنبیری ئێسكی دەرونو بەهاو كەلتوری كۆمەڵ دەهاڕنو خەڵكیش بەدیاریانەوە دەم پان دەكەنەوەو كردویانن بە باوانێك بێ مۆراڵ بۆ مناڵەكانیان.
دڵنیابە تۆی نارازیو نیگەران لە حزب، كاتێك مناڵەكەت دەیەیتە دەست ئەم میدیا بێ ئاكارە پەروەردەیان بكەیت، ئەوا دەیدەیتە دەست شاگردەكانی ئەو حزبو دەسەڵاتەی لێی توڕەیتو دواتر نەوەیەك دەدەنەوە دەستت كە هیچی لەو كەسە ناچێت كە لە خەیاڵدانی خۆتدا چاوەڕێی دەكەیت، بۆیە دیسان دەڵێم: مناڵەكانت لە میدیای كوردی دوربخەرەوە تا لە داهاتودا تاكێكی پڕ بەهاو مۆراڵت بۆ پەروەردە ببێت.