سەردێر

شارە زیندووەكەی عیراق

«سوق الشیوخ» و «ساحە الحبوبی» و «جبایش»، ئەو ناوانەن لەگەڵ باسكردنیان زیندوویی شاری ناسریە دەگێڕنەوە بۆ یادەوەریی هەر كەسێك كە كەمێك شارەزایی لە مێژووی «خاكی سەواد» هەبێت.

هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی مێژووی سیاسی عیراق، ناسریە یەكێك بووە لە دیارترین ئەو شارانەی كە دەركەوتووترین بزاوتنی سیاسی رزگاریخوازانەی تێدا دروستبووە، لانكەی لەخۆگرتنی زۆرێك لەو كەسێتیانەش بووە كە تائێستاش جێ‌ پەنجەیان بەسەر مێژوویی سیاسی و ئەدەبی و هونەری عیراقەوە دیارە.

نۆیەم گەورەترین شاری عیراقە لەڕووی دانیشتوان و دەكەوێتە باشووری خۆرهەڵاتی وڵاتەوە، لەگەڵ ئەوەی لەسەر رۆخی روباری فوراتە، جەبایشیشی لەئامێزگرتووە كە بەیەكێك لە گەورەترین و سەرنجڕاكێشترین زۆنگەكانی عیراق دادەنرێت.

ژینگە جوگرافییەكەی پڕە لە ژیان و جوڵە، هەر ئەمەش وایكردووە لە مێژوودا زۆرێك لە جموجۆڵە سیاسییە رزگاریخوازەكان لەئامێزبگرێت و ببێتە ئیلهابەخش بۆ زۆرێك لەو بیرمەند و ئەدیب و نوسەر و هونەرمەندانەی كە لە مێژووی عیراقی هاوچەرخدا كاریگەرییان لەسەر كۆمەڵگە دروستكردووە.

لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی عیراقی لە ساڵی 1921، ناسریە وەك شارێكی زیندوو، بەشداریی لە زۆربەی شۆڕش و سەرهەڵدانە رزگاریخوازەكاندا كردووە، پشكێكی گەورەشی لەو زیانانە بەركەوتووە كە ناحەزان و دوژمنانی رزگاریخوازیی، بە پەراوێزخستن گەیاندوویانە بەو ناوچانەی زوڵم و ستەم و تۆتالیتارییان رەتكردۆتەوە.

ناسریە دەركەوتووترین شاری عیراقە كە لە دوای 2003وە، بەرەنگاریی رەوتەئاینییە كلاسییەكان بۆوە و خەڵكەكەی بەوپەڕی چاوقایمییەوە لە هەڵبژاردن و خۆپیشاندان و جموجۆڵە سیاسییەكاندا، دەنگی دلێری خۆیان بەرزكردەوە و داوای دامەزراندنی دەوڵەتێكی مەدنیان كرد.

گەر كەمێك بۆ مێژووی نزیك بگەڕینەوە، عەبدولموحسین سەعدون، ساڵح جەبر، یوسف سەلمان و یوسف، عەزیز سەید جاسم و چەندان ناوی كاریگەریی تر بەدی دەكەین، ئەو كەسێتیانە دەبینین كە ئاراستەی مێژوویان گۆڕیوە، یان هیچ نەبێت مۆركێكی تایبەت بە خۆیان لەسەر مێژووی هاوپەرخی وڵات بەجێهێشتووە.

ناسریە لە ئێستادا «ئور و لەگەش و ئەریدو و لیوای مونەتەفیك»ی لە گۆڕەپانی حەبوبییەوە لەكۆڵگرتووە ، دروشمی رەتكردنەوەی واقعی تاڵی ئێستای بەرزكردۆتەوە و چەندان قوربانی وەك «سەجاد عیراقی»شی پێشكەش كردووە كە پێناچێت هەروا بە ئاسانی نەك تەنیا حەبوبی، بگرە تەواوی گۆڕەپانەكە بۆ ئەوانەی جێبهێڵێت كە عیراقیان بەم رۆژگارە گەیاند.