سەردێر

هەرێم لەناو قەیرانێكی گەورەدایە

ئارێز عەبدوڵڵا

كێشە و گرفتەكان لە ژمارە نایەن، بەڵام باس هەر باسی بودجەیە!

ئایا بۆچی لەگەڵ عیراق گەیشتینە ئەو ئەنجامە؟ لێرەدا باسی لێوەناكەم، بەڵام ئەو ئاڵەنگاریی و هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەكییانەی چاویان نەك تەنیا لە حكومەت، بەڵكو لە قەوارەی هەرێمیش سووركردۆتەوە، زۆر و جددین.

كێ هۆكاری دروستبوونی ئەو ئاڵەنگاری و هەڕەشانەن، ئەوەش لێرەدا باس ناكەم، بەڵام ئەوەی دەمەوێت باسی بكەم، ئەو بێ باكی و كەمتەرخەمییەی دەسەڵاتدار و بڕیار بەدەستانە، كە باش هەستی پێ دەكرێت و دەبینرێت!

گوشارە نا دەستووریی و بێ ماناكانی هەندێك لایەنی عیراقی لە هەرێم و نیشاندانی بێمنەتی هەرێمیش یەك لە یەكیان خراپترن. ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە كە ناوەندەكانی بڕیار، بەتایبەتی هێزە سیاسییەكان هەڵوێستەیەك لە خۆمان بكەین؟

بەلامەوە سەیرە هەندێك لە حزبە سیاسییەكانی كوردستان لە ململانێ ناوخۆییەكاندا، هەمیشە تاكتیكی چاوەڕوان نەكراو و سوپرایزیان هەبووە و هەیە، بەڵام لەبەرامبەر هەڕەشەكانی دەرەوەدا ئەوەندە دەستەوەستان و دەستەمۆن؟

هەرێمی كوردستان تەنیا كێشەی بودجەی نییە، تەنانەت ئەگەر بەرمیلێك نەوت بگاتە 100دۆلاریش كێشەكە چارەسەر نابێت، چونكە گەرەنتی نییە تا سەر حكومەت بتوانێت بەو رێگایەدا بیفرۆشێت.

بەرژەوەندییە تایبەتییەكان، لە حزبەوە بگرە تا دەسەڵاتدارەكان، كورتبینی و هەلپەرستیی دۆخەكەیان بەم رۆژە گەیاند. ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە ستراتیژێكی نیشتمانی دابڕێژینەوە، بۆئەوەی لانیكەم هەڕەشە و ئاڵەنگارییەكان كەم بكەینەوە؟

بەلاشمەوە سەیرە هەندێك لایەنی سەرەكی و نا سەرەكی نایانەوێت لەم رۆژگارە سەختەشدا لێپرسراوێتییەكی نیشتمانی هەڵبگرن!

هەندێك كەس خۆیان بە سەرۆك و سەركردە دادەنێن، كەچی لە جیاتی لە خۆبوردوویی و دەستبەرداربوونی ئەو هۆكارانەی وڵاتیان گەیاندە ئەمڕۆ، لە هاووڵاتیەكی توندڕەوەی حزبی حزبیانەتر بیر دەكەنەوە و هەڵسوكەوت دەكەن.

بەڵێ، قەیرانەكە زۆر لەوە گەورەترە كە دەبینرێت، نادیدەگرتنی ئەو قەیرانە گەورەیە، نەهاتنە پێش بۆ دۆزینەوەی رێگەی چارەسەر، دەستبەردارنەبوونی ئەو عەقڵییەت و ئەو هەموو بەرژەوەندییە تایبەتیانە دەچێتە خانەی خیانەتی نیشتیمانییەوە.

قایل بوون بەو هەموو گوشارە نا دەستوورییانەی لایەنە سیاسییەكانی عیراق مەترسیدارە و پشت بەستنیش بە هەناردەكردنی نەوت ئەگەر ئەمڕۆش نەبێت بۆ سبەی مەترسیدارترە، بۆیە ئەم وڵاتە پێویستی بە جووڵەیەكی سیاسی- دیپلۆماسی گەورە و یەك دەنگییەكی نیشتمانیی بیستراو هەیە.

ئەو خەمساردی و بێباكییە تاكەی ئایا (بعد خراب البصرە) بە هۆش خۆمان دێینەوە و سەری پەنجەی خۆمان دەگەزین یان بەئاگا دێینەوە؟