سەردێر

بە ئەویتربونی کورد لە عێراق

دكتۆر سه‌ردار عه‌زیز

بە ئەویتربون یان بە ئەویدیکەبونی کورد لە عێراق پرۆسەیەکی بەردەوامە، هەتابێت زیاتر و زیاتر پەرە دەسێنێت. فۆکۆ چەمکی تەکنەلۆجیای خودی داهێنا، دەکرێت بە هەمان شێواز باس لە تەکنەلۆجیای ئەویتر بکەین. جیاوازی نێوانیان ئەوەیە، تەکنەلۆجۆیای خود، نەک تەنها ئەوانیتر، بەڵکو خودیش بەشێکە لە دروستکردنی. بەڵام تەکنەلۆجیای ئەویتر یان ئامرازەکانی ئەویتراندن دەکرێت بە گشتی لە لایەن ئەوانیترەوە بێت بۆ بە بابەتکردنی خودێکی دیاریکراو. ئەویتربون یان بە ئەویترکردن، ڕەنگە بە جۆرێک لە جۆرەکان بگەڕێتەوە بۆ بیرمەندی ناسراوی فەرەنسی سیمون دی بۆڤار، بەڵام ڕەگی دەگەڕێتەوە بۆ دیالیکتیکی ئاغا و کۆیلە لای هێگڵ.
زۆر بە سادەیی لە بەرامبەر ئەویتردا، خود هەیە. خود ئەویتر بەرهەم دەهێنێت، لە پرۆسەیەکی سیاسی و ئابوری و کەلتوری و دەرونیدا، دەکرێت هەموو ئەمانە لە تەکنەلۆجیادا کورتبکەینەوە. ئەم بە ئەویترکراوە، نەفرەتلێکراو و بوغزێنراوە، دەبێتە بەشێک لە بونیادنانی خود. ئێمە ئەمە بە زەقی لە ئەمڕۆی عێراقدا دەبینین. نوخبەی سیاسی شیعە، بە جەماوەرە توڕە و هەژارەکەیان دەڵێن، کوردستان هەموو داهاتەکانی ئێوە دەبات. بە مانایەکی تر هۆکاری هەژاریی و نەداریی و خراپی گوزەرانتان ئەوەیە کە زۆربەی داهاتەکەتان دەچێت بۆ کوردەکان. زۆرێک لە کوردیش هاوکارن لە دروستکردنی ئەم هەقایەتەدا. ڕەنگە هەر یەکێک ئامانجێکی تایبەتی هەبێت، بەڵام ئێمە لێرەدا لە کاریگەرە دوورمەودا و ترسناکەکانی دەڕوانین.
نوخبەی شیعە لێرەدا یارییەکی ئاسان و کۆن دەکات، یارییەک کە ڕەگی هەیە لە مێژوی مرۆڤدا. تاوانبارکردنی کەمینەیەک لە بەرامبەر هەموو کێشەکاندا. زەقترین نمونەی ئەمە تاوانبارکردنی جولەکەیە لە ئەوروپا بە بەرپرسیاربونیان بەرامبەر قەیرانی دارایی و ئابوری و سیاسی زۆرێک لە وڵاتەکان. لە ڕێگای ئەم تاوانبارکردنەوە زەمینەسازان بۆ سزادان و قڕ کردنیان. بەڵام ڕەنگە کەیسی جولەکە پەیوەست بێت بە سیستەمێکی تایبەتی سیاسی کە فاشیزم و نازیەتە. بەڵام ئەم پرۆسەیە لە دیموکراسیشدا ڕودەدات.
یەکێک لە پاڵنەرەکانی جیونۆساید لە سەدەی بیستدا دەوڵەت بوە. هێلین فین جەخت لە ئەوە دەکاتەوە کە جینۆساید زۆرجار پێداویستی دەوڵەتە وەک بەشێک لە پرۆسەی بونیادنان. دەوڵەت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت، ڕێگرەکانی لەناوبەرێت، ببێت بە سەروەر و مۆنۆپۆلی هەموو سەرچاوەکانی هێزبکات، بە گژ هەموو ئەوانیتردا دەچێتەوە و ڕەوایی دەدات بە دژایەتیکردنیان. ئەم دژایەتییە لە دۆخی مۆدرێندا بە ناوی خەڵکەوە دەکرێت. کاتێک کورد دەکرێت بە بەرپرسی هەژاربونی ملیونان خەڵک، بە بەرپرسی نەبونی سادەترین پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی ملیونان خەڵک. ئەوا دژایەتی کورد، بە ئەویترکردنی کورد، دەکرێت بە ناوی خەڵكەوە. لە دیموکراسیدا هەرشتێک خەڵک بە ڕەوای بزانێت ئەوا رەوایە. لەم ڕێگایەوە نوخبەی شیعە کەسێکی تر تاوانبار دەکات بە هۆکاری قەیرانەکانی خەڵك و خۆی لێ قوتار دەکات. لە هەمانکاتدا ئەم جۆرە سیاسەتە باجی نیە، هەروەها جگە لە خۆ دزینەوە، کارێکی ئاسانە.
ئەگەر شەڕی شیعە و سوننە پاڵنەرەکەی دێوزەمەی ڕژێمی پێشوو بوو، لە گەڵ پێشینەییەکی مێژویی ئاینی، ئەوا شەڕی کورد، بردنی سامانی وڵات و هەژارکردنی خەڵكی شیعەیە. ئەم ڕێچکەیە ئەوەنیە لە جێگایەکدا بوەستێت بەڵکو دەبێتە هۆکاری دروستبونی ڕقێکی گشتی. ئەم ڕقە گشتییە لە میانەی بەردەوامی ژیان و ئازاری ڕۆژانە، دوبارە و دوبارە دەبێتەوە، چیرۆک و نەرەتیڤ و حەقایەکی خۆی بەرهەم دەهێنێت. وەک سلاڤینکا دارکیلک دەڵێت، ئێستا تێدەگەم بۆچی ئەو هەموو جولەکەیە کوژران، هۆکارەکەی هیچی تر نەبوو جگە لە بە ئەویترکردنیان، ناونانیان، کورتکردنەوەیان بۆ ئەویتر. ئیتر پاش ئەمە هەموو شتێک ڕێگەپێدراوبوو، تەنانەت هۆلۆکۆست و کامپەکان.
دیارە هۆکاری تر هەن کە پاڵنەری مامەڵەی بەغدان لە گەڵ کورددا، هۆکاری جیوپۆلەتیکی و بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ و لاوازی کورد و هاوکاری هەندێک کورد لە خودنەفرەتی، خراپ ئیدارەدانی مەلەفی بەغدا و هەولێر زۆر هۆکاری تریش. بەڵام جیاوازی گەورە هەیە لە نێوان تەکنیک و ستراتیژدا. بەرپرسیارکردنی کورد بە هەژاری خەڵك، سەرەتای پرۆسەی لە مرۆڤخستنی مرۆڤی کوردە و ئەمەش بنەمای زۆر کاری ترە. بە ئەویتربوو، یانی نەفرەتلێکراو، بوون بە پاڵەوانی زۆر سەربوردە و هەقایەت کە وەک باوەڕ و ڕاستی بڵاودەبێتەوە و تەشەنە دەکات. لە نێو شیعەدا ئەو باوەڕە بونی هەیە کە لە کاتی هاتنەوەی مەهدی شەڕی لە گەڵ کورددا دەبێت.
اعتبر خطيب جامع براثا جلال الدين الصغير ان الكرد هم المارقة المذكورون في كتب الملاحم والفتن الذين سينتقم منهم الإمام المهدي حال ظهوره.

وقال الصغير في محاضرة له “إن أول حرب سيخوضها المهدي ستكون مع الأكراد، وانه لن يقاتل أكراد سوريا أو أكراد إيران وتركيا بل سيقاتل أكراد العراق حصراً”.

ئەم دۆخی بە ئەفسانەییکردنەی دوژمن بونی کورد، بنەمای بە ئەویترکردن و شەڕکردنیەتی، بۆ ناکۆتا. ئەم دۆخە لە راستیدا بۆ هەردوو خەڵکی ئاسایی کورد و شیعە ترسناکە و ئەوان دەبنە سوتەمەنی ئەم دۆخە. نوخبەی سیاسی شیعە بە بەردێک دوو چۆلەکە دەکوژێت، لە کاتێکدا کەسێکی تر بەرپرس دەکات لە هەمانکاتدا خۆی لە بەرپرسیارێتی پاک دەکاتە و هەوڵی ئەوە ئەدا کە خۆی بکاتە پاڵەوانی سزادانی کورد و خەمخواردنی بەرژەوەندییەکانی خەڵك.
ئەم دۆخە شوناسی شیعە لە تایفەوە دەگۆڕێت بۆ ناسیونالیزمێکی دەوڵەتیی. ناسیونالیزمێک کە تێکەڵە بە هەقایەتی دینی و ئەفسانەیی، لە پێناو زاڵبون بە سەر هەموو جیاوازەکانی ناو عێراقدا. ئەمە دەرخەریی ئەو ڕاستییەیە کە عێراق بۆ هەمیشە جێگای بێرە و بردەی پێکهاتەکانی دەبێت هەتا یەکێک زاڵ دەبێت و ئەوانیتر یان لەناودەچن یان کەمینەبونی خۆیاب قبوڵ دەکەن. سوننە ئەم هەوڵەی دا و ئێستاش شیعە لە سەر هەمان ڕێچکەیە. سوننە پاش شکستی لەم پرۆسەیە تێنەگەیشت هەوڵیدا نکوڵی لێبکات و لە ئەنجامدا بوو بە قوربانی. کورد دەبێت لەم پرس و پەیوەندییە وانە وەربگرێت.
لێرەدا چەند پێشنیارێک ئاماژە پێدەکەم.
یەکەم، پەیوەندی نێوان کوردستان و عێراق پەیوەندی هێزە. ئەمە مانای وەهایە کە پەیوەندیەکە پەیوەندی یاسا و دەستور و ماف نیە. دیارە یاسا و دەستور گرنگە، بەڵام لە دۆخی عێراقدا هێز یاسا بەرجەستە دەکات، لە هەمانکاتدا ڕێگریی لێدەکات. بۆیە بونیادنانی هێز بە مانا فراوانەکەی دەبێت پرۆژەی کوردبێت. هێز تەنها بریتی نیە لە هێزی چەکدار، بەڵکو هێز پێکەوەگرێدانی هەموو توانا جیاوازەکانە کە یەکەیەک هەیەتی لە میانەی کات و شوێندا، یان دەتوانێت بە دەستی بهێنێت لە میانەی پەیوەندی لە گەڵ ئەوانیتردا. هەندێک بنەمای هێز هەیە نەگۆرە، وەک خاک، سامانی سروشتی، کەلتور، مێژوو، هەندێکیشی گۆڕاوە وەک توانای ئابوری، تەکنەلۆجی، سەربازیی. لایەنەکانی کوردستان هێز لە بەرامبەر یەکتردا بونیاد دەنێن، نەک لە بەرامبەر ئەویتر. بۆیە پرۆسەی بونیادنانی هێز لە هەرێم، پرۆسەی لاوازییکردنە لە بڕی بەهێزبوون.
دووەم، دەبێت هەرێم بۆ ماوەیەک بتوانێت خۆی بژێنێت و لە میانەی ئەو کاتەدا کەمپەینێکی میدیایی بکات کە ئەو نایەوێت لە سەر داهاتی بەسرا بژی و نەهامەتی خەڵكی باشور هەرێم لێی بەرپرسیارنیە، چونکە ئەم پرسە کۆتایی نەیەت ئەوا وەک تۆپەڵە بەفری خلۆربوەوە هەتا بێت گەورە و گەورەتر دەبێت و دۆخی خراپی گەندەڵی و ئابوری باشور ئەیکاتە کارتێکی پۆپیولیستی هەرزان بۆ بەدەستهێنانی دەنگ. لە هەموو هەڵبژاردنێکدا گەورە و گەورەتر دەبێت.
سێیەم، پێش هەموو شتێک هەرێم ئەمە دەبێت وەک مەترسییەکی گەورەبوو لە داهاتودا ببینێت، هەر لە ئێستاوە چۆن خۆی لێ بپارێزێت. خۆ پاراستن بە ئاراستەی ناوەوە و دەرەوە دەبێت. گەندەڵی و خۆخۆریی ناوەکی، هەرێم زیاتر و زیاتر دەکاتە بابەتی ئەویتربون.