سەردێر

ژینگەی گشتی و میدیا

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ژینگە و میدیا دوو ڕووبەری تەواوکەری پێویستی یەکترن، وەک چۆن ژینگە دەتوانێت کاریگەری لەسەر پەیامی میدیا هەبێت، بەپێچەوانەوە میدیایش دەتوانێت ئاراستەی ژینگە بکات! و دەست بخاتە هەموو کونج و کەلێنەکانییەوە.

لە باشووری کوردستان، ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خزمەتێکی باش و گەورەیان بە مانەوە و بەردەوامی میدیا کردووە، هەرچی ژینگەی سیاسییە کە حیزب و هێز و لایەنە سیاسییەکان خوڵقاندوویانە و کارێکی ئەوتۆیان کردووە پارە و توانایەکی باشیان خستۆتە خزمەت میدیاوە، هەرچی ژینگەی کۆمەڵایەتییە کە تاکی کورد ژیانی پەیوەستکردووە بەژیانی سیاسی حیزبەوە، ناتوانێت لە میدیا دووربێت و هەواڵی تاک و ژیانی کۆمەڵایەتی تاکەکان چووەتەسەر شاشەی تیڤییەکان، بەمەش تاکەکان بەهایەکی گەورەیان بە میدیا بەخشیووە.

کۆنترۆڵکردنی ژینگە لەلایەن میدیاکانەوە، چەندە دەرئەنجامی بەهێزی ئەو پاڵنەرە ماددی و حیزبییەیە کە ئاراستەیان دەکات و لەپشت مانەوە و بەردەوامی میدیاکانەوەیە، بەهەمان ئەندازەیش کۆمەڵگا و تاکەکان دەرفەتی ئەوەیان بە میدیاکان داوە ڕووبەری گشتی کۆمەڵگا داگیر بکەن، ئەم دەرفەتە کۆمەڵایەتییە نەک جارێک و دوان بەڵکو چەندانجار لاوازو بێهێزە لەبەردەم هێزی کۆنترۆڵکردنی سیاسیانەی کۆمەڵگادا لەلایەن میدیادا.

لەساڵانی ڕابردوودا، بەهۆی ئەو کرانەوە مادییە زۆرەی ڕووی لەباشووری کوردستان کرد، میدیای کوردی بەئەندازەیەک ژمارەیان زۆر بوو، لە پێویستی و مەبەست و ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتمانیدا نەمایەوە و چووە حاڵەتی حەز و ویستی تاکە حیزبی و کەسی سیاسی و بازرگانەوە!، بۆیە تاکو چرکەساتەکانی ئێستا ئەو جۆرەی میدیا کە دەتوانێت ژینگەی کۆمەڵایەتی کوردستان داگیربکات، لەهەڵکشاندایە و ماددەش لەسەرچاوەی دەوڵەت و میرییەوە، بووەتە سەرچاوەی حیزب و تاکەکەس.

تاکو هاوڵاتی و تاکی کورد، چۆنێتی و چەندێتی ژیانی خۆی لە میدیا نانەتەوەیی و نانیشتمانییەکانەوە بزانێت، دەبێت بەردەوام دەست لەئەژنۆ! لەبەردەم شاشەی تیڤییەکاندا دانیشێت و گوێ بۆ ژیانی خۆی هەڵبخات، ئەو واقیعە وایکردووە تاکی کورد ناتوانێت بۆ ئەبەد میدیا کوردییەکان ببێزێنێت! و چیتر گوێیان بۆ ڕانەگرێت.

پێناچێت لە زەمەنێکی نزیکدا ئەم کەشوهەوا سیاسییەی میدیا لەباشووری کوردستان گۆڕانکاری بەخۆیەوە ببینێت، چونکە ئاسۆی گۆڕانکارییەکان ڕاستەوانە لە میدیاوە بۆ کۆمەڵگا و پاشان لە کۆمەڵگایشەوە دەگەڕێتەوە بۆ میدیا، واتە هێزێکی دەرەکی هێشتا بەدیلی میدیای کوردی نییە بۆ ئەوەی هەواڵە خۆش! و دڵخوازەکانی هاوڵاتیان بگەیەنێت و چیتر بینەری کورد لە میدیای کوردی نەڕوانێت.

کاتێک کۆمەڵگای کوردی لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، گوێی پڕ دەبێت بەهەواڵی میدیایی بەسیاسیکراو، ئەوکات کۆی گشتی کۆمەڵگا یەکجۆر هەواڵ دەبیستێت و کۆمەڵگا و ژینگەش پڕدەبێت لەیەکجۆر هەواڵ، بەمەش ڕووبەری گشتی کۆمەڵگا لەسەر یەک ئاست بیردەکەنەوەو لەیەک بار و جۆرو شێوەدا دەردەکەوێت.