سەردێر

بۆچی سەرۆك بارزانی بەئامانج گیراوە؟

محەمەد عەلی

بە درێژایی سەركردایەتیی (سەرۆك بارزانی) و رێبەرایەتیكردنی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان، ھەمیشە ئەو ڕێگەیەی ھەڵبژاردووە كە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی ھەرێم بكات، لە بەرامبەردا بەردەوام بووەتە ئامانجی دەزگا ھەواڵگرییەكانی وڵاتانی ھەرێمی.

 

لە دوای (٢٠٠٣) و پڕۆسەی ئازادیی عێراق، ئێران بە شێوەیەكی رەها توانیویەتی كۆنتڕۆڵی تەواوی خاكی عێراق بكات و ئەوەی بیەوێت ئەنجامی دەدات، تەنھا پارتی و بارزانی نەچوونە ژێر گوشار و ئەجێنداكانی ئێران لە عێراق، بە جۆرێك لە كاتی دەنگدان بۆ بەیاساییكردنی میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی)، پارتی لە پەرلەمان ئامادە نەبوو، ھاوكات كاتێك ھەموو ھێزە شیعییەكان و بەشێكی زۆری ھێزە سونيیەكان ئامادە بوون بۆ دەنگدان بۆ دەركردنی ھێزەكانی ئەمەریكا، جارێكی تر (سەرۆك بارزانی) دژایەتیی ئەم ھەنگاوەی كرد، چونكە باش دەیزانی لە بەرژەوەندیی كوردستاندا نییە، بۆیە ئەم ھەوڵانە، وەك شێوەیەك لە تۆڵەكردنەوە خۆیان دەنوێنن لە بەرامبەر ھەڵوێستە جێگیرەكانی سەرۆك، كە تەنھا مەبەستی بەرگریكردنە لە بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان .

 

لە سەروبەندی دەستپێكی ڕووداوەكانی سووریا، ئێران ھەموو ھەوڵێكی خستە گەڕ بۆ ئەوەی (سەرۆك بارزانی) ڕێگە بدات ھێزەكانیان خاكی ھەرێمی كوردستان بەكار بھێنن بۆ گەیشتن بە سووریا، بەڵام سەرۆك رەتی كردەوە، دواتر ئێران لە ڕێگەی (نووری مالیكی) سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی عێراق، گوشارەكانی دەست پێكرد، سەرەتا لە ڕێگەی پێكھێنانی ھێزەكانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە و ھێنانی ھێزێكی گەورەی سەربازیی پڕچەككراو بە ئاراستەی ھەرێمی كوردستان، دواتر پاشەكشەی لەناكاوی ھێزەكانی عێراق بەرامبەر چەكدارانی داعش، ھاوكات ھەرێمی كوردستانیان كردە دراوسێی دەوڵەتێكی تیرۆریستی بە مەودای ١٥٠٠ كیلۆمەتر، ئەوەی ئەم بۆچوونە پشتڕات دەكاتەوە، لەبری بەغدا، چەكدارانی داعش ڕوویان لە ھەولێر كرد و كۆتا ھەنگاویش بڕینی مووچە و بودجەی ھەرێم بوو.

 

ئەوەی جێگەی پرسیارە، بۆچی لەم كاتەدا سەرۆك دەكەنە ئامانج؟ بە دڵنیاییەوە ھۆكاری خۆی ھەیە، لە ئێستادا ئێران لە ھەموو كات گۆشەگیرترە، ئەوەتا وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسڕائیڵ ئاسایی كردووەتەوە و توركیاش بەم ئاراستەیە ھەنگاو دەنێت، لەلایەكی ترەوە بێئومێدبوونی ئێران نیشان دەدات بەرامبەر ئیدارەی نوێی ئەمەریكا، بە جۆرێك ئیدارەی سەرۆك (جۆو بایدن) ڕایانگەیاندووە، ناگەڕێنەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی، تاكو ئێران بەڵێن نەدات كۆتایی بە دەستێوەردانە ھەرێمییەكانی بهێنێت، جا ئەگەر رازی بێت، بە مانای تەواو گۆشەگیركرشنی دێت، بۆدەربازبوون لەم بارودۆخەش، ئێران مەبەستیەتی لە ڕێگەی عێراقەوە گوشار لە ئەمەریكا بكات، بەڵام ھەولێر و سەرۆك، لە بەردەم ئەم ھەنگاوەی ئێراندا ڕێگرن.

 

لە ھەرێمیش، دوای ئەوەی سەركەوتوو نەبوون لە خزاندنی ھەرێمی كوردستان بە گشتی بۆ ناو چوارگۆشە نەخشەكێشراوەكەی ئێران لە عێراق، ھەوڵەكانیان دەست پێكردووە بۆ تێكدانی یەكڕیزیی نێوان ھێزە سیاسییەكان و بەربەست دروستكردن لە بەردەم ھەنگاوە چاكسازییەكانی حكوومەتی ھەرێم و ھەڕەشەی بەدووئیدارەكردنی ھەرێم و گوشار خستنە سەر ھەرێم بۆ رادەستكردنی تەواوی داھاتەكان بە بەغدا، دواھەمینیشیان دروستكردنی كوتلەیەكی پەرلەمانییە بۆ فشار خستنە سەر ھەرێم بە ھاوكاریی باڵێكی یەكێتی ، بەڵام خۆڕاگریی ھەرێم بەرامبەر ئەم فشارانە، ئاستی فشارەكانی زۆر نزم كردووەتەوە و، زۆر روونیشە كە دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم فلیمەوە، (سەرۆك بارزانی) بكەنە ئامانج، كەوابێ ئەمە ھەوڵێكی نەزۆكی ترە بەرامبەر سەرۆك، كە بە دڵنیاییەوە ھیچ  ئەنجامێكی نابێت.