سەردێر

وێنە و كێشەی ئێمە!

ژوان ئەحمەد

یەكێك لە كێشە گەورەكانی میللەتی ئێمە تێنەگەیشتنە لە وێنە و گرنگی پەیامی وێنە و ئەو كاریگەریەی وێنە لەسەر مرۆڤ دایدەنێت، وێنەكە ستیڵ یان جوڵاو بێت!
وێنە خۆی پەیام و خۆیشی ئامرازە، لەم دونیای سۆشیال میدیایە پێویستی بە كەناڵی زەبەلاح نیە بۆ ئەوەی بڵاو بێتەوە، چركەیەك دەگات بە هەموو ئەوانەی تێیدەگەن یان تێیناگەن.
بڕوانە:
شیعە بە وێنە چ روخسارێكی جوانی بۆ ئیمامی عەلی دروست كردوە، تەنانەت سوننەكانیش پێی سەرسامن!
ببینە مەسیح تەنیا بە وێنە چ روخسارێكی فریشتە ئاسای بۆ عیسا و مەریەم دروست كردوە، تەنانەت موسوڵمانیش ناتوانێ رقی لێیان بێت!
ببینە چێ گیڤارا، تەنیا بە وێنە چ كاریگەریەكی لەسەر كۆی جیهان دروست كردوە! بۆتە سیمبوڵی چەپ و سادەییبون و شۆرش، هەزاران كەس هیچ لەسەر ژیانی نازانن بەڵام پێی سەرسامن و وێنەی دادەنێن!
نزيكتر لەوان
سەیركە ئالان ی مناڵ كە لە دەریادا خنكا چۆن بوو بە فریادرەس بۆ هەموو پەنابەران و كاریگەریەكی جیهانی دروست كرد؟
هەمو ئەمانە و سەدان و هەزارانی تر، بەڵگەیە لەسەر كاریگەری وێنە، ئەو شتەی ئێمەی كورد تێیناگەین!!
ئێمە ئێستا، رابردوو، مێژوو، هەمویمان تەنیا زارەكی یە، نە وێنە و نە بەڵگە بەكارناهێنین:
دانوستان دەكەین بەڵێنی زارەكی وەردەگرین!
قسە دەكەین تەنیا بە زارە و دواتر وەك مێژوو سەیری ناكەین!
ئێران چی دەكات:
دروست كردنی فیلمێك لەسەر قاسمی سولەیمانی و پاراستنی هەولێر، كاری ستراتیژی ئێرانە، هەڵقوڵاوی بروابونی تەواوی ئێرانە بە كاریگەری وێنە، دێت و تۆ بچوك دەكاتەوە كە لە بنەرەتدا هەر بچوكی و حاجی دەكاتە فریادرەس بۆت!
ئێران دەزانێت كارخانەی شكاندن و نابوت كردنی كورد لە كوێ یە، دەزانێت تەنیا پێویستی بەو فیلمەیە، ئیدی میدیا و خەڵكی ئاسایی كورد خۆی دەستاودەست بڵاوی دەكاتەوە و خۆیان دەبنە خۆخۆری یەكتر!
بارزانی لەوێدا تەنیا ئایكۆنێكە، ئەگینا ئەو سوكایەتیەی ئێران دەیكات بە هەموو كوردە، بەوانەش كە ڤیدیۆكەیان بڵاو كردۆتەوە و دەیكەنەوە.
لە هەمووی خەمتر تێنەگەیشتن لە وێنە و ئەو ڤیدیۆیەی خاجی نیە، بەڵكو خۆخۆری كوردە كە هەمیشە كلكی خۆی دەداتە دەست هەر كەسێك بۆیەوێ هەڵیسوڕێنی، نە بۆ پارەیە و نە دەسكەوت، بەڵكو بۆ شكاندنی كوردەكەی ترە!!
لەمەشدا رێبەران و سەركردەكان، بە بارزانیشەوە پێشەنگن بۆ خۆخۆری و بونە عەمیل و یەكتر شكاندن!
ئەوجا دەبێ بزانین ئێمە بۆچی لە زبڵدانی مێژووشدا جێمان نیە
بۆچی تائێستا ئاڵامان نیە…بۆچی هێشتا دەوڵەت نین و نابین