سەردێر

فەزای سیاسەت

هونەر تۆفیق

ترەمپ بە گاڵتە پێکردنەوە لە سۆسیال میدیادا بۆ گریتا تونبێرگی نووسی : ئارام بەرەوە کچۆڵە ، بڕۆ چاو لە فلمێک بکە ، توڕەییت کۆنتۆڵ بکە ، ئارام بە گریتا !
ئەوەش لە دوای ئەوەی گریتای شانزە ساڵە وەک چالاکوانێکی ژینگە پارێز داوای لە سەرۆکەکانی جیهان کرد شەرم بیانگرێت کە ناتوانن بڕیارێکی هاوبەش بدەن بۆ پاراستنی ژینگە و ئاشتی جیهانی .
دوای یانزەمانگ، لە کاتی توڕەبوونی دۆناڵد ترامپدا لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و دۆڕاندنی بە دیموکراتەکان . گریتا تویتێکی بۆ ترامپ کردووە و بەهەمان شێوەی ترەمپ پێ ی گوتەوە : ئارام بە ترەمپ ، بڕۆ چاو لە فلمێک بکە ، کۆنترۆڵی توڕەییت بکە ، خۆت ئارام بکەرەوە .
لەدژی بەرخودەکەی ترەمپ بەرانبەر بەو کیژۆڵە سویدیە، لەسەرتاسەری دنیاوە ، ملیۆنەها خەڵک لەڕێگای سۆسیال میدیاوە بوونە پشتیوانی گریتا، رێکخراوە ژینگە پارێزیەکەی بووە یەکێک لە ڕێکخراوە جیهانیە کاریگەرەکان، گریتا کاندیدە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ .
ئەم نمونەیە لە فەزای سایبەری و سۆسیال میدیادا دوو جۆر پۆپۆلیزممان نیشان ئەدات، پۆپۆلیزمێکی ترەمپیستانە کە لە فەزای سۆسیال میدیادا دەیەوێت پەیام و گوتارەکانی بگەیەنێت بە هەوادارەکانی،  پۆپۆلیزمێکی دیکەیان کە پرسێکە لەسەرتاسەری جیهانەوە مرۆڤایەتی لە کەسی گریتادا بەرجەستەی دەکات .
فۆکۆ کاتێک لێکۆڵینەوە لە مێژوو و پێکهاتەی گوتار دەکات ، پەیام دەکات بەچوار جۆرەوە، پەیامی پێغەمبەرایەتی کە قسە و بیرکردنەوەی خودا دەگەیەنن، پەیامی سیاسی کە قسە و بیرکردنەوەی دەوڵەت دەکەن، پەیامی پەروەردەیی کە میتۆد و ئایدیۆلۆژیای تایبەت بەخۆیان لەخەڵک دەگەیەنن،  لەگەڵ پەیامی فەلسەفە کە بیرکردنەوەی ئازاد و ئاشتیانەی خۆیان فێری خەڵک دەکەن .
سیاسەت لە فەزای سۆسیال میدیادا یەکێک لە سێ پەیامەکەی خودا ، دەوڵەت ، پەروەردە زیاتری پێ نیە، ناتوانێت پەیامی ئازادی و ئاشتی بگەیەنێت، چونکە سیاسی پۆپۆلیست هەرچەندە فەزای سۆسیال میدیای بۆ فراوان بێت کەچی بەپێ ی پێشینە سیاسیەکەی جیوگرافیایەکی دیاریکراوی هەیە کە دەبێتە سنوور بۆ دیاریکردنی ڕووبەری پەیامەکەی، بەڵام لەنمونەکەی گریتادا پۆپۆلیزم جیهانێکی بێ سنوورە، لەبەر ئەوەی پرسەکەی پرسی مرۆڤە بەر لەوەی پرسی سیاسەت بێت، بابەتەکەی بابەتی ئاشتی و ئازادیە کە بابەتی مرۆڤایەتیە .
هەر سیاسەتێک بابەتە سەرەکیەکەی مرۆڤ بێت وەک ئازادی و ئاشتی و خۆشگوزەرانی و ماف و دادپەرەوەری، لە فەزای سۆسیال میدیا ( پۆپۆلیزمی دیجیتاڵی ) دا دەشێت لەهەموو دنیادا، بەجیاوازی نەتەوە و کەلتورەکانەوە، پشتیوانی لێبکرێت، بەڵام ئەگەر بابەتەکەی ئایدیۆلۆژیا و سیاسەت بێت بە مجەڕەدی، لە مۆدێلە کلاسیکەکەی پۆپۆلیزمدا بچوک دەبێتەوە، وەک ئەوەی ترەمپ کە سەرۆکی دەوڵەتێکی گەورەی وەک ئەمریکاش بوو، بەڵام بەبەراورد بە گریتا یەک بە سەدی ئەو کچە منداڵە لە فەزای سۆسیال میدیادا جێگەی نەبوویەوە .