سەردێر

پرۆژەکەی یەکێتی مەترسی چی هەیە؟!

ئەحمەد سەید عومەر

کورد ئەلێ (هەوری هاوین ، پەڵەکەی چەندە رەش بێت، دەرەوێتەوە ئاسمان بەسافی و بەساماڵی دەردەکەوێت لە سەرەنجامدا..) هەر وەک چۆن لەنێوان قۆرنجی و مۆرنجی رەساسی هەیە! بێگومان لەنێوان دووئیداریی و ئەم سیستەمە مەرکەزیە سی دانە ساڵ پەیڕەودەکرێت لەهەرێمی کوردستان بەکردار سەلماوە سیستەمێکی شکستخواردوە، بۆ ئەمەش چارەسەرێکی مام ناوەنجی هەیە ئەوش پڕۆژەی لامەرکەزیە، بەدەر لەوەی وەک تێڕوانینێکی حزبی بڕوانینە پرسەکە یا پڕۆژەکەی یەکێتی، پێویستە وەک پرسێک کە بەمەبەستی ڕێكخستنی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان و كارگێڕییان لەهەرێمدا و پەرەپێدانیان، لەپێناو بەدیهێنانی پڕەنسیبی ناناوەندیەتی (لامەرکەزی) لە دابەشكردنی دەسەڵاتەكان بەمەبەستی ئاسانكاری و چاككردنی گەیاندنی خزمەتگوزارییە گشتیەكان بە هاووڵاتییان و پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەكانی دانیشتوانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانە لەسەر بنەمای دادپەروەری و شایستەبوون، ئەم جۆرە پرۆژەیە جۆرێک لەکێبرکێ دەهێنێتە کایەوە لەنێوان کۆی پارێزگاکان بەدەر لەوەی هاووڵاتیەکی سلێمانی و دهۆک پێویست ناکات بۆ ئیمزایەک سەردانی هەولێر بکەن.

ئەم نمونەی ئێستای هەرێم لەکوێی دونیا مۆدێلی ماوە؟! گەر نموونەیەکی شکستخواردووی لامەرکەزی هەیە دەی با ئێمەش ئەنتی پڕۆژەکەی یەکێتی بین! هەرچی نمونە ئەم دونیایە هەیە سەرکەوتنی پڕ لەخزمەتی بەدی هێناوە بەکەمترین ئەرک لەسەر شانی هاووڵاتی، لەبەر ئەوە دروستکردنی ئەم هەموو بیانووە بۆ هێشتنەوەی و قەتیس کردنی دەسەڵاتە وەک مەرکەز! سەرپەرشتیکردنی وەزیری ئەوقاف سەلماندی ئەو ڕاستیە کەهەرگیز باوەڕتان بە شۆرکردنەوەی دەسەڵات نیە! دەکرێ لەم مەلەفانەی ڕەهەندی نیشتمانی و نەتەوەیی هەیە وەک خۆی بمینێتەوە یان یەک سەرچاوەی بریاری هەبێ وەک پرسی پێشمەرگە و ناوەخۆ و سیاسەتی دەرەوە .

هەرچەند ئێستا تەنها لەڕواڵەت ماوە! بەڵام لەپرسی داهات و سەرچاوەکانی داهات پێویستە دەسەڵاتی تەواو بدرێت بە پارێزگاکان ، ئەمرۆ یان بەیانی ئەم پڕۆژەیە دەبێت بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە ، چونکە لەئەزمونی سی دانە ساڵەی حکومرانی هەرێم بەدەر لەوەی لەڕابردوو کۆمەلێک بەرپرس لەسلێمانی تێوەگڵاوە لەگەندەڵی و خزمەت نەکردنی ئەم شارە، بەڵام لەزۆر بواردا سلێمانی بەئەنقەست پشتگوێخراوە یەکێک لەهۆکارەکان هەمیشە سلێمانی دەنگی ناڕازی بووە بەدەر لە رەق و قینەی حزبایەتی بەرانبەر ئەم شارە ! کاتێک لەدهۆک لافاو ڕوویدا 3ملیۆن دۆلاریان بۆ سەرف کرا، کەچی لەدەربەندیخان بومەلەرزە روویدا تا ئێستاشی ، لەگەڵدابێت یەک فلسیان بۆ ئەم شارە خەرج نەکرد! بەدیوێکی تر بەشێک لەم کاراکتەرانەی لەڕابردوو ڕابەرایەتی یەکێتیان کردیە تێوەگڵاون لەگەندەڵی و بوونی بەرژوەندیان کە هەمیشە بێ دەنگ بوونە لەبەرانبەر نادادیەکانی بەرانبەر ئەم شارە ئەکرێت ، بەڵام دوای کۆنگرە دەنگێک هەیە ئەلێت: ستۆپ ئەم دەنگەش کارکتەرێکی گەنجی تازە هەڵکەوتووە ئەوەیش (لاهوری شێخ جەنگیە) پرۆژەی لامەرکەزی کارگێری و دارایی هەنگاوێکی گرنگە بۆ رزگارکردنی خەڵکی کوردستان لە “بێتوانایی حکومەت لەپێشکەشکردنی سادەترین خزمەتگوزاریەکان، ئەو پڕۆژەیە بۆ دژایەتی کەس نیە و یەکێکە لە هەنگاوەکان بۆ چاککردنی گوزەرانی خەڵک لەبەرئەوە بە پەلاماردانی هاوسەرۆک و تۆمەت و دروشمی بێ بنەما هەرگیز سەرکردایەتی یەکێتی لەو پرۆژەیە پاشەکشە ناکات”. بەڵێنەکانی کۆنگرە بۆ سیاسەتی یەکێتی لەئایندەدا ڕەنگە لێرەو لەوێ دواکەوتبێت ، بەڵام لەسیاسەت هەرگیز هیچ شتێک لەچاو تروکانێک ناێتە بوون ،بەتایبەتی لەم هەرێمە پرە لەکێشەی ئێمەدا ، گرینگ ئەوەیە یەکێتی نەدوا دەکەوێت نەکات بەفیڕۆ ئەدات وە نە لە بەڵێنەکانی پاشگەزبۆتەوە بەڵکو هەمیشە کاری چرو پڕ ئەکرێت بۆ بەدیهێانی خواستی شەقام و بەڵێنەکانی کۆنگرە بۆ گەرانەوەی ماف و شایستە داراییەکانی ئەم شارە . لەکۆتا ئەڵێم: پرۆژەکەی یەکێتی نەک مەترسی نیە بۆ سەر قەوارەکەی هەرێم ، بەڵکوو خزمەتی دۆخی هەریمیش ئەکات.