سەردێر

دوا رۆژەكانی ترەمپ

لەتیف فاتیح فەرەج

مەسەلە ئەوە نیە ترەمپ چۆن دەڕوات ، ئاكامی هەڵوێستە خەراپەكانی چی دەبێت و چەند ئەو سیما خراپە كار لە سیاسەتی ئەمەریكی دەكات، ئەوەش مەسەلەیەك نیە كە دۆناڵد ترەمپ و كۆمپانیاو كارە بازرگانیەكانی دوای رۆیشتنی لە كۆشكی سپی تووشی چی دەبن، ئەوە جێی پرسیارو جێی قسە لە سەر كردنە، دیموكراسیەتی ئەمەریكی و ئەو هەموو بانگەشەی لیبراڵیەت و دنیاخاوەنیەی ئەمەریكیەكان خۆیان پێوە بائەدا بۆچی لە پڕێك بەم دەردە برا.

پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئەم روحە شەڕەنگێزیە بەرهەمی چیە، ئایە ئەمە خۆڕسكە، ئایە ئەم بە مەهزەلە كردنەی دیموكراسیەت لە ئەمەریكا پەیوەندی بە كەوی كردنی مرۆڤەوە نیە، لەلایەن كەسێكەوە كە لە رێگەی پارەوە، یان هەر رێیەكی ترەوە دەیەوێت زەبرلە ماناكانی مرۆڤ بوون بدات، پرسیار ئەوەیە ئەوە چۆن كەسێك بە چوار ساڵ دەتوانێ‌ تەلارێكی 200 ساڵەی دیموكراسی بخاتە مەترسیەوە، ئەمە جێی پرسیارو هەڵوەستەیە ، ئایە ئەو هەموو قۆڵ و باسك قەویە سورو سپیە بۆ لە پڕێكا تەقینەوە، ئەمە دەبێت بكرێتە پرسیار بۆ هەموو ئەمەریكیەك لە هەر كوێ‌ بن و بۆ هەموو ئەوانەش كە سەرسامن بە دیموكراتیەتی ئەمەریكی.

سیاسیەكانی ئەمەریكا دەبوو لەو سوكایەتیەی بە فلۆید كراو كاردانەوەكانی ئەو كوشتنە هەڵوەستەی كردباو پرسیاری ئەوەیان كردبا ئەمەریكا بەرەو كوێ‌ ملدەنێت ، كوشتنەكەی فلۆید بەو جۆرەو بێهەڵوێستی ترەمپ لە بەرانبەر كوشتنەكەو نەبوونی هیچ پەیامێكی ئاكاری لەوەوە ، دواتر بەردەوام پاڵپشتی كردنی ئەو سورو سپیانەی خۆیان بە رەگەزەكە پیرۆزەكە دەزانن هەر ئەوەی بە دوادا دێت ، ترەمپ سەركەوتو بوو لەوە دا كە عەرەب و ئیسرائیلی لە سەر مێزێك كۆكردەوە، سەركەوتوبوو لەوەدا كە كۆچی مەكسیكیەكانی تا رادەی سفر كەمكردەوە ، ئەگەر كۆرۆنا نەبا بێكاریشی گەیاندبووە ئاستی سفر، بەڵام گیانی پێكەوە ژیان و یەكتر قەبوڵكردنی ئەمەریكیەكانی برینداركرد، درزێكی خستە پەیوەندی نێوان رەش و سپی و گەنمڕەنگەكانی ئەمەریكاوە، ئەوەش مەترسیە، راستە دەكرێت و دەشێت ئەم قۆناغە تێپەڕێت ، دەكرێت بایدن و دەسەڵاتی ئایندە شتەكان چاكبكەنەوە، بەڵام دەركەوت روحێكی شەڕەنگێزی مەترسیدار هەیە، لەو بارەیەوەو پێشتر من فیلمێكی ئەمەریكیم بینیوە، چۆن سپیەكان گروپ و دەستەی مەترسیداریان هەیە بۆ بە شەیتانكردنی ئەوانی تر.

تەنانەت مەترسیەكە بە جۆرێكە بەشێك لە كۆماریەكانیش “10” ئەندامی كۆنگرێس دەنگ بە خستن و دەركردنی ترەمپ دەدەن ، لە راستیدا رەنگە كۆماریەكان ئێستا بلچێن لەوەدا هەڵە بووینە كە بەربژێرەكەمان دۆناڵد ترەمپ بووە چوار ساڵ لەمەوبەر، هەرچەند ئەو كاتیش زۆر هەبوون دژی بوونە سەرۆكی ئەو پیاوە بوون، من ئێستاش بیرم لای وتارێكی تۆماس فریدمانە كە چوار ساڵ لەمەوبەر دژی ترەمپ و هاتنی ئەو بۆ كۆشكی سپی نووسیتی، بەڵام كێشە ئەوە نیە كێشە لێكەوتەكانی ئەو هەست و كەوتانەی ترەمپە ، دەنا خۆ ئەو ئێستاش ملیۆنان دەنگی هێناوە ، ئەوەشمان بیر نەچێت ترەمپ گەر دژایەتی میدیای لێدەركەی و لەوە گەڕێی كە درۆكانی بژمێری ئەو چوار ساڵە شتی زۆری كرد.

ئایە كۆماریەكان و دیموكراتەكان لە دوای رۆیشتنی ترەمپ دەتوانن درزەكە تا رادەی نەمان كەمبكەنەوەو توێژینەوەی ئەوە بكەن چۆن دەكرێت ئەم گیانە شەیتانی و توڕەیەلە ناو مرۆڤی ئەمەریكیدا لەناودەن كە ترەمپ هەبێت یان نا، ئەو بوونی هەیە. بەڵام ئەوەمان بیر نەچێت پێش ترەمپیش هەندێ‌ سەرۆك رووبەڕووی پرسینەوە بوونە و هەوڵدراوە بۆ چارەسەری درزەكە كێشەكە لە سەرۆكا كورت كرێتەوە.