سەردێر

توركیا و عیراق.. رێككەوتن بۆ لە قاڵبدانی كوردستان

نەرمین عوسمان

بەستی سەردانی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ توركیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، بۆ چەند تەوەر و مەبەستێك بوو، لەسەرووی هەمووشیانەوە پرسی ئابووری “بۆ عیراق بە مەبەستی خۆ ڕزگاركردن لە قەیرانی ئابووری” و بۆ توركیا “هەم ئابووری و تەوەری دیكەش كورد و پەكەكە و هەرێمی كوردستان” بوو.
باس و تەوەری ئابووریی جگە لە نەوت و هەناردەكردنی؛ بەشێكی بۆ كردنەوەی دەروازە یان رێگەیەكی دیكەی راستەوخۆ بوو لە توركیاوە بۆ بەغدا بەبێ ئەوەی بە زەویی هەرێمی كوردستان تێپەڕ ببێت. ئەو پرۆژەیە پرۆژەیەكی ستراتیژییە، یەكەمیان بۆ توركیا دووەم بۆ عیراق. 

ئەو دەروازەیە ناوی ئۆڤاكۆیە و لەو رێككەوتنەش وا دانراوە بەپەلە جێبەجێ بكرێت، چەند ساڵێكە ئەم پرۆژەیە لەلایەن بەغداوە دوادەخرێ بەهۆی مەترسیی لەسەر سەروەریی خاكی عیراق و پاراستنی ئەو ناوچانە لەلایەن هێزەكانی توركیاوە.

ئەو رێگەیە كورتترین رێگەیە لە ئۆڤاكۆ بەرەو تەلەعفەر  موسڵ و دواتریش راستەوخۆ بۆ بەغدا كە درێژییەكەی تەنها 120 كم. ئاڵوگۆڕی بازرگانیی عیراق و توركیا لە ساڵی 2018، 16 ملیار دۆلار بووە و لە ساڵی 2019، 20 ملیار دۆلار بووە، واتە رۆژ بە رۆژ بەرەو هەڵكشان هەنگاو دەنێت.

ئەم هێڵە بۆ توركیا ستراتیژییە لە چەند روویەكەوە:
یەكەم: كردنەوەی ئەو دەرگایە جۆرێكە لە ئابڵوقەی ئابووری بۆ سەر هەولێر، ئەوەش لەو كاتەوە زیاتر دەركەوت كەوا هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئەنجامدا و بەئاشكرا رەجەب تەیب ئەردۆغان هەڕەشەی داخستنی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلی كرد و راگەیاند توانای ئەوەیان هەیە كوردستان برسی بكەن.

دووەم: بۆ پەراوێزخستنی هەرێمی كوردستانە، چونكە لە روانگەی دەسەڵاتە داگیركەر و دیكتاتۆرەكانەوە دەبێت میللەتان برسی بكرێن بۆ ئەوەی بیر لە ئازادی نەكەنەوە.

سێیەم: هەروەها ئەو ناوچانەی ئۆڤاكۆ تا موسڵ، زۆربەی هێزی پەكەكەی لێیە، توركیا نیازی وایە بە بیانووی پاراستنی رێگە بازرگانییەكە، جەندرمە لەو ناوچەیە بڵاوەیان پێبكرێ و تەنگ بە هێزەكانی پەكەكە هەڵبچنن و لەو ناوە نایانهێڵن، هەروەها پۆلیسی پاراستنیش لەو ناوە دابنێن. لەلایەكی ترەوە دەرباز دەبن لەو باجەی كە هەرێم لە كاڵا و ئۆتۆمبێلەكانی وەردەگرێ و لە هەمووشیان گرنگتر ئەمە خنكاندنی ئابووریی هەرێمی كوردستان و لە قاڵبدانێتی.

چوارەم: رێگەی ئۆڤاكۆ دەبێتە شا رێگە و ئیبراهیم خەلیل بەهای ئابووری و بازرگانی كەم دەكات و لە شاڕێوە دەبێتە لاڕێ، لە رووی سیاسیشەوە ئەگەر راستەوخۆش نەبێ، بەڵام هەنگاوێكە بۆ بەدیهێنانی خەونی ئەردۆغان بۆ زیندووكردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی.

هەروەها بۆ هەمان مەبەست، توركیا دەكەوێتە كردنەوەی كونسوڵخانەی توركیا لە موسڵ، هەر بۆیەشە ئەو دەروازە بازرگانییە سیاسی و ئابوورییە، عیراقیش بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوورییە گەورەی ناوخۆ بە هەموو رێككەوتنێك رازی دەبێ؛چونكە ئەو قەیرانە ئابوورییە و كێشە ناوخۆییەكانی عیراق بەرەو داڕمانی زیاتر دەبات و دەگەڕێ لەدوای چارەسەرێك، تەنانەت ئەگەر زۆر بچوكیش بێ.

هەرچەند كردنەوەی رێگە و جێبەجێكردنی ئامانجەكانی توركیا و عیراق لە هەمبەر كردنەوەی دەروازەكە ئاسان نییە و نابێت و دەیان كۆسپی لە پێشە، بەڵام عیراق و توركیا چەند بۆیان بكرێت هەرێمی كوردستان لاواز دەكەن و مەرجەكانی خۆیانی لەسەر دەسەپێنن.