سەردێر

عێراق بڕیارێكی لە بەرژەوەندی خانەنشینان و مووچەخۆرانی هەرێم دەركرد

خەڵك-
دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق یاسای خانەنشینانی هەرێمی بە نادەستووری ناوبرد، ئەندامێكی پەڕلەمانی عێراقیش دەڵێت، عێراق حكومەتی هەرێم پابەند دەكات چاو بە مووچەی خانەنشینان و مووچەخۆراندا بخشێنێتەوە، مووچە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەران و مووچەخۆران بگەڕێنێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 23/11/2022 دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیارێکی لە بەرژەوەندی خانەنەنشینانی هەرێم دەرکرد و تیایدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی پابه‌ندكرد به‌ جێبه‌جێكردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق.

د. بڕیار ڕەشید، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، یاسای خانەنشینانی هەرێم جیاوازە لە هەموو ئەو یاسایانەی لە دونیادا پەیڕەو دەكرێت، لە هەرێمی كوردستان ستەمێكی گەورە لە خانەنشینان كراوە.

دەشڵێت،” بەپێی ئەو یاسایەی لە هەرێم پەیڕەو دەكرێت، بڕی ئەو مووچەیەی بۆ خانەنشینان دیاریكراوە، كەمترینی 200 هەزار دینارە، لەكاتێكدا لە عێراق 500 هەزار دینارە، دەبێت سەرجەم خانەنشینانی عێراق بەو یاسایەی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، بەڵام هەرێم خۆی جیا كردوەتەوە”.

ئاماژەی بە ئەوەش كرد، ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی یاسای خانەنشینی هەرێمی بە نا دەستووری ناوبرد و حكومەتی هەرێمی پابەند كرد بەوەی كە بە یاسای ژمارە 9 ی ساڵی 2014 ی هەمواركراو كار بكرێت.

دەشڵێت، عێراق بڕیاریداوە كە لە ئەمڕۆوە یاسای خانەنشینی عێراق لە هەرێم جێبەجێ‌ بكرێت و پێویستە حكومەتی هەرێم ڕێكخستنی دارایی بۆ بكات بۆ ئەوەی بەپێی یاسای بەركاری هەمواركراوی عێراق مامەڵە لەگەڵ خانەنشینانی هەرێم بكرێت، بەجۆرێك كە مووچەی خانەنشین لە 500 هەزار دینار كەمتر نەبێت.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، دادگای فیدڕاڵی ، حكومەتی هەرێم ناچار دەكات چاو بە مووچەی خانەنشینان و مووچەخۆراندا بخشێنێتەوە، مووچە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەران و مووچەخۆران بگەڕێنێتەوە.