سەردێر

ئەشكەوتی هەزار مێرد، ئەشكەوتی هەزار پیاو

 

خەڵك-

جوگرافیای كوردستان بە سروشت و جوانیی خۆی لە جیهان دا بەناوبانگە، ئەشكەوت ‌و پەناگەكانی لە مێژوودا بونەتە پەناگەیەكی باش بۆ مرۆڤەكان، بەتایبەتیش باشوری كورستان دەوڵەمەندە بە شوێنەواریی مێژووی، یەكێك لەو شوێنەوارە مێژووییە گرنگانە ئەشكەوتی هەزار مێردە.

ئەشكەوتی هەزار مێرد لە ریزە ئەشكەوتێك پێك دێت
ئەشكەوتی هەزارمێرد هەڵكەوتەكەی دەكەوێتە دامێنی چیای بەرانان بە دووریی ١٣ كیلۆمەتر لە باشوری ڕۆژئاوای شاری سلێمانی، لەگەڵ ئەوەی ئەشكەوتی هەزار مێرد قەبارەیەكی گەورەی هەیە، بەڵام ڕیزە ئەشكەوتێك هەیە، كە بەلای ڕاست و چەپی ئەشكەوتە گەورەكەدا دابەشبوون، بەشێوازێك هەموو ئەشكەوتەكان دەرگەكانیان دەڕوانێتە ڕۆژهەڵات، لە ژێر دامینی چیای بەرانان و ئەشكەوتی هەزار مێرد گوندێكی بچووك هەیە و ناوی “هەزارمێردە” ژیانی خەڵكی ئەو گوندە لەسەر كشتوكاڵ و ئاژەڵداریە.

دەڵین هەزار مرۆڤ لەو ئەشكەوتە جێ دەبێتەوە
لەسەر ناوی ئەشكەوتەكە چەند بۆچوون هەن، یەكێك لە بۆچوونە هەرە باوەكان ئەوەیە، كە مێژوونوسان و شوێنەوارناسەكان ئاماژەی پێدەكەن ناوی ئەو ئەشكەوتەكە لەوەوە هاتوە، كە ئەو ئەشكەوتە شوێنی هەزار مێری تیادا دەبێتەوە. واتا ئەوەندە فراونە جێی هەزاری پیاوی تیادا بووەتەوە و ناوەكەشی هەر لەوەوە هاتوە.

تیمیكی شوێنەوارناسی ئەمریكی كنە و پشكنینیان بۆ كردووە

ژنێكی لێكۆڵەر بە ناوی “گاردو” لێكۆڵینی لەسەر چاخی پێش زایین لە ساڵی ١٩٢٨دا كردوە. هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانیش لە ساڵی ١٩٩٨دا لێكۆڵینەوەیان لەسەر كردووە.

ANF Images

لە هەموو پشكنینەكانیدا سێ چین شوێنەوار دۆزراونەتەوە كە ئەمانەن

– چینی سەرەوە یاخود چینی یەكەم: لەم چینەدا كۆمەڵێك گۆزە، دیزە و ئیشی گڵی جۆراوجۆر دۆزراونەتەوە، كە زۆر كۆنن و مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێكی زوو، هەروەها سێ گۆڕیش دۆزراونەتەوە، كە یەكێكیان گۆڕی منداڵێكە و سێ گۆزەشی لەگەڵ نێژراوە، سێ پارچە ئاسنیش دۆزراونەتەوە، یەكێك لە پارچە ئاسنەكان سەری تیرە و دووانەكەی تر دوو پارچە دراون، یەكێكیان هیی سەردەمی بێزەنتییەكانە و ئەوی تریان هیی سەردەمی ساسانییەكانە.

– چینی دووەم: ئەم چینە، بە چینێكی تەنك دادەنرێت و بریتییە لە هەندێك بەردی سروشتیی ئەستێ.

– چینی سێیەم: لەم چینەدا ئێسكوپروسكی ئاژەڵ و باڵندە دۆزراونەتەوە لەگەڵ زۆرێك لە بەردی ئەستێ، مێژووكەیان دەگەڕێتەوە بۆ چاخەكانی ناوەڕاست. دوو تەور دۆزراونەتەوە، كە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٣٠ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا.

خاوەن مێژووێكی ٣٠-٥٠ هەزار ساڵەیە
ئەو بەردانە لەو ئەشكەوتانەدا دۆزراونەتەوە و لێكۆڵنیان لەسەر كراوە و ئەوە دەر دەخەن، كە مێژووی ئەو ئەشكەوتە دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی ٣٠ بۆ ٥٠ هەزار ساڵ پێش زایین. ئەو ئاسەوارانەی لەم ئەشكەوتە دۆزراونەتەوە لە ئەنجامی ئەو كنە و پشكنینەی شوێنەوارناس ساپیزەر كردویەتی لە ساڵی ١٩٢٦ بەشكیان هاوشێوەی ئەو ئاسەوارانەن، كە لە ئەشكەوتی شاندەر دۆزراونەتەوە و بەشێك لە بەردەكانی ئەو ئەشكەوتە هاوشێوەی بەردەكانی ئەشكەوتی زاوێتە و شەكەبەی فەڵەستنین.

لە گوندی هەزار مێرد بەدواوە ١٥ خولەك بە ئۆتۆمبیل بە ڕێگای خۆڵ چووین تا گەیشتنە نزیكەی ئەشكەوتەكە لەوێش ڕێگای ئۆتۆمبیل تەواو دەبێت، وا پێوست دەكات بە چەند ڕێگای باریك بە پێ بڕۆیت تا دەگەیتە ناو ئەشكەوتەكە، هەتا زیاتر بەرەو دەرگای ئەشكەوتەكە دەرۆێشتن زیاتر ماندوو دەبوین نەفەسمان تەنگ دەبوو، تا گەیشتینە دەرگای ئەشكەوتەكە، هەتا لە ئەشكەتەكە نزیك دەبووینە زیاتر گەورەیی و هەیبەتی ئەشكەوتەكەمان بۆ ئاشكرا دەبوو، گەورەیی ئەشكەوتەكە هەر لە دوورەوە دیارە، بەڵام كاتێك لێ نزیك دەبیتەو گەورەترە وەك لەوەی پێش بینی دەكەیت، دەرگای ئەشكەوتەكە بە قەبارەی نزیكەی ١٥-٢٠ مەتر فراونە لە لای ڕاست و چەپی ئەشكەوتەكە ئەشكەوتی بچووك هەن هەریەكەیان بە قەبارەی نزیكی ٥-٦ ماتر یاخود ٣- ٤ مەتر درێژیان هەیە.

ANF Images

ئەشكەوتی هەزارمێرد، ئەشكەوتێكی گەورەی دەم فراوانە، قووڵییەكی كەمی هەیە. لە لای راستییەوە پێنج ئەشكەوتی تر هەیە، بەڵام ئەمانە زۆر قووڵن و دەمەكانیان فراوان نییە، هەر بۆیە مرۆڤ ناتوانێت بە ئاسانی بچێتە ناویان و بگاتە كۆتاییەكەیان، ئەگەری ئەوە هەیە ئۆكسجین كەم بێتەوە و مەترسی دروست بێت بۆ سەر ژیان، مەگەر ئامێری ئۆكسجین بەكار بهێنرێت، ئەمە جگە لەوەی كە پاش ماوەیەك رۆیشتن لە ناویاندا زۆرێك لە باڵندە، بەتایبەتی شەمشەمەكوێرە هێرش دەهێنن و بەرەنگاری دروست دەكەن، سەرەڕای ئەمانە، رێگەی گەیشتن بە ئەشكەوتەكە رێگەیەكی خراپە و هەتا بە ئۆتۆمبیلیش نزیكبوونەوە لێی ئەستەمە.

هەڵكەوتەی ئەشكەوتی هەزارمێرد بە جۆرێكە، كە بەیانیان رۆژ هەڵ دێت راستەوخۆ یەكەم گزنگی خۆرهەڵهاتن دەیدات لە دەمی ئەشكەوتەكە و دەچێتە ناوەوە و هەتا چێشتەنگاو دەمێنێتەوە.

ئەشكەوتی هەزارمێرد، دووەم گەورەترین ئەشكەوتە لە كوردستانی عیراق لە دوای ئەشكەوتی شانەدەر. ئەم ئەشكەوتە نزیك دێی هەزارمێردە، كە دێیەكی زۆر كۆنە و لە زووەوە بەهۆی پەتای تاعون لە شوێنی خۆیان گواستویانەتەوە و هاتوونەتە خوار ئەشكەوتەكە.

پاشماوە دۆزراوەكانی ناو ئەشكەوتی هەزارمێرد، هێمایەكن بۆ بوونی كۆنترین ژیانی مرۆڤ لە كوردستان. ئەم ئەشكەوتی هەزارمێردە ناوی خۆی بە خۆیەوەیەتی، كە دەڵێن شوێنی هەزاری مێری تیادا دەبێتەوە، بۆیە پێی دەڵین، ئەشكەوتی هەزار مێرد، بەڵام بۆچوونێكی تریش هەیە دەڵێن، ناوەكەی لەوەوە هاتوە كە ئەم ئەشكەوتە هەزار چیرۆكی مێژوویی هەڵگرتووە، كە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە ٥٠ هەزار ساڵ، بەڵام لەبەر نەبوونی لێكۆڵینەوەی پێویست و پشتگوێخستنی، زۆرێك لەو چیرۆك و رووداوانە هێشتا نەزانراون.

ANF Images

هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار لە سلێمانی پەیوەندییان كردووە بە دوو زانكۆی جیهانیی كە پشكنین دەكەن لەسەر شوێنەوارە مێژووییەكان، ئەوانیش زانكۆی شیكاگۆی ئەمریكی و زانكۆی لیڤەرپولی بەریتانییە كە بێن و لێكۆڵینەوە بكەن سەر ئەشكەوتەكە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە.

بەپێی ئەو پشكنینانەی لە ساڵەكانی نێوان هەردوو جەنگی جیهانیی لەسەر ئەم ئەشكەوتە كراون، ئەوە دەركەوتووە كە ئەشكەوتەكە شوێنی مرۆڤە سەرەتاییەكان بووە و ناوەكانی ئەشكەوتەكە بە مانای گەورەیی یاخود پلەی سەربازیی یاخود تەڕی و فراوانی (مێرگ)، بەشی ناوەوەی ئەشكەوتەكە زۆر تەڕ و شێدارە و بە دیوار و بنمیچەكەیەوە شوێنی هەڵگرتن و پاراستنی خواردن دروستكراوە.
سەرچاوە/ANF

ANF Images