سەردێر

روونکردنەوەیەک لە وتەبێژی حکومەتی هەرێمەوە

خەڵک-
حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە دەست بە سەر چەند کێڵگەیەکی نەوتیدا گیرابێت لە کەرکوک و دەڵێت:” بەپێی دەستووری عێراق، سامانی گشتی هی هەموو خەڵكی عێراقە”.

جووتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:”حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە گوایە حکومەتی هەرێم بە پشتیوانی هێزی چەکداری، دەستی بە سەر چەند کێڵگەیەکی نەوتی بای حەسەن و داودگورگەی سەر بەکۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووکدا گرتووە و داگیری کردوون”.

دەشڵێت:”ئاشکرایە بە پێی دەستووری عێراق، سامانی گشتی هی هەموو خەڵکی عێراقە و هی کۆمپانیایەک نیيە. کۆمپانیای نەوتی باکوور چەندین ساڵە بەبێ هەبوونی یاسای نەوت و غاز، کار دەکات و دەستوور پێشێل دەکات. ئەگەر كۆمپانیای نەوتی باکوور، لە خەمی چارەسەکردنی کێشەکانە، با یاسای نەوت و غاز بە پێی دەستور تەشریع بکرێت”.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئەو هەڵمەتەی دژی هەرێم دەستپێکراوە بە سیاسی ناودەبات و دەڵێت:” هۆکارەکەی سیاسییە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نیە و ئەو تۆمەتانەی دژی هەرێم بڵاویدەکەنەوە، دوورن لە ڕاستییەوە و تەنیا بۆ دروستکردنی ئاژاوە و دژی مافەکانی خەڵکی کوردستانە”.





هەلبژاردە

گرنگترینەکان