سەردێر

پوتین و ماکرۆن بە تەلەفون قسەیان کرد

خەڵک-

کۆشکی کرملین بڵاویکردووەتەوە کە ڤلادیمیر پوتین و هاوتا فەڕەنسییەکەی، ئیمانوێل ماکرۆن بە تەلەفون تاوتوێی پشهاتەکانی ئۆکراینا و ئاسایشی خۆراکی جیهانیان کرد و پەیوەندییەکەیان زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاندووە.

کۆشکی کرملین راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە کە ، پوتین و ماکرۆن پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا، پوتین ئاماژەی به‌ جەنگی وڵاتەکەی لە ئۆکراینا کردووە و رایگەیاندووە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا بێ دەنگن لە بەرامبەر تاوانەکانی جەنگ کە سوپای ئۆکراینا ئەنجامی دەدات.

هەر لە پەیوەندییەکەدا ڤلادیمیر پوتین دوایین پێشهاتەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بۆ پاراستنی دۆنباس و دەربازکردنی مەدەنییەکانی لە کارگەی ئازۆڤیستاڵ بە ئیمانوێل ماکرۆن راگەیاندووە.

پوتین ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەرچەندە کیێڤ خواستی نییە بۆ گفتوگۆ، بەڵام روسیا ئامادەیە بۆ دانوستان.

هەروەها میدیاكانی فه‌ڕه‌نساش بڵاویانکردووەتەوە کە پەیوەندییەکەی ماکرۆن و پوتین دوو كاتژمێر و ١٠ خولەکی خایاندووە.

رۆژی ٢٤-٢-٢٠٢٢، رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ئۆکراینا دەستپێکرد و لەو کاتەوە تا ئێستا شەڕو پێکدادانەکان بەردەوامیان هەیە، چەند وڵاتێکیش سزایان بەسەر روسیادا سەپاند.