خەڵك –
لەئێستادا بەشێك لە نانەواخانەكان 8 نان و هەندێكیان 6 نان بە هەزار دینارە و سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت ، كار لەسەر پرۆژەیەك دەكەن بۆ هەرزانكردنی نان بەشێوەیەك لە هەندێك نانەواخانە 8 نان ببێت بە 500 دینار.
سیروان محەممەد ، سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرۆژەیەكیان بەدەستەوەیە بۆ هەر گەڕەكێكی سلێمانی نانەواخانەیەك یان كولێرە فرۆشێك دیاری بكەن و مانگانە ئاردی پێویستی بۆ دابین بكەن، تاوەكو ئەوانیش هەشت نان یاخود هەشت كولێرە بە 500 دینار بفرۆشن بە هاووڵاتیان.
ڕاشیگەیاندووە، لە مانگی چواردا پرۆژەكەیان جێبەجێ دەكەن، بەهیوان حكومەتیش پلانی هەبێت بۆ دابەشكردنی ئارد بەسەر سەرجەم نانەواخانەكان بەنرخێكی رەمزی، ئەو نانەواخانانەی ئەو پڕۆسەیە دەیانگرێتەوە ئەو 500 دینارەی وەریدەگرن بۆ كرێكارەكان و كرێی دووكان و هەندێ پێداویستی دیكە دەبێت.
ئەمە لەكاتێكدایە ، لە ئێستادا خاوەن نانەواخانەكان نارەزایی دەردەبڕن لە گرانی نرخی ئارد و پێداویستیەكانی تر لەبەر ئەوەش جیاوازی نرخ بەدیدەكرێت، لە بەشێك لە نانەواخانەكان 8 نان و هەندێكیان 6 نان بە هەزار دینارە.