خەڵك –
وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری حكومەتی هەرێم، داوا لە هاوڵاتییان دەكات لە 45 هەزار دینار زیاتر قەرزی ئاو نەدەن، تەنانەت ئەگەر زیاتر لەو پارەیەشیان بۆ هاتبێتەوە، دەشڵێت ،” بڕیارەكە تەنها ئەوانە دەگرێتەوە، كە پێوەری زیرەكی ئاویان بەستووە”.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، كە هەر هاوبەشێكی ئاو كە پێوەری بەستووە، ئەگەر بۆ مانگێك هەرچەند پارەی ئاوی بۆ هاتبێتەوە، لە مانگێكدا 150 هەزار دیناری بۆ گەڕابێتەوە، لە 45 هەزار دینار زیاتر نادات و بڕیاری لێخۆشبونیش دەیگرێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، بڕیاری لێخۆشبوونی 15%ی قەرزی ئاو بۆ ماوەیەكی دیاریكراوە و درێژ ناكرێتەوە، بۆیە فەرمانگەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان داوا لە هاووڵاتییان و ئەو هاوبەشانە دەكەن كە قەرزاری كرێی ئاون، تا زووە سەردانیان بكەن و لە بڕیارەكە سوودمەندبن، بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیش هەموو كارئاسانییەك دەكەن.
ئاشكراشیكردووە، كە هەولێر زیاتر لە 2400 هاوبەش سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاویان كردووە و سوودمەندبوون لە بڕیاری لێخۆشبوونی 15%ی قەرزی ئاو.