سەردێر

ئێران، هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ سنوورەكانی هەرێم دەكات

خەڵك-

جێگری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی عێراق توانای كونتڕۆڵكردنی ئۆپۆزسیۆنی ئێران نییە و ناچارین لە ڕێگای سەربازییەوە بەرگری لە سنوورەكانی خۆمان بكەین.
ئیبراهیم ڕەحیم پوور جێگری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، لەباری هەڵكەوتەی جوگرافیاییەوە ئێران وڵاتێكە كە دراوسێی زۆری هەیە و لەگەڵ 7 وڵات سنووری زەمینی و لەگەڵ 8 وڵات سنووری ئاویی هەیە، ئێمە 15 دراوسێمان بە بیر و هزری جیاوازەوە هەیە.

وتیشی”بەرپرسانی حكومەتی عێراق كونتڕۆڵی تەواویان بەسەر هەرێمی كوردستانەوە نییە و ئەمەش سروشتییە و بڕیارەكان هەرچەندە بدرێن، بەڵام جێبەجێی ناكەن”.

ئاشكراشیكرد، ئێمە دەتوانین بەگوێرەی یاسا نێو دەوڵەتییەكان دانوستانی ڕاستەوخۆ یان شەڕ لەگەڵ ئەو گرووپانە بكەین.

ڕوونیشیكردەوە، كاتێك حكومەتی عێراق توانای كونتڕۆڵكردنی دۆخەكەی نییە بە واتای ئەمەیە كە بەپێی ڕێككەوتنەكان مۆڵەتمان پێدراوە لە ڕێگای سەربازییەوە بەرگریی لە سنوورەكانی خۆمان بكەین.