سەردێر

بۆن و بەرامەی زبڵ بەشێک لەکۆڵانەکانی سلێمانی تەنیوە

سلێمانی – نزار جەزا

“شەو هاتمەوە ماڵەوە بۆنی زبڵ کۆڵانەکەی تەنیبوو، تەواو پێی بێزاربووم، زبڵی چەند ڕۆژی ڕابردووی ماڵەکان هەمووی لەبەردەگا کۆکرابوونەوە و شارەوانی نەهاتبوو کۆیکاتەوە”، ئەمە وتەی هاوڵاتییەکی گەڕەکی زەرگەتەی کۆنە.

 

کۆکردنەوەی زبڵ لەسلێمانی دراوە بەچەند کۆمپانیایەک، بەڵام ئەمانە سستی لەکارەکانیاندا هەیە و ئەرکی خۆیان بەباشی جێبەجێناکەن، بۆیە هەندێک لەکۆڵانەکانی سلێمانی پڕبووە لەزبڵ و پاکیناکەنەوە.

 

لەگەڵ ئەوەی زبڵی کۆڵانەکان بەباشی کۆناکرێنەوە، چەند کۆمپانیایەکی دیکەش لەکۆتایی مانگدا ژمارەیەک کوڕ و کچی گەنج دەنێرنە کۆڵانەکان بۆ کۆکردنەوەی پارەی زبڵ لەهاوڵاتییان و پێیان دەڵێن:” پێنج هەزار دیناروەک کرێی کۆکردنەوەی زبڵەکەتمان بەرێ، ئەگەرنا بەقەرز بۆت دەنوسین”.

 

نزار جەلال بەڕێوەبەری بەشی خزمەتگوزارییەکان لەشارەوانی سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئەو کۆمپانیایەی ئەرکی پاککردنەوەی زبڵە، ئاگادارکراوەتەوە کارەکانی خۆی ڕێکبخاتەوە، بەڵام بیانووی ئەو ئەوەیە کرێکارەکانیان ئیشەکانیان جێهێشتووە و کرێکاریان کەمە.

 

وتیشی: ئێمە بەکۆمپانیاکەمان وتووە، ئەوە بیانووە پەیوەندی بەشارەوانییەوە نییە، بەڵکو دەبێت خۆیان چارەسەری بکەن، بۆئەوەی خەڵکیش گلەیی لەشارەوانی نەکات.

 

ئەوەشی وت: تەنانەت داوامانکردووە، ئەگەر بەم جۆرە کاربکەن کاری کۆکردنەوەی زبڵی سلێمانی لەو کۆمپانیایە وەربگیرێتەوە، چونکە ناکرێت زبڵی بەردەم ماڵی هاوڵاتییان پاکنەکرێتەوە، چونکە ئەوان لەبارەمبەر ئەو کارەدا پارە وەردەگرن.

کۆمپانیای هەرێم کە بەرپرسیارە لەکۆکردنەوەی زبڵی ناوشاری سلێمانی، بەپێی خشتەى کارکردنیان دەبێت هەموو ڕۆژێک کۆڵانەکان پاکبکرێنەوە.

 

بەهمەن سەڵاح، لێپرسراوی ئیدارە و تەکنەلۆژیای زانیاریی کۆمپانیای هەرێم بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، تیمەکانیان بەردەوامن لەکاری خۆیان و ئاگادارنین ئەو کێشەیە لەهیچ گەڕەکێک دروستبووبێت، ئەگەریش شتێکی وا هەبێت ئەگەر کەمتەرخەمی بەدیبکەن بێگومان سزای کارمەندی کەمتەرخەم دەدەن، ئەگەریش کەمتەرخەمیەکە لەکۆی کۆمپانیاکەوە بێت، بێگومان شارەوانی سزای کۆمپانیاکە دەدات.

 

باسی لەئەوەشکرد، هەموو ئۆتۆمبێلەکانیان ئامێری GPSیان پێوەیە، بۆیە ئێستا سەیری داتاکانیان دەکەنەوە و تیمێکی مەیدانیش دەنێرن بۆ گەڕەکی زەرگەتەی کۆن، بۆئەوەی بزانن گرفتەکە چییە و چارەسەری بکەن.

 

ئەوەشی خستەڕوو، کۆمپانیاکەیان کێشەی کەمی کارمەند و کەمی ئۆتۆمبێلیان نییە و یەکێکن لەکۆمپانیا پێشکەوتووەکان، کە ئامێر و کەرەستەی پێشکەوتوویان هەیە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە پاککردنەوەی زبڵی کۆڵانەکان یەکێکە لەخزمەتگوزارییە زۆر سەرەتاییەکانی هەر حکومەتێک کە پێویستە پێشکەشی هاوڵاتییانی بکات، بەڵام بەهۆی بێپلانی حکومەتی خۆجێی سلێمانییەوە ئەم ئەرکەش وەک پێویست جێبەجێناکرێت.