سەردێر

جەنگی كەشتییەكان دەستیپێكردەوە

خەڵك

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ لێدوانی ئیسرائیلییەكانی رەتكردەوە لەبارەی دەستهەبوونی ئێران لە هێرشكردنەسەر كەشتییەكی بازرگانیی ئیسرائیلیی لە دەریای عەرەب لە رۆژی پێنج شەممەدا كە بوو بەهۆی مردنی 2 ئەندامی تیمی كەشتییەكە.

سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا داوای لە ئیسرائیل كرد ئەو جۆرە تۆمەتانە رابگرێت.

راشیگەیاند ئەمە یەكەمجار نییە ئیسرائیل ئەم تۆمەتە راستەوخۆیانە ئاڕاستەی ئێران دەكات، بۆیە ئەمە راست نییە، هەرچەندە هیچ كاتێك ئێران دوو دڵ نەبووە لە بەرگریكردن لە بەرژەوەندییە ئاسایشیی و نەتەوەییەكانی خۆی.

لای خۆیەوە حكومەتی ئیسرائیل رایگەیاندبوو كە ئێران لە پشت كردنە ئامانجی كەشتییەكی بازرگانیی ئیسرائیلەوەیە لە دەریای عەرەب.

رۆژی پێنج شەممەی رابردوو كەشتییەكی ئیسرائیلیی هێرشیكرایە سەر لە دەریای عەرەب و لای خۆشییەوە كەناڵی عالەم زمانحاڵی فەڕمیی ئێران بڵاویكردەوە كە ئە هێرشەی لە وەڵامی هێرشێكی ئیسرائیلی بووە بۆ سەر سووریا.